مەحموود عوسمان: پیلانگێڕی ١٥ـی شوبات دژی هەموو گەلی کورد ئەنجامدراوە

هەولێر

ئەمڕۆ ١٥ـی شوبات ساڵیادی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە شومەکەیە دژ بە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، د.مەحموود عوسمان کەسایەتى سیاسی لە باشووری کوردستان ئەمە بە پیلانگێڕی دژی هەموو کورد ناودەبات و دەڵێت: عەبدوڵا ئۆجالان کە ماوەی چەندین ساڵە لە زیندانە هەمیشە هەوڵی بۆ ئاشتەوایی و دانووستان داوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا نایەوێت کێشەکانی گەلی کورد چارەسەر بکرێت.

لە ١٥ـی شوباتی ساڵی ١٩٩٩و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا کە چەندین وڵات و دەزگا سیخوڕیی تێیدا بەشداربوون و هاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان کرد، لەئەنجامدا لەو ڕۆژەدا ڕێبەر ئۆجالان لە نایرۆبی پایتەختى کینیا لە پیلانگێڕییەکدا ڕفێنرا و لە دوورگەی ئیمرالی لە تورکیا گۆشەگییر کرا، کە تائێستاش لە زیندانە، بەڵام ئەو ئیمرالی کردە کاریگەرترین شوێن بۆ تێکۆشان و وەستانەوە لەدژی فاشیزم و دەسەڵاتی قڕکەری دەوڵەتی تورک.

د.مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری باشووری کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز سەبارەت بە پلانگێڕی ١٥ـی شوبات لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

د. مەحموود عوسمان لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: پیلانگێڕی ١٥ـی شوبات ناحەقییە بەرامبەر بە عەبدوڵا ئۆجالان کە  بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و ئیسرائیل دژ بە عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام درا، دواتر ڕادەستی تورکیا کرا، بۆیە ئەمە تاوانێکی گەورە بوو بەرامبەر بە گەلی کورد و عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا، چونکە بەشێوەیەکی نایاسایی ماوەی چەندین ساڵە زیندانی کراوە بەبێ تاوان، بۆیە دەوڵەتی تورکیا مافی ئەوەی نییە ئۆجالان بخاتە زیندانەوە و دادگای بکات.

مەحموود عوسمان وتیشی: عەبدوڵا ئۆجالان سەڕەرای ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە لە زیندانە هەمیشە هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئاشتەوایی و دانووستان، بەڵام دەوڵەتی تورکیا نایەوێت کێشەکانی گەلی کورد چارەسەر بکرێت، بەڵکو دژی مافەکانی گەلی کوردە، بەردەوام رێگای شەڕی هەڵبژاردووە دژ بە گەلی کورد.

ئەو سیاسەتمەدارە باسی لەوەش کرد: وڵاتانی بەشدار لە پیلانگێڕیی دژ بە عەبدوڵا ئۆجالان، بەشێوەی پیلان داڕێژراوی ئەمریکا ئەنجامدرا کە لە  بەرژەوەندی دەوڵەتی تورکیا بوو، بۆیە وڵاتانی بەشدار لەو  پیلانگێڕییە لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەشداریان لەو پیلانگێڕییە کرد.

مەحموود عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد: دەوڵەتی تورکیا لە دەستگیر کردنی عەبدوڵا ئۆجالان دەیوویست ئەوە بە  گەلی کورد بڵێت، کێشەی گەلی کورد لە تورکیا نییە، بەجۆرێک ئەوەی لە خاکی تورکیا بژیت تورکە، واتا  بەهەموو شێوەیەک دان بە مافی هیچ نەتەوەیەک دا نانرێت.

لەبەشێکی دیکەى قسەکانیدا د. مەحموود عوسمان باس لەوە دەکات، ماوەی چەندین ساڵە  لێبوردنی گشتییان بۆ ئۆجالان دەر نەکردووە، بۆیە جەخت دەکاتەوە کە ئەمە سیاسەتێکی ڕەگەز پەرستانەیە دەوڵەتى تورکیا پەیڕەوی دەکات.

لە کۆتایی قسەکانیدا مەحموود عوسمان ڕایگەیاند: پێویستە هەوڵەکانی گەلی کورد بەردەوام بێت، لە ڕێگای خۆپیشاندان و کەمپین و  دەربڕینی  هەڵوێست بۆ داواکردنی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان، بەڵام وڵاتانی نێودەوڵەتی لەبەر بەرژەوەندی تورکیا ناینە دەنگ، بۆیە دەبێت هەوڵەکانی گەلی کورد بەردەوام بێت تاوەکو ئۆجالان لە زیندان ئازاد بکرێت.

هـ.ح

Comments are closed.