“دوای ٢٥ ساڵ لە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەر ئاپۆ”

سەردار ستار

سەختی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردستان، دیارە وەک هیچ گەل و نەتەوەیەکیتر نییە، زۆرێک لە گەلان لە ماوەی چەند ساڵێکی کورت لە خەبات و تێکۆشان گەیشتوون بەئازادیی. کێشەی نەتەوەی کورد، وەک چۆن لە هەرێمەکەدا دابەش بۆتە سەر چوار دەوڵەتی داگیرکەر، بەهەمان شێوە پرسێکی جیهانییشە، چونکە زلهێزە جیهانی و دەوڵەتە هەژموونگەراکان بەشێکن لە و داگیرکەریی و دوژمنایەتییەی سەر کوردستان، بەڵام بۆ ئەوەی گەلی کورد لە خشتەبەرن و دۆزەکەی بەلاڕێدا بەرن، بۆیەش ماوە ماوە خۆیان وەک دۆستی نیشاندەدەن. لە بنەمادا ئەگەر زلهێزە جیهانییەکان بیانەوێت دەتوانن لە ماوەیەکی کورتدا کێشەکەی چارەسەربکەن.

زیندانی دوورگەی ئیمرالی کە وەک هاوشێوەیەک لە زیندانی گوانتانامۆ بەناودەکرێت، بۆیە زیندانی بوون لە شوێنێکی وا کارێکی هەروا ئاسان نییە. چونکە دوژمنایەتی دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا لە بەرانبەر گەلی کورد چۆنە زۆر کەم  دەناسرێت، جا دەبێ دوژمنایەتی ئەو دەوڵەتە زاڵمە لە بەرانبەر رابەر و پێشەوای نەتەوەی کورد چۆنبێ، کە بۆتە هۆکارێک گەلی کورد لە سەر لێواری گۆڕی مردن بیگێڕێتەوە. ئەوکات ئەوەش دەبێ بزانرێت کە خۆڕاگریی و رووبەڕووبوونەوەی رێبەر ئاپۆش لە چ ئاستێک دابێ کە توانی لە زیندان داگیرکەریی بەچۆکدابێنێ و ناچاری بکات لەگەڵی بکەوێتە گفتووگۆ و دانوستان. ئەو بەرخودانە بێ هاوتایەش دیسان کاری ئەو ڕێبەرە مەزنەیە کە توانیویەتی بە هزر و فەلسەفەکەی، خۆی بکاتە گەردوونی.

یادی بەخێر شێرکۆ بێکەسی شاعیر لە گەڵ ئاشکرا بوونی پیلانگێڕیی و ڕادەستکردنەوەی رێبەر ئاپۆ بە دەوڵەتی تورکیا لە ١٥-٢-١٩٩٩ گووتی، پڕشنگی رۆح دەستگیر ناکرێ، واتا رۆح و هزری ئازادیی رێبەر ئاپۆ دیل ناکرێ. لە تێکۆشانی ٢٥ ساڵی زیندانیش، رێبەر ئاپۆ سەلماندی کەوا هێزە هەژموونگەرا و داگیرکەرەکان ناتوانن ئیرادە و هزر و باوەڕیی و رۆحی ئەو بۆ ئازادیی دیل بکەن. بەپێچەوانە زیندانی کردە شوێنی لە دایکبوونی پارادایم و ستراتیژی نوێ، بۆیەش بە ناوی کرد، بە لەدایک بوونی سێیەم.

لە ٥١ ساڵ لە تەمەنی شۆڕشگێڕیەتی رێبەر ئاپۆ، ئەوا ماوەی ٢٥ ساڵە ئەو خەبات و تێکۆشانە لە زیندان بەڕێوە دەبات، سێ ساڵیشە لەژێر گۆشەگیرییەکی توندایە، کە تەنها خێزان و پارێزەریش ناتوانن بیبینن. بۆیە کاتێک سەیری گشتی ئەو تێکۆشانەی رێبەر ئاپۆ دەکەین هەمووی لە مەحاڵ دەچێ و هیچ قۆناخێکی بە شێوەیەکی ئاسایی بەدی نەهاتووە، جا لە ٢٥ ساڵی زیندانی ئیمرالی، مەحاڵەکان بوونە چەند قاتی تر، ئیتر بەرخوادن لە دەریای مەڕمەڕە، هەروەها ئافراندنی پارادایم و ستراتیژی نوێی تێکۆشان، هەروەها سیستەم و مۆدێڵێکیتر بۆ بەڕێوەچوونی گەلی کوردستان، بۆ ئەمانەش بە هەزاران لاپەڕە نووسین و دیالۆگ و گفتوگۆیەکی زۆری بەڕێوەبردن، بەوپەڕی باوەڕبەخۆبوون هەموو رێبازە دیموکراتەکانی بۆ چارەسەری سیاسیانەی کێشەی کوردی پێشکەشی دەوڵەتی تورکیا کرد و پێیڕاگەیاندن کە خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزە بۆ چارەسەریی.

