پنتاگۆن: لەگەڵ عێراق باسی کشانەوەى هێزەکانمان ناکەین

ناوەندی هەواڵەکان

عێراق و ئەمریکا لێدوانی پێچەوانە دەدەن لەسەر پرسی کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانى عێراق باس لە خشتەى کشانەوەى هێزە بیانییەکان دەکات و پنتاگۆنیش دەڵێت: لەگەڵ لیژنەی هێزە عێراقییەکاندا باس لە کشانەوەی هێزەکانمان ناکرێت.

یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەیی هێزەچەکدارکانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی ڕایگەیاند، ئەمریکا و عێراق لە کۆبوونەوەکانماندا خشتەیەکی کاتیمان داناوە بۆ کەمکردنەوەی چالاکییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، تا ئەو کاتەی بە تەواوەتی کۆتایی بە ئەرکەکانیان دێت لە ناوچەکەدا.

وتیشی: بۆ ئەوەی هیچ شتێک ئارامی گفتوگۆکانی عێراق و ئەمریکا تێکنەدات، کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەبێت بۆ تەواوکردنی کارەکانیان بە زووترین کات.

ئەو بەرپرسە عێراقییە ڕوونیکردەوە، ئەگەر هیچ پێشهاتێک روونەدات کۆبوونەوەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا بەردەوام دەبێت.

لەلایەکى دیکەوە ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڵاوی کردەوە، لیژنە سەربازییەکانی ئەمریکا و هیزەکانی عێراق لە کۆبوونەوەکانیاندا تاوتوێی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان ناکەن لە عێراق و ناوچەکەدا.

هـ.ح

Comments are closed.