دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕوونکردنەوە لەسەر دەستگیرکردنى تۆمەتبارێک دەدات

ناوەندی هەواڵەکان

دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتییان دەستگیر کردووە کە بڕیاری بریندارکردنى سەرمایەدارێکی داوە و دوو لە چەکدارەکانیشی بڕیارەکەیان جێبەجێ کردووە، تۆمەتبارەکانیش دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکى لەبارەى دەستگیر کردنى کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتى بەناوی دێرین ئەحمەد بڵاوکردەوە و ڕاگەیاند: شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ـی ١ـی ٢٠٢٤، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم (یانەی کۆمەڵایەتیی سلێمانی) تەقە لە هاوڵاتیی “ئەحمەد کامیل فەقێ” سەرمایەدار کرا و بەهۆیەوە بریندارکرا، دوای ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ووردی هێزەکانمان دەستپێکرد، سەرئەنجام لە رۆژی ٣٠ـی ١ـی ٢٠٢٤، بەپێی مادەی ٤٠٥ – ٣١ـی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباری سەرەکی و تەقەکەر (ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی) دەستگیر کرا.

ئاماژەى بەوەش کردوە، دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناو و دەرکەوت تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی (ئومێد کەمال) هاوکاری کردووە کە هاوپیشەیەتی و هەردووکیان پێشمەرگەن لەلای (دێرین ئەحمەد محەممەد) ناسراوە بە (کوێخا دێرین)، بە بڕیاری ناوبراو تاوانەکەیان کردووە..

ڕوونکردنەوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەمجۆرەیە:

پاش ئەوەی کاتژمێر ١٢:١٠ خولەکی شەوی 29 لەسەر ٣٠ـی ١ـی ٢٠٢٤ لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم (یانەی کۆمەڵایەتیی سلێمانی) تەقە لە هاوڵاتیی “ئەحمەد کامیل فەقێ” سەرمایەدار کرا و بەهۆیەوە بریندارکرا، دوای ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ووردی هێزەکانمان دەستپێکرد، سەرئەنجام لە رۆژی ٣٠ـی ١ـی ٢٠٢٤، بەپێی مادەی 4٤٠٥ – ٣١ـی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباری سەرەکی و تەقەکەر (ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی) دەستگیرکرا.

‏‎دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناو و دەرکەوت تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی (ئومێد کەمال) هاوکاری کردووە کە هاوپیشەیەتی و هەردووکیان پێشمەرگەن لەلای (دێرین ئەحمەد محەمەد) ناسراوە بە (کوێخا دێرین)، بە بڕیاری ناوبراو تاوانەکەیان کردووە.

‏‎پاشان رۆژی ٥ـی ٢ـی ٢٠٢٤، تۆمەتبار ئومێد کەمال کە هاوکاری کردووە دەستگیرکرا.

‏‎ئێستا ( کوێخا دێرین ) فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە، بە پێی مادەی٤٠٥ – ٣١ـی لە یاسای سزادانی عیراقی کێشەکەشی لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی .

هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی تۆمەتبار ( دێرین ئەحمەد ) رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کرابوونە سەر موڵکی گشتی.

هـ.ح

Comments are closed.