ئیسرائیل دوو بارمتەى وڵاتەکەى لە شاری ڕەفح ڕزگار كرد

ناوەندی هەواڵەكان

لە ٨ـی ئەم مانگەوە سوپای ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر شاری ڕەفح لە باشووری كەرتی غەزە دەستپێكردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو بارمتەى ئیسرائیلییان لەو شارە ڕزگار كردووە، كە حەماس لە ٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە ڕفاندبوویانن.

سوپای ئیسرائیل لە بارەی ڕزگاركردنی دوو بارمتەى وڵاتەکەیان لە شاری ڕەفح ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆیاندا بۆ سەر چەند ناوچەیەكی شاری ڕەفح لە باشووری غەزە دوو بارمتەى ئیسرائیلییان لەو شارە ڕزگار كردووە، كە حەماس لە ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە ڕفاندبوویانن، هەردوو بارمتەکەش لە دۆخێكی تەندرووستیی باشدان.

ئاماژە بەوەش كراوە، بارمتە ڕزگاركراوەكان ناویان فێرناندۆ سایمن مارمانە، کە تەمەنى ٦٠ ساڵە و ولۆوس هاری تەمەنى ٧٠ ساڵە، ڕاستەوخۆ گەڕێندراونەتەوە ئیسرائیل و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

 ئەو دوو كەسە لە ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە لە لایەن حەماسەوە لە كۆمەڵگەی جوولەکەنیشنى نیر ئیسحاق لە نزیك غەزە دەستگیر كرابوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی ئەو دوو بارمتەى دەستیپێكردووە، هەردووکیان لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون لە ڕەفح ڕزگاركران.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە سەدان كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

هـ.ئـ

Comments are closed.