ئەندامانی ڕاگەیاندنی شنگال داوای ئازادیی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دەکەن

شنگال

ئەندامانی ڕاگەیاندنی ئازادی شنگال لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدیان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند، داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عێراق، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان دەکەین ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و هەنگاو بنێن بۆ ئازادکردنی سلێمان ئەحمەد.

دوێنێ لە شنگال بە بەشداری چەندین ئەندامی ڕاگەیاندنە ئازادەکانی شنگال، سەبارەت بە ڕفاندن و دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

ئارگەش شنگالی بەیاننامەی پەیامنێران و ڕۆژنامەنووسانی ئێزدی خوێندەوە، لە سەرەتادا ڕفاندن و دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەدیان ئیدانە کرد و پەیامی پشتیوانیش بە ئاژانسی ڕۆژنیوز درا.

لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەیاندا ڕۆژنامەنووسان ڕایانگەیاند، پێشێلکارییەکانی ئازادیی فکری و ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، زیندانەکانی هەولێر و دهۆک پڕن لە ڕۆشنبیران، ئازادیخوازان، نیشتمانپەروەر و ڕۆژنامەنووسانی کورد، دەسەڵاتداران بۆ پێکهێنانی کارە ناڕەواکانی خۆیان، هەوڵی بێدەنگکردنی میدیای ئازاد و ڕەخنەگر دەدات، پەدەکە بادینان و هەولێری بە تەواوی لەو دەزگایانەی، کە بە پێی پێوەرەکانی نیشتمانپەروەری کار دەکەن، ئازاد و ڕەخنەگرن داماڵیوە و و تەنیا ڕێگە بەو کەسانە دەدات، کە بە پێی بەرژەوەندییەکانی ئەوان کاردەکەن.

هەروەها ڕاگەیەندرا، تا ئێستا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە چەندین ڕۆژنامەنووس کوژراون، ڕۆژنامەنووسان سۆران مامە حەممە، سەردەشت عوسمان، شوکری زەینەدین و وەدات حسێن لە دهۆک و ھەولێر کوژران و نوژیان ئێرهانیش لە شنگال لەلایەن ئەوانەوە شەھید کرا.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، لەم دواییانەدا هاوڕێى ڕۆژنامەنووسمان سلێمان ئەحمەد، خەڵکی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، کە سەرنووسەری بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز بوو، ڕۆژی ١ـی ئۆکتۆبەر بۆ پرسەی باوکی سەردانی حەلەبی کرد، لە ٢٥ـی ئۆکتۆبەریشدا ویستی لە دەروازەی ڤیشخابورەوە بگەڕێتەوە، بەڵام لەلایەن پەدەکەوە ڕفێندرا، سەرەڕای بانگەوازی بەشێکی زۆری دامودەزگاى ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان و ئیدارە و پەیوەندییەکانی ڕۆژائاوای کوردستان، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بیانی و عێراقی پێداگرن لەسەر ئازادنەکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە و گوێ بە بانگەوازەکان نادات.

دەشڵێن، دایکی سیلێمان ئەحمەد، کە ئازارەکانی هێشتا تازە بوون، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوای لە پەدەکە کرد، بەڵام ئەوان لە بەرامبەر داواکارییەکەیدا خۆیان کەڕ و ڵال کردوە، بەڵام پەدەکە ڕێگە بە ڕاگەیاندنەکانی دوژمن دەدات کە گەلەکەی بە ‘تیرۆر’ ناوببات،  ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسانی ئێزدی شنگال، ئەو زوڵم و ستەمەی کە پەدەکە بەرامبەر بە پێشەنگانی ئێمە و بەتایبەت بەرامبەر بە هاوڕێمان سلێمان ئەحمەد شەرمەزار دەکەین، ناتوانن بە کوشتن، گرتن و ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسان ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بێدەنگ بکەن .

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، جارێکی دیکەش دەڵێین: هاوڕێمان سلێمان ئەحمەد و ڕۆژنیوز تەنیا نین، ئێمە بەردەوام دەبین لە وتنی ڕاستیەکان و خزمەتکردنی خەڵک بە کامێرا و قەڵەمەکەمان، ئەو کارانەی پەدەکە دژی دیموکراسیە و کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی دەهێنن و هەرچەند هەوڵبدات ناتوانێت ڕاستییەکان بشارێتەوە، سەرەتا بۆ هاوڕێمان سلێمان ئەحمەد داوای ئازادی هەروەها بۆ سەرجەم پێشەنگانی ئێمە و ئازادیخوازانی زیندانەکانی پەدەکە دەکەین.

ب. ق

Comments are closed.