پاش شەڕى غەزە ١٨٦ سەربازى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوژرا و بریندار بوون

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا – پنتاگۆن بڵاوى کردەوە، لە ١٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران زیاتر لە  ٢١٠ هێرشیان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانیان لە عێراق، سووریا و ئوردن ئەنجامداوە، بەهۆیەوە ١٨٦ سەربازمان كوژارون و بریندار بوون.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا – پنتاگۆن، لە بارەی ژمارەی هێرشەكانی سەر بنكە و بارەگانیان لە عێراق، سووریا و ئوردن ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە ١٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران زیاتر لە  ٢١٠ هێرشییان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، سووریا و ئوردن ئەنجامداوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە ١٨٦ سەربازیان كوژراون و بریندار بوون، زیاتر لە ١٣٠ كەس لەوانەش تووشی برینی مێشك بوون.

پنتاگۆن ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ پاراستنی هێزەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق لە ڕاوێژدان، ئەگەر هێرشی زیاتریش ڕووبدات، ئەوا لە كات و شوێنی گونجاودا وەڵامی دەدەنەوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای فراوانبوونی ئاڵۆزیی و گرژییەكانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە غەزە، بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە لە لایەن بەرەی مەقاوەمەی ئیسلامی عێراقەوە دەكرێتە ئامانج، ئەمریكاش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە لە عێراق و سووریا.

هـ.ئ

Comments are closed.