ناوەندی هەواڵەكان
لە كۆی ئەو ١٥ پارێزگایەی لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی تێدا بەڕێوەچوو، تەنها ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كەركووك و دیالە سەركەوتوونەبوون لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بۆ شارەكانیان، بۆیە چارەنووسی پارێزگاری ئەو دوو شارە بە نادیارى ماوەتەوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەستیان بە دانووستانی جدی كردووە، بە مەبەستی دیاریكردنی سەرۆكی ئەنجوومەن و پارێزگاری سەرجەم پارێزگاكانی عێراق، جگە لە هەرێمی كوردستان، لایەنەكان سەركەوتووبن لە دیاری كردنی پۆستەكانی ١٣ پارێزگا، بەڵام نەیان توانی سەركەوتووبن لە دیاری كردنی پارێزگارەکانى دیالە و كەركووك.
ڕاكان جبووری، پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك نووسراوێكی فەرمی لە بارەی وادەی ئەنجامدانی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنیی پارێزگای كەركووك بۆ سەرجەم ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنەكە نارد، داوای كرد ڕۆژی ٥ـی ئەم مانگە كۆببنەوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرەكانیان.
بەهۆی نەبوونی ڕێككەوتنی سیاسیی لە نێوان لایەن و پیكهاتەكانی كەركووك، ڕۆژی ٥ـی ئەم مانگە تەنها ئەندامانی كورد و ئەندامێكی كریستیانەییەكان ئامادە بوون، هەریەكە لە پێكهاتەی عەرەب و توركمان كە حەوت كورسییان هەیە، ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوون، بۆیە ڕێژەی یاسایی كۆبوونەوەكە تەواو نەبوو، هەربۆیە كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
یەنەكە پێنج كورسی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوكی بەدەستهێناوە و خاوەنى زۆرترین دەنگ و كورسییە، پۆستی پارێزگاری كەركوكیش بە مافی خۆی دەزانێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەدەكە و یەنەكە لە بارەی پۆستەكانی پارێزگای كەركوكەوە كۆبوونەوە، لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا ڕایانگەیاند، هەردوولا هاوڕاین لەسەر ئەوەى کوردێک بۆ پارێزگارى کەرکووک دیارى بکرێت.
عەزام حەمەدانی وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی عەرەبی ڕایگەیاندووە، لەگەڵ پەدەكە بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی كەركووك بەم شێوازە ڕێككەوتووین، پۆستی پارێزگار بۆ عەرەب، جێگری پارێزگار بۆ پەدەكە و سەرۆكی ئەنجوومەنیش بۆ توركمان، دەشڵێت: پێمان سەیرە پەدەكە باس لە ڕێككەوتن لەگەڵ یەنەكە دەكات.
كۆی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ١٥ كورسییە، یەنەكە پێنج كورسی، پەدەكە دوو كورسی، هاوپەیمانی عەرەبی سێ كورسی، توركمان دوو كورسی، پارتی قیادە دوو كورسی و مەسیحییەكانیش یەك كورسییان بەدەستهێناوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەش دوای دوو كۆبوونەوە بۆ دیاری كردنی پۆستەكانی شارەكە، بە هۆكاری جیاواز نەیانتونی ئەو پۆستانە یەكلایی بكەنەوە، چاوەڕێش دەكرێت ئەگەر لایەنەكان نەگەنە ڕێككەوتن، ئەو پرسە ببرێتە دادگای فیدڕاڵی.
ڕۆژی ٥ـی شووباتی ئەمساڵ دوای دەستپێكردنی یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بەهۆی كێبڕكێی توندی هەردوو لیستی سیادە و تەقەدووم بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی ئەنجوومەنی پارێزگاكە، دانیشتنەكە تەواونەكراو بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
بڕیار بوو شەوی ڕابردووش ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرانی كۆببێتەوە، بەڵام تەنها شەش ئەندام بەشدارییان لە كۆبوونەوەكەدا كرد، ڕێژەی یاسایی تەواو نەبوو، كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
كۆی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ١٥ كورسییە، كە پارتی تەقەدووم سێ كورسی و پاتی سیادە سێ كورسی بەدەستهێناوە، هەردوو حزبەكەش كێشەیان لە سەر وەرگرتنی پۆستەكانی پارێزگاكە هەیە، بۆیە تا ئێستا نەتوانراوە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن بۆ شارەكە هەڵبژێردرێت.
بەهۆی بوونی ناكۆكی توند لەسەر پۆستەكانی پارێزگاكانی كەركوك و دیالە، تا ئێستا نەتوانراوە ئەو پۆستانە یەكلایی بكرێتەوە، پۆستی پارێزگای كەركووك لە ساڵی ٢٠١٧وە لەلایەن ڕاكان جبوورییەوە بەوەكالەت بەڕێوە دەبرێت.
ڕۆژانی ١٦ و ١٨ـی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٣ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە ١٥ هەڵبژاردنی پارێزگای عێراق بەڕێوەچوو، بەپێی ئامارەكانی كۆمیسیۆن ڕێژەی بەشداریكردن گەیشتە ٤١٪، كە شەش ملیۆن و ٥٩٩ هەزار و ٦٦٨ دەنگدەر ڕِوویان لە سندووقەكانی دەنگدان كرد.
هـ.ئ
Comments are closed.