ڕێگرییەکانى وڵاتانى دراوسێى لە کار کردن لە ڕێگاى گەشەپێدانى عێراق چییە؟

 وسام زەهرونی

لە دوای ڕاگەیاندنی لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە، پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بە نهێنی ماوەتەوە، و بە ئاشکرا دەستپێشخەری نەکراوە، بەڵام  ڕێککەوتن و هەوڵەکانی حکومەت نەوەستاوە لە پێناو گەیشتن بە چارەسەر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی پەیوەست بەم  ڕێگایە.

مەدیحە موسەوی
مەدیحە موسەوی

چاوەڕوانی ئەوە دەکرا، کە فشار یان ئاستەنگ لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە درووست ببێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە درووستکردنی ڕێگاکە بکرێت، کە هەوڵی تەواوکردنی دەدەن بە دانانی ئاستەنگ لە ڕێگەی دانوستانەکانەوە، ئەمەش بەهۆی گرنگییەکەی و ئەو پارەیەی، کە بۆی بەدەست دەهێنێت و عێراق دەکاتە شوێنێکى گرنگ لە ناوچەکەدا.

سەبارەت بەم بابەتە، مەدیحە موسەوی، ئەندامی لیژنەی ئابوری پەرلەمان لە بۆ “ڕۆژ نیوز” وتى، تا ئێستاش حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی واقیعی و خێرا بەرەو ڕێڕەوی گەشەپێدان هەنگاو دەنێت، چونکە ئەم ڕێگایە گرنگییەکی زۆری ئابووری هەیە و وێستگەیەکە بۆ بەهێزکردنی عێراق لە ڕووی ئابوورییەوە.

موسەوی دەشڵێت، حکومەتی عێراق لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی، کە بەشدارن لەم پڕۆژەیەدا، هەوڵێکی ڕاستەقینەش هەیە بۆ ئەوەی ئەم ڕێگایە ببێتە ڕۆشناییەک لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ ووڵاتەکەمان.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابوری پەرلەمان لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، پڕۆژەی لەم شێوەیە پێویستی بە توێژینەوە و پلاندانان و ڕێککەوتن و کارکردن لەسەر بابەت گەلی جۆراوجۆری پەیوەست بە ژێرخانی ناوچەکە هەیە، هەر بۆیەش حکومەتی عێراق کارێکی زۆر دەکات و پاشەکشە ناکات لەم پڕۆژەیە، بەتایبەتی لەو کاتەوە پشتگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ ئەم پڕۆژەیە بەدەستهێناوە، کە نەخشەی بازرگانی لە ناوچەکە و جیهاندا دەگۆڕێت.

عێراق لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند، کە بڕیارە بەندەری فاو بە سنووری تورکیاوە ببەستێتەوە و لەوێشەوە بەرەو ئەوروپا درێژ بێتەوە.

ڕێگای گەشەپێدان یەکێکە لەو پڕۆژە ئابوورییە دیارانەی، کە لەم دواییانەدا لە عێراق پێشنیار کراوە، بەو پێیەی عێراق دەبەستێتەوە بە بازرگانی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بەندەری فاو لە داهاتوویەکی نزیکدا تەواو کارا دەکرێت دوای کردنەوەی، وەک بەندەرەکە کەشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەردەگرێت و کاڵاکان لە ڕێگەی وشکانییەوە دەگوازێتەوە بۆ تورکیا، و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا.

لە مانگی تەمموزی ٢٠١٩، عەبدوڵڵا لوعەیبی، وەزیری پێشووی گواستنەوەى عێراق، نیازی بەغدای بۆ بەستنەوەی وڵاتەکەی لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاند و ووتی، هەموو پەیوەندییەکی نێوان وڵاتان ملکەچی دوو پێوەرە، یەکەمیان توانای ئابوورییە، دووەمیشیان ڕەچاوکردنی سیاسییە.

مستەفا ئەکرەم حەنتووش
مستەفا ئەکرەم حەنتووش

لای خۆیەوە شارەزای کاروباری ئابووری، مستەفا ئەکرەم حەنتووش بۆ “ڕۆژ نیوز” وتى، عێراق جدییە لە پرسی خێراکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئاستەنگ و بەربەستی گەورەی لە بەردەمیدا هەیە، بە تایبەتی پەیوەندی بە ڕێگاوبان و پاراستن و چەندین بابەتی ترەوە هەیە.

حەنتوش لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، بەدوور نازانرێت ئیرادەیەکی هەرێمی یان تەنانەت نێودەوڵەتیش هەبێت بە مەبەستی ڕێگریکردن لە عێراق بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە، کە گەورەترین پڕۆژەی ئابووری دەبێت بۆ عێراق ئەگەر بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەبچێت، چونکە ئەمە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ ووڵات بەدەست دەهێنێت و ڕەنگە نزیک بێتەوە لە پارەی فرۆشتنی نەوت.

دووپاتیشی دەکاتەوە، کە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان پێویستی بە چەندین ساڵە بۆ ئەوەی بە ڕاستی ئامادەبێت، بەتایبەتی کە عێراق ناتوانێت بەردەوام بێت لەگەڵ ئەم پڕۆژە زەبەلاح و گەورەیە بەبێ پاڵپشتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش عێراق بەردەوامە لە پەیوەندیی دەرەکی بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتییە جۆراوجۆرەکان.

کارەکان لە بەندەری فاو لەلایەن کۆمپانیای کۆری “دایۆ”ەوە بەردەوامە، دوای ئەوەی توانی مافی گرێبەستەکە بەدەستبهێنێت، ئەوەش لە پاش ئەوە هات کێبڕکێیەکی گەورەى لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی لە ساڵی ٢٠٢٠ هەبوو.

ئەم پڕۆژەیە سەرەتا ناوی “کەناڵی وشک” بوو، پێش ئەوەی بگۆڕدرێت بۆ “پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان”، کە بە بنەمای پڕۆژەیەکی ئابووری بەردەوام و نا”نەوتی” وەسف دەکرێت.

ئ.م

Comments are closed.