یەحیا ڕەسوڵ‌: بەردەوامین لە كۆبوونەوەكان بۆ دوورخستنەوەی هێزەكانی ئەمریكا

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند، دوێنێ ئێوارە لیژنەی باڵای سەربازی عێراق كۆبوونەوەكانی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان دەستپێكردووەتەوە، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی سەربازی و ئاستی مەترسیەكان و توانای هێزەكانی عێراق، هەردوولا ڕێككەوتوون لە بەردەوام بوونی كۆبوونەوەكان.

یەحیا ڕەسوڵ‌ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەی بەغدا و واشنتن بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ڕاگەیەندراوێكى بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئێوارەی دوێنێ لیژنەی باڵای سەربازی عێراق كۆبوونەوەكانی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەغدا دەستپێكردەوە، بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سەربازی و ئاستی مەترسییەكان و ژینگەی ئۆپەراسیۆنەكان و تواناكانی هێزە چەكدارەكانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە پشتبەستن بەو كۆبوونەوانە، خشتەیەكی كاتی دادەڕێژرێت بۆ كەمكردنەوەی ڕاوێژكاران و شارەزایان تا دەگاتە كۆتاییهاتنی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.

ڕوونیكردەوە، ناو بە ناو كۆبوونەوەكان بەڕێوەدەچن، بۆ تەواوكردنی كارەكانی لیژنەكە بە خێرایی.

پێشتر میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، كە سێ لیژنە لە نێوان بەغدا و واشنتۆن پێكهێنراون، بۆ تەواوكردنی كشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌ لە عێراق، دوێنێش هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر درێژەدان بە كۆبوونەوەكانی نێوان بەغدا و واشنتن لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا.

جێگەی ئاماژەیە، سەرەتایی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق لە بارەی دوورخستنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كۆبوویەوە، بەڵام هەریەكە لە كورد و سوونە، جگە لە دوو پەرلەمانتاری كورد بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، لە كۆتایدا پەرلەمان بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكیدا بۆ چاودێری كردنی دانووستانەكانی بەغدا و واشنتن.

هـ.ئ

Comments are closed.