ڕێبەر ئۆجالان بۆچی ڕووی لە چیاکانی کوردستان نەکرد؟ بەشی دووەم

ناوەندی هەواڵەکان

ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: “گەر ڕووم لە چیاکان بکردایە بە خراپترین شێوە بۆردوومان دەکرا و هەموو چەکێکی کاولکاری لەسەر تاقی دەکرایەوە، ئەمەش لەلایەک کوردستانی وێران دەکرد و هەڤاڵان و گەلەکەمان دووچاری زەرەر و زیانێکی گەورە دەبوون، لەلایەکی ترەوە پەیوەندییەکانمان سنووردار دەبوو.”

کاتێک ڕێبەر ئۆجالان لە سووریا بوو، لە ٩ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ نەخشەی پیلانگێڕییەک بۆ ڕفاندنی و ڕادەستکردنی بە تورکیا داڕێژرا، بەریتانیا داڕێژەر و ئەمریکا جێبەجێکاری پیلانگێڕییەکە بوو، بە سەرپەرشتی دەزگا سیخوڕییەکانی(میت و مۆساد و سی ئای ئەی)، سوپای دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بە ٣٥ هەزار سەربازەوە لە خاڵی سفری سنووری سووریا جێگیر بوون، بە هاوکاری فڕۆکەی جەنگیی لە ئاسمانەوە، هەر لەو سەروبەندەدا ئەمریکا-ئیسرائیل-تورکیا هێزێکی سەربازیی هاوبەشیان لە دەریای ناوەڕاست مۆڵدا و موشەکی گەورە و دوورهاوێژیان جێگیر کرد.

پیلانگێڕییەکە وا داڕێژرابوو، کە ڕێبەر ئۆجالان لە سووریا دەربچێت و بیخەنە تەڵەوە، دواجار ڕێبەر ئۆجالان بە ناچاری سووریای جێهێشت بەرەو یۆنان کەوتە ڕێ، پێش دەرچوونی ڕێبەر ئۆجالان لە سووریا، لەگەڵ هەڤاڵانیدا بۆ چەندین ڕۆژ بە دوای وەڵامی پرسیارێکدا دەگەڕان، ڕووبکەنە شاخ یان ئەرووپا؟ ڕێبەر ئۆجالان لەمبارەیەوە پێیوابوو، چوونی بۆ شاخ بە واتای توندکردنەوەی شەڕ دێت، چوونی بۆ ئەرووپاش بە واتای بردنی دۆزی کورد دێت بۆ ئاستێکی نێودەوڵەتیی، سەرئەنجام بژاردەی دووەمیان هەڵبژارد.

لەبارەی ڕەتکردنەوەی بژاردەی شاخ و هەڵبژاردنی ڕێگای ئەرووپا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە بەرگرینامەی ‘مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموکراتیک’ پەرتووکی یەکەم، ئەم بڕیارەی شی دەکاتەوە.

ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: “ڕێگایەکی دیکەی دەرچوونم لە سووریا، گەیشتن بوو بە چیاکانی کوردستان، هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە ناوی دووەمم ” شەیدای چیاوچۆڵ” بوو، بەڵام لێکدانەوەکانم بۆ دوو فاکتەر، ئەم هەڵبژاردەی خستە پلانی دووەمەوە؛

یەکەم: لە شاخ ئەو شوێنەی، کە منی لێ بم، بە خراپترین شێوە بۆردوومان دەکرا و هەموو چەکێکی کاولکاری لەسەر تاقی دەکرایەوە، ئەمەش لەلایەک کوردستانی وێران دەکرد و هەڤاڵان و گەلەکەمان دووچاری زەرەر و زیانێکی گەورە دەبوون، لەلایەکیترەوە پەیوەندییەکانمان سنووردار دەبوو، ئەم دۆخەش تەنها قاڵبوونەوەی لە بواری سەربازیی و بە لاڕێداچوونێکی وەک سنوورداربوون تەنها لە بواری سەربازییدا دەکردە ناچارییەک.

دووەم: فاکتەرێکی تری گرنگ بێپەروەردەیی لە ڕادەبەدەری لاوان بوو، پێویستی پەروەردەکردنیان ڕێگەی پێ نەدەدام.”

“بە کورتی؛ زوڕنای “فشارمان لێ کرد و ئەنجاممان بەدەست هێنا” کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەژەندرا، دوور بوو لە ڕاستییەوە، ئەوەتا هەمان سیاسەتی فشارکردن لەسەر ئێران و عێراق پیادە دەکرێت، بەڵام لە بری ئەنجام، دەرگای بە ڕووی کەلـلەڕەقی و پێداگرییەکی کوێرانە کردووەتەوە، لە ئێستاوە ناتوانرێت مەزەندە بکرێت، کە پەیوەندییە تاکتیکییەکانی تورکیا لەگەڵ سووریا و ئێران، چ پێشهاتێک بە دوای خۆیدا دێنێت، کاتێک دوالیزمی (ئەمریکا-یەکێتی ئەورووپا)، (ئیسرائیل-ئێران)، (ڕووسیا-چین) ئاڵۆز و دژوار بوون، داخۆ ئەوکات حکومەتی تورکیا ئامادەی هەموو جۆرە ئەنجامێکە؟”

“ئەو وانانەی لە سەرکێشی ماجەرا سێ مانگییەکەی هێڵی ئەسینا-مۆسکۆ-ڕۆما وەرمگرت، بەهایەکی مێژووییان هەیە، سەرباری ئەو هەزاران دەمامک و قەڵغانانەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی خۆی پێ پەردەپۆشکردبوو، توانام بۆ لێکدانەوە و پێناسەکردنی؛ ڕاستەوخۆ بۆ ئەم سەرکێشی و ماجەرایەم دەگەڕێتەوە، ئەمە نەبوایە؛ نەک هەر نەمدەتوانی ئەم شیکردنەوانە پەرە پێ بدەم، بەڵکو یان ئەوەتا وەک میللیگەرایەکی کلاسیکی سەرەتایی لە ناو دەوڵەت-نەتەوەدا گیرم دەخوارد، یان وەک ئەوانەی لە سەدان نموونەی دیکەدا بینراوە، تەنانەت بەوانەشەوە کە دەوڵەتیان دامەزراند، وەک بزووتنەوەیەکی چەپی کلاسیک کۆتاییم بە چارەنووسی خۆم دەهێنا، هەڵبەت وەک پڕەنسیپێکی زانستی کۆمەڵایەتیی هەردەم قسەکردن بە شێوەیەکی ڕەهایانە پەسەند ناکەم، بەڵام زۆر بە هێزەوە درک بەوە دەکەم، کە ئەم هێزی چارەسەرییەی ئێستام نەدەبوو.”

ب.گ

 

 

Comments are closed.