وەزیرێكی ئیسرائیل: میسر بەرپرسیارە لە دابینكردنی تەقەمەنی بۆ حەماس

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە دابینكردنی تەقەمەنی بۆ حەماس تا ڕادەیەكی زۆر بە میسردا تێپەڕێوە، هەروەها دەبێت قاهیرە ڕێگە بە ئاوارەكان بدات، پێیدا تێپەڕببن.

ڕۆژنامەی “هارتز”ـی ئیسرائیل لە زاری بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی وڵاتەكەی لە بارەی ناكۆكی ئیسرائیل و میسر و كێشەی ئاوارەكان زانیاری نوێى خستەڕوو.

بێزالیل سمۆتریچ ڕایگەیاند، دابینكردنی تەقەمەنی بۆ حەماس تا ڕادەیەكی زۆر بە میسردا تێدەپەڕێت، قاهیرە بەرپرسیارێتییەكی گەورەی لە ئەستۆدایە بەرامبەر بەو ڕووداوانەى، كە لە ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە ڕوویداوە.

ئەو وەزیرە ڕەخنەی توندی ئاراستەی میسر كرد، بەهۆی ئەوەی لە ڕابردوودا ڕێگەی بە بڕێكی زۆر تەقەمەنی داوە بچێتە ناو غەزە، بۆیە دەبێت میسر ڕێگە بە هاوڵاتیانی غەزە بدات بە سنووری میسردا تێپەڕن بۆ ئەوەی بتوانن كۆچ بكەن بۆ وڵاتانی دیكە.

سامح شوكری، وەزیری دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانییان لەگەڵ ئیسرائیل و حەماس بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێككەوتنێك، كە ببێتە هۆی ئازادكردنی زیندانیان و دەستبەسەركراوان.

ئاماژەی بەوەش كرد، هەرچەشنە ئاواربوونێكی زۆرەملێی دانیشتووانی غەزە و ڕەفح ڕەت دەكەینەوە و هۆشداری لە دەرئەنجامە ترسناكەكانی ئەو جۆرە كارانە دەدەین.

جێگەی ئاماژەیە، لە كۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە سوپای ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر شاری ڕەفح لە سنووری ئیسرائیل دەستپێكردووە، ئەمەش كاردانەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لێكەوتووەتەوە، دوێنێش میسر سوپای وڵاتەكەی بە چەكی قورسەوە بەرەو سنوورەكان جوڵاند.

هـ.ئ

Comments are closed.