ڕاوێژکارێکی سوودانی: ناتوانین کۆنترۆڵی هێرشە چەکدارییەکان بکەین

ناوەندی هەواڵەکان

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی ڕایگەیاند، وردەکاری گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و عێراق، خۆی دەبینێتەوە لە چەند بوارێکدا، لەوانەش عێراق پێویستی بە وڵاتە بیانیەکانە لەبارەی گەشەپێدانی پیشەسازی چەک، پرسی هێرشە چەکداریەکان، مەشقی سەربازی و هاوکاری هەواڵگری، دەشڵێت، عێراق بەبێ ئەمریکا ناتوانێت کۆنترۆڵی هێرشە چەکدارییەکان بکات.

لەلێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا حسێن عەلاوی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی، لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بەمشێوەیە زانیاری خستە ڕوو:-

باسى لەوەکردووە، ئەوەی کۆمان دەکاتەوە لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان پەیوەندیە سیاسی و سەربازییەکانە، کە وامان لێدەکات هەنگاو بنێین بۆ قۆناغی هاوکاری ماددی و سەربازی و بوارەکانی دیکەش.

دەشڵێت، عێراق پێویستی بەو وڵاتە بیانیانە هەیە لەبارەی گەشەپێدانی پیشەسازی چەک و پرسی هێرشە چەکداریەکان و مەشقی سەربازی و هاوکاری هەواڵگری، چونکە بەبێ ئەمریکا ناتوانین کۆنترۆڵی هێرشە چەکدارییە بکەین.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە دوێنێوە دانوستانى شاندى نێوان عیراق و ئەمریکا لەبارەى پرسى کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە عێراق لە کۆبوونەوەدان.

ئ.م

Comments are closed.