هەشت ساڵە گۆشەگیریی لەسەر گۆشەگیریی و سزای دسپلین لەسەر سزا بەسەر رێبەر ئاپۆ دەسەپێنن، لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا تەنها لە بەهاری ٢٠١٩ لە ئەنجامی تێکۆشان و بەرخودانی هەڤاڵانی زیندان بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن و چالاکی فیدایانەی هەڤاڵان زولکف و ئەیتەن …هتد چەند دیدارێک ئەنجامدران، وەکوتر بەهیچ جۆرێک رێگەیان بە دیدار نەداوە. ئەو قسە کردنە چەند خولەکیەی لە ٢٠٢١ بە تەلەفۆن ناتوانین بە دیدارێکی ئەوتۆی بژمێرین، چونکە رێگە نەدراوە کە رێبەر ئاپۆ پەیامەکانی بگەێنێ، هەمانکات هیچ لێدوان و قسە کردنی تریشی بەدوادانەهات. دەبێ ئەو پرسیارە بکەین لە ماوەی ٢٥ ساڵی زیندان، رێبەر ئاپۆ زۆرترین پرۆژە و پلانی بۆ چارەسەری کێشەی کورد پێشکەش کرد، دوو جار گرووپی ئاشتیی بانگ کردۆتەوە بۆ تورکیا، وەک نیازپاکی، هەمانکات دووجاریش هێزەکانی گەریلای لە سنوورەکانی تورکیا بردۆتە دەرەوە، لە کۆتا لێدوانیشدا گووتی، ئەگەر دەرفەت بدەن ئەوا دەتوانم لە ماوەی هەفتەیەکدا پرسەکان چارەسەر بکەم، بەڵام دوژمن لە دەرەوەی شەڕ، کوشتن، داگیرکەریی و زیندانی کردن و زیاتر خۆپڕچەکردن هیچ پرۆژە و پیلانێکیتری نەبووە؟ باشە بۆچی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیا بەو ڕادەیە لە پرۆژە و پیلانەکانی چارەسەری رێبەر ئاپۆ دەترسێ، بۆچی تا ئەو ڕادەیە پێداگریی لەسەر شەڕ و کوشتن و لەناوبردن دەکاتەوە، بۆچی ناتوانن لە دەرەوەی زمانی قڕکردن و توانەوە و پاکتاوکاریی بە هیچ زمانیتر قسە بکەن؟

لە ٢٥ ساڵی پیلانگێڕیدا وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ پارادایم و هزر و فەلسەفەکەی کردۆتە گەردوونی و لە پێناو جیهانێکی ئازاد و دیموکرات و کۆنفیدراڵ خەباتەکەی قووڵترکردۆتەوە، بەهەمان شێوە لە لایەنی ئازادییخواز و دیموکراتخواز و سۆسیالیست و ژینگەپارێز و ژنان و گەنجانەوە لە ئاستی جیهانی، بە هەڵمەتی ئازادیی بۆ رێبەر ئاپۆ و چارەسەری بۆ دۆزی کورد، وەڵامدرایەوە. بێگومان ئەوا جاری یەکەمینە لە ئاستی جیهانی زانایان و فەیلەسوفانی وەک ژیژک و چۆمسکی …هتد پێشەنگایەتی بۆ هەڵمەتی ئازادیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ بکەن و هەمانکات ڕۆژێکی جیهانیش دیاری بکەن بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکانی. دەبێ چی لەمە گەورەتر هەبێ کە ئەمڕۆ پارادایمی ڕێبەری شۆڕشی کوردستان، بۆتە سەرچاوەی مۆڕاڵ و هێز بۆ سەرجەم مرۆڤایەتیی پێشکەوتووخواز.

هەڵبەت لە ٢٥ ساڵی ڕابردوو وەک چۆن رێبەر ئاپۆ هەمووشتێکی کرد لە پێناو ئەوەی نەهێڵێ داگیرکەران و نۆکەران و پاکتاوکاران هیچ کەلێنێک بخەنە نێوان خۆی و گەلی کوردستان، گەلی کوردیش بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، هەموو توانست و هێزی خۆی خستەگەڕ لە پێناو پاراستن و ئازادیی ڕێبەرەکەی. بۆیە بە کەمپینی کەس ناتوانێ ڕۆژی ئێمە تاریک بکا لە ١٩٩٨ دەستی پێکرد، تا بە ئەمڕۆی گەیاندووە، هەڵبەت ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکانی گەریلا و هەموو ئەو رێپێوان و خۆپیشاندانەی گەلی کورد لە کوردستان بەڕێوەی دەبات مەبەست و مەرامی یەکەمیان ئازادیی ڕێبەر ئاپۆیە. بێگومان نە گەلی کورد و نە هیچ مرۆڤێکی ئازادییخواز و خاوەن ئەخلاق و ویژدان نایەوێت ڕۆژێک زیاتر رێبەر ئاپۆ لە زیندان بمێنێتەوە، واتا وەک چۆن شەهید ڤیان جاف گووتی، نامەوێت حەوتەمین ساڵی دیلی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندان ببینم. ئێمەش نامانەوێت ٢٦ ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندان ببینین، بۆیە هەر ئێستا ئازادیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری سیاسیی بۆ کێشەی کورد.

ب. جـ

Comments are closed.