مامۆستایانی ژن: تا جێبەجێ کردنی داواکارییەکانمان لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکان دەبین

قەڵادزێ

دەربڕینی ناڕەزایەتیی مامۆستایان بۆ داواکردنی مافەکانیان بەردەوامە، ژنانیش ڕۆڵی پێشەنگایەتیی دەگێڕن لەو چالاکییانەدا و وەکو خۆیان دەڵێن: ژمارەمان لە پیاوان زیاترە و تا جێبەجێ کردنی داواکارییەکانمان لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکان دەبین.

بێدەربەستی حکومەت و داوای ڕەوای مامۆستایان زیاتر لە پێنج مانگە مامۆستایانی لە سنوورى سلێمانى، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، گەرمیان و کۆیە هێناوەتە سەر شەقام و دەرگای خوێندگاکانی داخستووە، مامۆستایان بە یەکدەنگ هاوار بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانیان دەکەن و حکومەتی ماوە بەسەرچوی هەرێمی کوردستانیش بە هەڕەشە و فشار هەوڵی شکاندنی بایکۆت دەدات، ژنانیش وەکو هەمیشە و لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشەیان کردوە و ڕەنگێکی زیندویان بە خۆپیشاندانەکان داوە و بە پێداگریەوە داوای مافەکانی خۆیان دەکەن.

ڕۆژی ١٣ـی مانگی ئەیلوولى ساڵى ڕابردوو زەنگی خوێندنی ساڵی نوێ لێدرا، بەڵام هاوکات مامۆستایانی هەمیشەیی و گرێبەست و وانەبێژ زەنگی بایکۆت و ناڕەزایەتییان لێدا، بەشێک بەهۆی نەبوونى مووچە و بەشێکیشیان بەهۆی دانەمەزراندنیان، لەم بارەیەوە مامۆستایانی ژن لە شارۆچکەی قەڵادزێ لە ئیدارەى ڕاپەڕینى سەر بە سلێمانى بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئارا بەکر
ئارا بەکر

مامۆستا ئارا بەکر وتی، ژمارەیەکی زۆری مامۆستایانی ژن بەشدارن لە خۆپیشاندانەکاندا دەکەن و ڕۆڵی پێشەنگ دەبینن بۆ داواکردنی مافەکانیان، سەرەڕای ئەو هەموو ئەرکەی لەسەر مامۆستایانی ژنە مافێکی کەمیشمان پێدراوە، بۆیە خۆشبەختانە بووینەتە پێشەنگ و بەردەوامیش دەبین تا ئەو کاتەی دەگەین بە مافەکانمان.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەش کرد، هەر شۆڕشێک ژن تێدا بەشداربێت بەدڵنیایەوە سەرکەوتوو دەبێت، بۆیە زۆر جێگای خۆشحاڵیە، کە ژنانی دەڤەری پشدەریش بوونەتە پێشەنگ لەو شۆڕشە وە هەمیشە پێشەنگیش دەبین تائەو کاتەی دەگەین بە مافەکانمان، بۆ ئێمەی ژنان جێگای دڵخۆشیە ئەو هەموو مامۆستە ژنە بوێرە لێرە بەردەوامن بۆ داواکردنی مافەکانیان.

بێخاڵ حەمە دەمین
بێخاڵ حەمە دەمین

بێخاڵ حەمە دەمین مامۆستایەکی دیکەیە و سەبارەت بە هەمان بابەت وتی، ژنان ئامانجیان پەروەردەکردنی نەوەیەکی ئازا و بوێرە، لە هەموو شۆڕشەکاندا و لە هەموو کاتێکدا ژنان پێشەنگی کۆمەڵگە بوون و دەبن، ژنانی مامۆستا خوێندکارەکانیان وەکو منداڵی خۆیان دەبینن، ژنان دوو بەرامبەری هەرکەسێک ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا زیاترە.

لە کۆتای قسەکانیشیدا بێخاڵ وتیشی،  من وەکو دایک، بەڕێوەبەر، مامۆستا و وەکو ژنێک لە شەقامم، چونکە ڕۆڵێکی زۆر گرنگمان هەیە و ژیان بەبێ ژن بەڕێوەناچێت، هەر بۆیە داوا لە سەرجەم ژنان دەکەم، کە بێن و شانبەشانی مامۆستایانی ژن بوەستن و داوای مافەکانی خۆیان و منداڵەکانیان بکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.