ژنانی هیندستان توانیان بە یاسا فرەژنی قەدەغە بکەن

ناوەندی هەواڵەکان

سەرباری ئەوەی وڵاتی هیندستان بە خراپترین وڵات بۆ ژنان پۆلێن کراوە، بەڵام بە تێکۆشانی بەردەوام، ژنان توانیویانە زۆرترین دەستکەوتیان هەبێت لە ڕووی مافی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە و لە دواین هەوڵیشدا توانیان بە یاسا فرەژنی قەدەغە بکەن.

دوێنێ لە ویلایەتی ئوتاراخاند بە یاسا فرەژنی قەدەغەکرا کە بە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامی ژنان بەدیهات، لەم چەند ساڵەی دوایشدا ژنانی هیندستان توانیویانە زۆرترینی مافەکانیان لە ڕێگەی یاساوە جێگیر بکەن وەک، تەرخانکردنی ٣٣٪ کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ژنان و زیادکردنی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریکردن لە ١٨ ساڵەوە بۆ ٢١ ساڵ.

شارایا بانوو، چالاکوانێکە لە ماوەکانی ڕابردوودا کامپەینی “کۆتاییهێنانی بە فرەژنی”ـی ڕاگەیاند بوو ئاماژەی بەوە کرد، قەدەغەکردنی فرەژنیی لە ویلایەتەکەیدا، هەنگاو و دەستکەوتێکی ئەرێنیی گرنگە تا لە ویلایەتەکانی دیکەی وڵاتدا بەهەمان شێوە جێبەجێ بکرێت و وتی: پێویستە ئیتر ئەو نەریتە کۆنانەی دەربارەی فرەژنی هەیە کۆتاییان بێت.

بەڵام وەک هەمیشە ئەم دەستکەوتەی ژنانی هیندستانیش هاوشێوەی گشت دەستکەوت و تێکۆشانەکانی ژنانی جیهان، لەلایەن زهنیەتی باڵادەستیی پیاوسالارییەوە دژایەتی دەکرێت و هەوڵدەدرێت تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکانی نێوان حزبەکان بکرێت.

بەو پێیەی هیندستان بە سێیەم وڵات دادەنرێت، کە زۆرترین ڕێژەی مسوڵمانی تێدایە و ژمارەیان ٢٠٠ ملیۆنە، لەلایەن پیاوانی ئاینیی و حزبە سیاسییە ئیسلامییەکانەوە، بە هەوڵێک دژی ئازادیی پەیڕەوکردنی ئایین و بیروڕا ناوزەندیان کردووە، دەڵێن: ئەوە هەوڵی حزبی هیندۆسی باڵادەستە بۆ ڕێگریی کردن لە شەریعەتی ئیسلام و ئاینی ئیسلامیی.

ئەم دژایەتی و بانگەشیەیەی ئیسلامییەکان لە کاتێکدایە سەرژمێری و توێژینەوەیەکی فەرمیی هیندستان لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ئاشکرای کردووە ٩١.٧٪ ژنانی مسوڵمانی هیندستان دژی هەبوونی فرەژنین.

ش. ئـ

Comments are closed.