ژمارەی قوربانییەكانی غەزە لە ٢٩ هەزار نزیکدەبێتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی تەندرووستیی غەزە نوێتریین ئاماری قوربانییەكانی غەزەی بڵاو كردەوە، كە لە ٢٩ هەزار نزیک دەبێتەوە بەجۆرێک لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٢٨ هەزار و ٤٧٣ هاوڵاتیی فەڵەستینی كوژراون ٦٨ هەزار و ١٤٩ كەسیش برینداربوون.

وەزارەتی تەندرووستیی غەزە و وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژرا و بریندارەكانی جەنگی نێوانییانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا ئاماری نوێیان بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستیی غەزە هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٢٨ هەزار و ٤٧٣ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٦٨ هەزار و ١٤٩ كەس.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ١٣٣ كەس لە غەزە كوژراون و ١٦٢ی دیكەش بریندار بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ١٣٠ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، نزیكەی ٣٥٠ هەزار هاوڵاتیی نەخۆش لە غەزە بەبێ چارەسەرن.

د. ئەشرەف قەدرە وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی غەزە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە ٣٤٠ كامەندی تەندرووستی كوژراون و ٩٩ كارمەندی دیكە بریندار بوون، هەروەها ١٢٣ ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی تەندرووستی تێكشكێندراوە.

وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.

سوپای ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی شەڕی هێزەكانیان لەگەڵ حەماس لە مانگی تشرینی یەكەمەوە تا ئێستا ٥٦٣ سەربازیان كوژراوە.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

هـ.ئـ

Comments are closed.