“هۆکاری گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ترس بوو لە فکریی ڕێبەر ئۆجالان”

سەلمان عوسمان

٢٥ ساڵ پێش ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە هاوکاری چەندین وڵات و دەزگای سیخوڕیی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیان بەرانبەر بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دا، چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت: عەبدوڵا ئۆجەلان دژی سەرمایەداریی بوو، فکرەکەشی بۆ چارەسەریی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو، ئەمەش ترسی لای داگیرکەران درووست کردبوو.

٢٥ ساڵ پێش ئێستا و لە ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩، دەوڵەتانی داگیرکەر پیلانگێڕیی نێودەوڵەتییان بەرانبەر ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ کرد و لە وڵاتی کینیا ڕفاندیان و دواتریش لە زیندانی ئیمراڵی لە تورکیا زیندانیان کرد، بەڵام ئەو زیندانیی کردە مەیدانى تێکۆشان بۆ گەلی کورد و ڕووبەڕووی قڕکردن و فاشیزم وەستایەوە، ئەمەش بووە ئیرادەیەکی بەهێز بۆ گەلی کورد تا دژ بە داگیرکاریی و قڕکردنەکانی دەوڵەتى داگیرکەر ببێتەوە.

عومەر محەمەد
عومەر محەمەد

لەوبارەیەوە عومەر محەمەد چاودێری سیاسیی  لە بارەی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی بەرامبەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

عومەر محەمەد وتی: ڕێبەر ئاپۆ بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دەستگیر کرا، چونکە لە فکری ڕێبەر ئاپۆ دەترسن، لە پیلانی ستراتیژیی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا و تورکیای هاوپەیمانی، لەگەڵ ئسرائیل کە ڕۆڵی سەرەکی بینی، دەیانزانی تەنها ڕابەرە خاوەن ڕووئیا و فەلسەفە بێت و چارەسەری پێبێت، بۆ گەلی کورد و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵات، ئەمەش مەترسی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان و هاوپەیمانەکانیان بە تایبەت تورکیا درووست کردبوو.

سەبارەت بە چارەسەرییەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەو چاودێرە سیاسییە وتی: دەوڵەت نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر بنەمای نەتەوە پەرستی درووستبوونە، نەتەوە پەرستیش چارەسەر نەبوو بۆ گەلانی ژێردەستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەسەڵاتەکان وێنەیەکی جوانیان پیشان نەداوە، لێرەدا سەرۆک ئاپۆ بە ڕێگە چارەی دیموکراسی و  خۆڕێبەریی بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات هەوڵی چارەسەریدا، بۆ ئەوەی لە ناوچەکە پێکەوەژیان هەبێت، دەستێوەردانی وڵاتە زلهێزەکان نەهێڵێت و بەیەکجاری کێشەی کورد و گەلان  چارەسەر بکات.

لە بارەی ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ وتی: عەقڵییەتی فاشیستی تورکی هەموو کێشەی کورد لە خودی ڕێبەر ئاپۆ وێنا دەکەن، چونکە لە دید و بۆچوونی ڕێبەر ئاپۆ دەترسن بۆ چارەسەریی کێشەکان، هەربۆیە تورکی شۆڤێنی تەنانەت ڕێگەش نادات  کەس و کارەکەشی سەردانیبکەن، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت، ڕەنگە دوونیابینی جوانتری پێبێت بۆ چارەسەری گەلان.

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەکرد: ڕێبەر ئاپۆ بە پیلانێکی مخابەراتیی و دووژمنکارانە دەستگیر کرا و هیچ وڵاتێک نەیگرتە خۆی، چونکە ئەو دژی سیستەمی سەرمایەدارییە دەیەوێت سیستەمی دیموکراتیی هەبێت، سیستەمیی سەرمایەداریی مرۆڤی وەک ڕۆبۆت ئەوێت کە تەنها ئامانجی قازانجە، بەڵام لە سیستەمیی دیموکراتیی  مرۆڤ بە بنەما دەگیرێت، بۆیە  ئەرکی هەموومانە داکۆکیی لە ئازاد بوونی ڕێبەر ئاپۆ بکەین.

هـ.ح

Comments are closed.