ڕێبەر ئۆجالان: ئەوەی لە کەسێتی مندا بەند دەکرێت کوردی ئازادە-بەشی سێیەم

ناوەندی هەواڵەکان

ڕێبەر ئۆجالان لە بارەی ئامانجی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتییەوە دەڵێت: “ئەوەی لە کەسێتی مندا بەرکەنار و بەند دەکرێت و دەخوازن ناچاری بەندیخانەیەکی تاکەکەسیی بکەن، لە ناوەڕۆکدا کوردی ئازادە، ئەو ڕەفتار و سیاسەتانەی لە ئیمرالی بەرانبەر کەسایەتی من پیادە دەکرێت بە سیستماتیکە.”

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە بەرگرینامەی ‘مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموکراتیک’ پەرتووکی یەکەم، لە هەڵسەنگاندنەکانیدا ئامانجەکانی پشت پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩ دەخاتەڕوو.

ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: “پێهەڵگرتنی پەکەکە بەرەو چیاکان و بەرخۆدانێکی چەکداریی نەپساوە، دەرئەنجامی گرنگی بە دوای خۆیدا هێنا، بە سیاسییبوونی کوردان بوو، ئەمەش بە دابڕانی لە کارەکتەرە بەکرێگیراو و کلاسیکەکان، بۆ یەکەمجار ئەلتەرناتیڤی ئازادیی کرد بە حەقیقەتێکی درک پێکراو، لە هەمووی گرنگتر هەم ڕژێمە سەرەڕۆکانی پاشماوەی چەرخەکانی ناوین و هەم ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی کە درێژکراوەی ئەوانن و لافی هاوچەرخبوون لێ دەدەن، چاوەڕوانی ئەو ئەنجامە نەبوون و پەسەندیان نەدەکرد.”

“ڕێککەوتنی کوردە بەکرێگیراوەکان و دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە لەگەڵ ئیمپریالیستە هەژموونگەراکان، سەبارەت بە ناساندنی “پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی” بۆ ئەم هۆکارە دەگەڕێتەوە، چونکە کوردی ئازاد بە تاک و کۆمەڵگەکەیەوە، هەموو ئەو هێزانە تارومار دەکات و سەراوبنیان دەکات، کە کوردیان بە نەبوو لە قەڵەم دەدا.”

“ئەوەی لە کەسێتی مندا بەرکەنار و بەند دەکرێت و دەخوازن ناچاری بەندیخانەیەکی تاکەکەسیی بکەن، لە ناوەڕۆکدا ئەو کوردە ئازادەیە، ئەو ڕەفتار و سیاسەتانەی لە ئیمرالی بەرانبەر کەسایەتی من پیادە دەکرێت بە سیستماتیکە، تاوتوێکردنیان تەنها وەکوو سیاسەتی تورکیا بەرانبەر بە بەندیخانەی ئیمرالی ڕێگە لەبەردەم تێگەیشتن و بەهەڵەداچوونی گەورە دەکاتەوە، ئەمەش هەم بۆ کوردان و هەم بۆ تورکەکان، بێچارەیی سیاسیی و پێکدادان بەدوای خۆیدا دێنێت.”

“بەڵام زۆر باش درکم بەو ڕاستییە کرد، کە تورکایەتیی بە ناوی خۆیەوە نە دەتوانێت شەڕ بکات و نە ئاشتیی، ئەو ڕۆڵەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پێی بەخشیوە؛ ڕۆڵی چاوەشی و پۆلیس و جەندرمەیەکی ڕووتە، لە پێناو ئەوەدایە تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە (گەلی تورک)ـیشەوە، لەبەرانبەر چەوسانەوە و فشارەکانی سیستمی سەرمایەدارییدا کراوە بن.”

“لە ناوەوە و دەرەوەی ئەورووپا، جڵەوکردنی کەلتوورەکانی ئەنادۆڵ و تورکیا بۆ ئەوان زۆر گرنگە، ئەوەی پیادە دەکرێت سیاسەتێکی ئاسایی نییە، لە میانەی سیاسەتێکی پڕ لە فرت و فێڵ و بە شێوەی ژێربەژێر ستراتیژییەتێکی بەرفراوان و یەکگرتوو بەڕێوە دەبرێت، لەو چوارچێوەیەدا دەتوانین باشتر لە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ پەیمانی ناتۆ و یەکێتی ئەرووپا تێبگەین.”

ب.گ

Comments are closed.