كەجەكە: پێویستە هەموو كەسێك بەشداری هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان بکات

ناوەندی هەواڵەكان

كۆنسەی سەرۆكایەتی گشتی كەجەكە بڵاوی كردەوە، پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ـی شوباتی سەرجەم ئەو هێزانە شەرمەزار دەكەین، كە بە ڕق و دوژمنایەتییەوە لە هێرشی پیلانگێڕیی دژ بە ڕێبەر ئۆجالان و گەلی كورد بەشدارییان كرد، دەشڵێن، پێویستە هەموو كەسێك بەشداری هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان بکات.

كۆنسەی سەرۆكایەتی گشتی کۆما جڤاکێن کوردستان- كەجەكە سەبارەت بە ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ـی شوبات، کە تێیدا ڕێبەرى گەلى کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستگیر کرا ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئێمە لە ٢٦ ساڵەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەستگیر كردنی ڕێبەر ئۆجالان، سەرجەم ئەو كارانە شەرمەزار دەكەین، كە بە ڕق و دوژمنایەتییەوە لە هێرشی پیلانگێڕیی دژ بە ڕێبەر ئۆجالان و گەلی كورد ئەنجامدرا، سڵاو لە بەرخۆدانی ٢٥ ساڵەى ڕێبەر ئۆجالان لە ئیمراڵی دەكەین.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریك بكەن، ئێمە بە ڕێزدارییەوە یادی خالید ئۆراڵ و سەلامەت مەنتەش و ئاینور ئارتان دەكەینەوە و لە بەردەم قامەتی بەرزیان سەری ڕێز دادەنوێنین.

ئەوەش خراوەتەڕوو، كاتێك زلهێزانی جیهانی سەرمایەداریی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، بە پرۆژەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەكاری بۆ چوونە ناو سەدەی ٢١ دەكرد، ڕێبەر ئۆجالان و تەڤگەری ئازادیی كوردیان لە بەردەم بەرژەوەندییە ئیمپریالیستیەكانیان بە گەورەترین بەربەست بینی.

دەشڵێن، كوردستان بەسەر چوار دەسەڵاتداری دەوڵەت نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابەش بووە، تەڤگەری ئازادیی كورد بە ڕابەرایەتی پەكەكە توانی گەلی كوردی لەژێر چەوساندنەوەی ئەو چوار دەوڵەتە بهێنێتە نێو تێكۆشانێكی گرنگەوە، لە هەر چوار پارچەی كوردستان و دەرەوەی وڵات گەلی كورد خۆی بە ڕێكخستن كرد و ئیرادەی ئازادیی بەرزكردەوە، لەبەر ئەوەی نەیدەویست سەدەیەكی دیكە لەژێر دەسەڵاتی كۆلۆنیالیزمدا بەبێ سەرۆك و ناسنامە بمێنێتەوە، بۆیە باوەشی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و تێكۆشانی ئازادیی گرتەوە.

کەجەکە وتوشیەتى، ئامانجی هێزە سەرمایەدارییە هەژموونخوازەكان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ـی شوباتدا، نەهێشتنی ئەو ئیرادەی ئازادیی گەلی كورد بوو، كە وردە و وردە ڕۆڵی پێشەنگایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێدەكەن، بۆیە پیلانگێڕان دەیانویست كورد وەك سەدەی بیستەم بێ شوناس و بێ ڕێبەر و پێگە بمێنێتەوە.

ئەوەش هاتووە، گەلی كورد و بزووتنەوەكەمان وەڵامی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دایەوە، بەرخۆدان و نوێ بوونەوەی گەورەش سەری هەڵدا، ئەو بازنەی بەرخۆدانەی گەلەكەمان و شەهیدە قارەمانەكانمان لە دەوری ڕێبەرایەتی درووستیان كرد، بازنەی سەرەكی بوو و پێشی لە لەناوچوون گرت و پیلانگێڕییەكەی تێكشكاند.

ئاماژە بەوەش کراوەن ڕێبەر ئۆجالان وەك ڕێبەرێكی شۆڕشگێڕی گەل وەك فەیلەسوف و زانایەك هەندێك جار وەك زانایەكی سیاسیی و مێژوونووس لە بەرخۆدانی ڕۆحی و فیكری و جەستەییدایە هەوڵی گۆڕینی ئەو چارەنووسە كۆمەڵكوژییەی دەدا، كە بەسەر گەلەكەیدا سەپێندرابوو، لە كەسایەتی گەلی كورددا پێشكەوتووترین بیرۆكەكانی سەردەمی پێشكەشى هەموو گەلان و ژنان و هەموو گرووپە چەوساوەكان دەکرد.

ڕاشیان گەیاندووە، ڕێبەر ئۆجالان بەو كارەی گەورەترین بەرگریی سەردەمی بە ژیانی ئازاد و كۆمەڵگەی ئازاد وەڵامی پیلانگێڕانی سەردەمی دایەوە، بەرگریی كارێكی زۆر بەهێزی  هەموو ستەملێكراوان بوو، بەتایبەت گەلی كورد.

٢٥ ساڵ پێش ئێستا، لە پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتییدا، بە بەشداریی ناتۆ و هەموو دەزگا هەواڵگیرییەكانیان، لە وڵاتی كینیا ڕێبەری گەلی كورد عەبدوڵا ئۆجالانیان ڕفاند و لە زیندانی ئیمرالییدا گۆشەگیر كرا، نزیكەی ٣٥ مانگیشە، گۆشەگییرییەكی توند لە دژی بەڕێوەدەچێت و ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەكەی نادرێت چاویان پێی بكەوێت، هیچ زانیارییەك لەسەر بارودۆخی تەندرووستی نازاندێت.

هـ.ئ

Comments are closed.