سەرباز بەرزنجی: پێویستە بە هەمووان كەیسێكی یاسایی بۆ تاوانەکانى کورد درووست بكەین

هەڵەبجە

پارێزگاری شاری لامبس لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا سەردانى شاری هەڵەبجەى کرد و ڕایگەیاند، تا وەكوو لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە دادگا فەرمیەکانى جیهاندا تاوانەكانی میللەتی كورد بە جینۆساید نەناسێنرێت، كەیسی كورد ناچێتە قۆناغێكی دیكەوە.

ئەمڕۆ پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی شاری هەڵەبجەی شەهید، پێشوازییان لە پارێزگاری شاری لامبس لە وڵاتی بەریتانیا كرد، هەر دوو پارێزگار بەگرنگییەوە لە سەردانەكەیان ڕووانی.

سەرباز بەرزنجی پارێزگاری شاری لامبس لە بەریتانیا كوردێكی خەڵكی باشوری كوردستانە لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ هەڵەبجە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هەڵەبجە بۆ ئێمە ڕەمزی كوردایەتییە، شانازی بەو شارە پیرۆزەوە دەكەین كە پایتەختی ئاشتییە بەهۆی ئەو قوربانیە زۆرەی داویەتی لەڕابردوو، تائێستاش خۆمان بە كوڕ و كەسوكاری شەهیدانی شارەكە دەزانین، هیچ جیاوزاییەكمان نییە.

وتیشی: خۆشبەختانەش توانیومانە لەو شارەی خۆمان لە وڵاتی بەریتانیا، ساڵانە و بەردەوام یادی هەڵەبجە و ئەنفالكراوان و شەهیدانی كوردستان بكەینەوە، بۆ ئەوەی پیشانی گەلانی دونیای دیموكراسی بدەین بەردەوام زووڵمان لێكراوە تاوانی بەو جۆرەمان بەرامبەر كراوە.

سەرباز بەرزنجی لە قسەكانیدا ئاماژەی بەوەش كرد، یادكردنەوەی ئەم كارەساتانەیی میللەتەكەمان لە دەرەوە زۆر گرنگە، چونكە خەڵك و نەتەوەی دیكە هەیە، تووشی كارەساتی لەمجۆرانە بوون بەردەوام یادیانكردۆتەوە بەگرنگیبەوە، ئێمەش دەبێت مێژوو ڕابردووی خۆمان لەبیر نەكەین، ئەو یادانەی خۆمان بەردەوام پیشانی دونیای دەرەوە بدەین.

پارێزگاری لامبس دەشڵێت: ئەو بەڵگە و دیكۆمێنتانەی كە هەیە لەسەر كارەساتەكانی میللەتی كورد، پێویستە بە هەمووان بتوانین كەیسێكی یاسای بۆ دروستبكەین، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەو تاوانانە بەجینۆساید بناسێنین، تاوەكوو لە ئاستی نێودەوڵەتی و دادگا ڕەسمیەكانی جیهاندا تاوانەكانی میللەتی كورد بەجینۆساید نەناسێنرێت، كەیسی كورد ناچێتە قۆناغێكی دیكەوە.

بەرزنجی لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەوەشكرد، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بۆ مەراسیمێك هاوشێوەی هەڵەبجە، بانگهێشتكرابوین وتارێك پێشكەش كرا لە وتارەكەدا ناوی هەڵەبجە و ئەنفال و جینۆسایدی كورد نەهات، وتیشی: قسەم لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و حكومی شوێنەكە كرد، وتیان تائێستا كارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال و بەجینۆساید نەناسێنراون لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەكاتێكدا خۆشمان وەك میللەتی كورد دەزانین جینۆسایدكراوین، بۆیە ئەم كەیسانەی كورد پێویستی بەدانپێدانانێكی نێودەوڵەتی هەیە، بۆ ئەوەی بە جینۆساید بناسێنرێت.

هـ.ح

Comments are closed.