دەوڵەتی تورک بە چەکی ئەمریکا بۆردوومانی منداڵانی کورد دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

تا دێت هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک سەرانسەری باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە و بۆردوومانی ناوچەی نیشتەجێ بوون دەکات، گەر لە کەرەستە و ئامێرە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک ڕابمێنین، دەبینین هەموو ئەو چەک و فڕۆکانەی، کە بەکاریدە‌هێنێت هەمووی درووستکراوی وڵاتانی ناتۆ و ئەمریکایە، واتا دەکرێت بڵێین، وڵاتانی ناو هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریکا و تورکیا پێکەوە منداڵانی کورد بۆردوومان دەکەن و هەوڵی لەناوبردنیان دەدەن.

ساڵی ٢٠٢٤ و وێرای بانگەشەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی زلهێز بۆ مافەکانی مرۆڤ و بەرقەرارکردنی ئاشتیی، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، نەک بەرەو کەم بوونەوە نەچووە، بەڵكو ڕۆژانە بەردەوام ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان دەکات، بەهۆیەوە منداڵانی کورد بریندار و شەهید دەکات و کوردێک لە هەر شوێنێک بێت هەوڵی لەناو بردنی دەدات.

ڕۆژنیوز لەم ڕاپۆرتەدا، تیشک دەخاتە سەر بەشیک لەو کەرەستە سەربازییانەی دەوڵەتی تورک، کە لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ناتۆوە پێی دەبەخشرێت بۆ بۆردوومان کردنی ناوچە کوردییەکان.

فڕۆکەی جەنگی F16

فڕۆکەی جەنگی F16، خاوەنداڕێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا، یەکەم پاکێجی فڕۆشتنی بە تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٧، هەر لەو کاتەوە تاکە ئامانجی دەوڵەتی تورک بۆ ئاگر دابارین بوو بەسەر کورددا، تا ئێستاش دەیان هەزار جار بەم فڕۆکەیە بۆردوومانی کوردیان پێکراوە و بەهۆیەوە سەدان ژن و منداڵ و هاوڵاتیی مەدەنیی شەهید بوون.

بۆ سەلماندنی ئەمەش، داواکارکردنی فڕۆکەی F16 لەلایەن دەوڵەتی تورک و ڕازیبوونی ئەمریکا، لە ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاستییەکەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە ئیدارەی بایدن ڕێککەوتنێکی بە بڕی ٢٣ ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ فرۆشتنی ٤٠ فڕۆکەی جەنگی F16 و چاککردەوەی ٧٩ فڕۆکەی دیکە بە تورکیا پەسەندکردووە.

لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، لە ڕاستییدا ئەمریکا بە هاوکاریی کردن و پێدانی فڕۆکە و دەیان مووشەک و چەکی جۆراوجۆر بە دەوڵەتی تورک، بێبەری نییە لە شەهیدکردنی منداڵان و هەوڵەکانی سڕینەوەی گەلی کورد.

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار تی بی-٢

هەرچەندە دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە سەرەتادا بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە هەموو پارچەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقداری تی بی-٢، لەناوخۆدا دروستییان دەکات، بەڵام دوای تێکشکاندنی چەند دانەیەک و لێکۆڵینەوە لە پارچەکانی دەرکەوت، هەریەک لە وڵاتانی کەنەدا، ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بە دروستکردنی پارچە وردەکانی و ڕادەستی دەوڵەتی تورکی دەکەن، لەمەشەوە دەردەکەوێت، کە هەموو ئەو وڵاتانە بەشدارن لە بۆردوومانەکاندا.

لە ئێستادا، بە دەیان جۆری چەک، ڕۆکێت، فڕۆکە و کەرەستەی سەربازیی، ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا بە دەوڵەتی تورکی بەخشییوە، هەموو ئەم کەرەستە سەربازییانەش ڕۆژانە بەرامبەر گەلی کورد بەکاردەهێنێت، وەک هەموو جارێکیش وڵاتانی نێودەوڵەتیی لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژییانەی بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بێ دەنگییان هەڵبژاردووە و بوون بە بەشێک لەو تاوانانە.

ب. جـ

Comments are closed.