بافڵ تاڵەبانى چەند بریارێکی توندی بۆ بەرپرسانى حزبەکەى دەرکرد

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-یەنەکە لێپرسراوانی حیزبەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە رێگەپێدراو نییە بۆیان پێگەیان بەکاربهێنن و ئەگەر سەرپێچی لەمشێوەیە بکەن سزای تووند دەدرێن.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداری دەداتە بەرپرسانى حزبەکەی.

تاڵەبانی لە نووسراوەکەیدا کە رۆژی 15-08-2022 دەرچووە، ڕایگەیاندوە: بۆ بەرپرسانی حیزبی، حکومی و سەربازیی یەکێتی نییە کە ناونیشان و بەرپرسیارێتی خۆیان بەکاربهێنن بۆ دەستکەوتی تایبەت و کەسیی، بەتایبەت بۆ وەرگرتنی زەوی و زار و موڵکی گشتی یاخود فشار بخەنەسەر فەرمانبەر و دامەزراوە حکومییەکان.

ئاماژەى بەوەش کردوە، هەر لێپرسراوێکی یەکێتی لەهەر ئاستێکی حیزبیدا بێت، سەرپێچی لەوجۆرە بکات جگە لەوەی رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، “بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش سزای تووندی حیزبی و رێکخراوەیی دەدرێت.”

سەرۆکی یەنەکە لە نووسراوەکەدا دەشڵێت: چاوەڕوان دەکەن کە “سەرجەم حیزب و لایەنەکانی دیکە هەمان هەڵوێستیان هەبێت.”

دەقی بڕیارەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە:

هەر لێپرسراوێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سنووری سلێمانی لەهەر ئاست و بەرپرسیارێتییەکی حیزبی، رێکخراوەیی، حکومی و سەربازییدا بێت، بەهیچ شێوەیەک رێگەپێدراونییە:

1- ناونیشان و بەرپرسیارێتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ دەستکەوتی تایبەت و کەسیی، بەتایبەت بۆ وەرگرتنی زەوی و زار و موڵکی گشتی یاخود فشار بخاتە سەر فەرمانبەر و دامەزراوە حکومییەکان.

2- هەر هەڤاڵێکی یەکێتی لەهەر ئاستێکی حیزبیدا بێت، سەرپێچی لەمشێوەیە بکات جگە لەوەی رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش سزای تووندی حیزبی و رێکخراوەیی دەدرێت.

ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە [15-08-2022] جێبەجێ دەکرێت.

هـ.ح

Comments are closed.