مەندەلاوی: دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆسەر عێراق هەنگاوێکی مەترسیدارە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت ڕایگەیاند، دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر شوێنە ئەمنییەکانی عێراق هەنگاوێکە بۆ فراوانکردنی ململانێکان، داواشی لە کۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستی جددیانە هەبێت بەرامبەر پرسە نێودەوڵەتیەکان.

کەناڵی “العراقیە” ئەمڕۆ لە دانیشتنی ٣٣ یەمی پەرلەمانی عەرەبیدا لێدوانێکی موحسین مەندەلاوی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی بە وەکالەتی بڵاوکردەوە.

مەندەلاوی ڕایگەیاند: دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر ناوچە ئەمنییەکانی عێراق هەنگاوێکە بۆ فراوانکردنی ململانێکان، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی دەکەین هەڵوێستی جددی و تۆکمە بگرنەبەر لە بەرامبەر پلانێکی مەترسیدار کە جیهان پاڵ دەنێتە ناو ململانێ و قەیرانەکانەوە.

سەرۆکی پەرلەمانى عێراق بە وەکالەت جەختیکردەوە، دووبارەى ئەو هێرشانە لەلایەن ئەمریکاوە بۆسەر عێراق هەنگاوێکی مەترسییدارە و پێویستە ڕێگە لە دووبارە بوونەوەى بگیرێت.

ئەمڕۆ ٣٣ یەمین دانیشتنی پەرلەمانی عەرەبی بەسەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو تێیدا لەبارەى هێرشەکانى ئەم دوایەى ئەمریکا بۆ سەر بنکەو بارەگای گروپە ملیشیاکانى عێراق گفتووگۆ کراوە.

هـ.ح

Comments are closed.