چوارچێوەی هەماهەنگی: هیچ پاشەكشەیەك بۆ دوورخستنەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق نییە

ناوەندی هەواڵەكان

سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، هیچ پاشەكشەیەك نییە، سەبارەت بە پرۆژە یاسای دوورخستنەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق نییە، دەشڵێت، پێداگرن لەسەر جێبەجێ كردنی ئەو یاسایە.

غەریب عەسكەر، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە بارەی پێداگرییان بۆ دەركردن و جێبەجێ كردنی یاسای دوورخستنەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

غەریب عەسكەر ڕاگەیاند، پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی و پەرلەمانتارانی دیكە پێداگرن لەسەر پرۆژە یاسای دوورخستنەوەی سەرجەم هێزە بیانییەكان لە عێراق، هیچ دواخستن و پاشەكشەیەك لەم بابەتە ناكرێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، داواكاری ڕەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كراوە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە بڕگەكان” پرۆژە یاساكە”، هەروەها سەرۆكایەتی پەرلەمانیش پاڵپشتی یاساكە دەكات، بۆ دوورخستنەوەی سەرجەم هێزە بیانییەكان لە عێراق.

ڕوونیكردەوە، بۆ دەركردنی هەر یاسایەك كۆمەڵێك بنەما هەیە دەبێت بگیرێتەبەر، دوای تەواو بوونی ئەو ڕێكارانە ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین، بۆ ئەوەی زۆر بە زوویی ئەم یاسایە دەربكەین.

سەرەتایی ئەم هەفتەیە لەسەر داوای ١٠٠ پەرلەمانتار سەرۆكایەتی پەرلەمانى عێراق كۆبوونەوەیەكی بۆ گفووگۆ و دوورخستنەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هێزە بیانییەكان لە عێراق ئەنجامدا، بەڵام لە كۆبوونەوەكەدا هیچ بڕیارێكی گرنگ نەدرا، تەنها سەرۆكاییەتی پەرلەمان داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی كرد، بۆ چاودێری كردنی دانووستانەكانی عێراق و ئەمریكا.

هـ.ئ

Comments are closed.