چەند دۆسییەیەکی نهێنی لەسەر “بە هەدەردانى” سامانى گشتى هەرێم ئاشکرا دەکرێت

ناوەندی هەواڵەکان

عەلی حەمە ساڵح پەڕلەمانتاری خوولی پێنجەمی پەڕلەمانی هەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، حكومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی كوردستان بە مووچەی زیاتر لە ٢٦هەزار دۆلار كەسێكیان لە ئەمریکا دامەزراندووە بە پلەی ڕاوێژكاری نێودەوڵەتی.

عەلی حەمەساڵح لە پەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسنێکی بە بەڵگەوە بڵاوکردوەتەوە کە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی ماوە بەسەرچووی حكومەتی هەرێمەوە ئەو كەسە دامەزرێنراوە.

عەلی حەمە ساڵح ئاماژەی بەوە کردوە، ئەو كەسەی كە بە پلەی ڕاوێژكاری نێودەوڵەتی دامەزرێنراوە ناوی ” عەبدولمەجید”ـە كە نیشتەجێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، بڕیار دراوە جگە لەو مووچەیەی بۆی دیاریكراوە، بڕی “١٠” هەزار دۆلاری دیكەی وەك خەرجی بۆ دابین بكەن.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی هەرێم ڕەخنە لەحكومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی كوردستان دەگرێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات حكومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم توانای دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرەكانی نییە، كەچی ڕاوێژكاری نێودەولەتی بە مووچەی خەیاڵی دادەمەزرێنێت و کاری پەیوەندییە گشتییەكانی بۆ ئەنجام دەدات.

هاوکات عەلی حەمە ساڵح دۆسییەکى دیکەى نهێنی ئاشکرا کردووە و بڵاویکردووەتەوە، نەدیم زەهاوی، کە وەزیریی دارایی بوو لە کابینەکەى بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بەتۆمەتی گەندەڵی لە حکومەت دەرکرا، بەڵام بۆ چەند خولەکێک قسەکردن لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک بڕی شەش هەزار و  ٨٦٦پاوەند واتە هەشت هەزار و ٦٨٠ دۆلاری بۆ خەرج کراوە.

ئاماژەى بەوەش کردووە، ئەو پارەیە لەبری قسەکردن و شوێنى مانەوەى لە شاری دهۆک لەو ماوەیەی کە ماوەتەوە.

تائێستا حکومەتى ماوە بەسەرچووی هەرێم لەسەر ئەو زانیاری و بەڵگانەى عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری خولی پێشووی هەرێمی کوردستان هیچ وەڵام و لێدوانێکی نەداوە.

 

 

هـ.ح

 

 

 

Comments are closed.