عومەر حسێن: ڕێبەر ئۆجالان تەواوی سیستەمی سەرمایەداریی هەڵوەشاندەوە

چەمچەماڵ

عومەر حسێن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی، لە بارەی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی لە دژی ڕێبەر ئۆجالان و هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهان دەڵێت: ڕێبەر ئۆجالان پێشەنگایەتیی بۆ درووستکردنی شارستانێتییەکی نوێ کرد، بەمەش تەواوی سیستەمی سەرمایەداریی کە بووە بە گۆڕستانی مرۆڤایەتی هەڵوەشاندەوە، هەر بۆیە پیلانگێڕیی نێوەدوڵەتیی لەدژی بەڕێوەچوو.

٢٥ ساڵ پێش ئێستا، لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییدا، بە بەشداریی گلادیۆی ناتۆ و هەموو دەزگا هەواڵگیرییەکانیان، لە وڵاتی کینیا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان ڕفاند و لە زیندانی ئیمرالییدا گۆشەگیر کرا، ماوەی نزیکەی ٣٥ مانگیشە، گۆشەگییرییەکی توند لە دژی بەڕێوەدەچێت و ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادرێت چاویان پێی بکەوێت و هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندرووستی نازاندێت، لەو بارەیەوە عومەر حسێن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

عومەر حسێن وتی: ڕێبەر ئۆجالان پێشەنگایەتیی بۆ درووستکردنی شارستانیتییەکی نوێ کرد، ئەمەش هەوڵێکی مێژووییە، چونکە وەک بیرمەندێک بەسەر تەواوی پێکهاتەکانی مرۆڤایەتییدا دابەشبووە، لە هەموو بوارەکاندا قوڵ بووەتەوە و چارەسەریی بۆ هەموو کێشەکان پێشخستووە.

ئاماژەی بەوەشدا، وەک چۆن درکی بە هەموو کێشەکان دەکرد و چارەسەریی پێشدەخست، ڕێبەر ئۆجالان درکی بە هەموو پیلانگێڕییەکانیش کرد و سەرلەبەریی هەڵدەوەشاندەوە، بۆیە وڵاتانی ناتۆ زانییان هەموو پیلانەکانیان پووچەڵبووەتەوە بڕیاریاندا لەسەر زەویدا هیچ جێگەیەکی بۆ نەمێنێتەوە ، وڵاتان پێکەوە لەناو پیلانگێڕییەکی نوێدا یەکیانگرت و دەستگیریان کرد و پاشان لە زیندانی تاکەکەسییدا گۆشەگیرییان کرد.

عومەر حسێن جەختیشی کردەوە، ڕێبەر ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالییدا، تەواوی سیستەمی شارستانیی سەرمایەداریی هەڵوەشاندەوە و شارستانێتییەکی نوێی ئافراند، لە بەرگریینامەکانییدا سیستەمێک دەئافرێنێت، کە تەواوی ئەو سیستەمە بەڕێوەبەرایەتییەی ئێستا بۆ مرۆڤ بووە بە گۆڕستان و قڕکردنی مرۆڤ و شەڕ و ئاڵۆزیی ڕەت دەکاتەوە.

باسی لەوەشکرد، لەم ڕۆژەدا، نەک ئازادیی بکەن بەڵکو تەنها شوێنەکەشی بگۆڕن کێشەی کورد چارەسەر دەبێت، بتوانێت چاوی بە پارێزەرەکانی بکەوێت و دەنگی بگات بە گەل، لەمەشەوە دەبێت دان بە دۆزی کورددا بنێن و ئەبێت بڵێن کورد نەتەوەیەکە و ئێمە لە سەرەتای سەدەنی نۆزدە ئێمە هەڵەمان کرد.

هەروەها وتیشی: ئەمڕۆ بە ملیۆنان مرۆڤی ئازادییخواز لە کورد، عەرەب، ئەرمەن، ئەوروپیی و ئەمریکیی، لە گۆڕەپانەکاندا داکۆکی لە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن، ڕەنگە ئەمەش لە داهاتوودا بە دڵنیاییەوە دەبێت بە دەستکەوت و چارەسەری گەورە بۆ مرۆڤایەتیی.

ب. جـ

Comments are closed.