محەمەد ئەمین پێنجوێنی: بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان شۆڕشەکەی زیاتر پەرەیسەند

باران گەرمیانی

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری کورد دەڵێت: دوژمنان هەوڵیاندا بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان شۆڕشەکەی کپ بکەنەوە، بەڵام پێچەوانە بووەوە و زیاتر پەرەیسەند، دەشڵێت: دەبێت هەموو چین و توێژەکان هەوڵ بدەن بۆ ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان.

لەم چاوپێکەوتنەدا، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاستمەداری کورد، باس لە هەوڵەکانی پشت پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پێشکەوتنی شۆڕشی ئازادیی دوای پیلانگێڕییەکە، ڕادەستنەبوونی ڕێبەر ئۆجالان بە دەوڵەت و گەیاندنی پەیام و دیدگاکانی لە چوارچێوەی بەرگرینامەکانییدا دەکات.

“شۆڕشی پەکەکە گەشتە ناوەندە دیپلۆماسییەکانی جیهان”

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، لەسەرەتای قسەکانییدا ئاماژەی بەوەکرد، شۆڕش لە کوردستاندا بوو بە شۆڕشی سەرتاسەری، ئەمەش هەموو ئەو دەوڵەتە زلهێز و داگیرکەرانی جیهانی تۆقاند، کە بزووتنەوەی شۆڕشی پەکەکە هاتە سەر شەقامەکان و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی جیهان، ئەمەش ترسێکی گەورەی لای هەموو دوژمنان دروستکرد، گەر ئەم شۆڕشە هێندە بەهێزبێت و یەکگرتوو بێت ئەوا ئازادیی خۆی بە دەست دەهێنێت.

وتیشی: بۆیە تێڕامان چۆن ئەم شۆڕشە کپ بکەنەوە، بیریان کردەوە کە دامەزرێنەری ئەم شۆڕشە بەڕێز ئۆجالانە، پێویستە لە گۆڕەپانی سیاسییدا نەمێنێت، بڕیاریاندا بیکوژن یان دەستگیری بکەن، بۆیە تورکیا کەوتە هەوڵەکانی لەگەڵ داگیرکەرانی دیکەی کوردستاندا و چەندین جار هەوڵی تیرۆرکردنی درا،

“دەستگیرکردنی بووە هۆی بەرفراوان بوونی شۆڕشەکەی”

ئەو سیاسەتمەدارە، باسی لە ئامانجەکانی پیلانگێڕییەکە کرد وتی: بەڕێز ئۆجالان داینەمۆی ئەو شۆڕشەیە کە لە هەموو پارچەکەکانی کوردستان گڵپەی شۆڕشەکە بەرەو گڕگرتن دەڕۆشت، بۆیە وڵاتانی ناتۆ پێکهاتن لەسەر دەستگیرکردنی و بە هەموو دەزگا هەواڵگیرییەکانی جیهانەوە لە کینیا ڕفاندیان، هەوڵیانیش دا کە تەنها دەستگیری بکەن، وڵاتان پێیان وابوو بە دەستگیرکردنی دەتوانن بزووتنەوەی پەکەکە لەناوبەرن، بەڵام بە پێچەوانەوە بە دەستگیرکردنی بوو بە پاڵنەرێک کە گەل زیاتر لە دەوری شۆڕشی ئازادییخوازی کورد و ئەم تەڤگەرەدا کۆ ببنەوە و شۆڕشەکەشی زیاتر بڵاوبوویەوە، زیاتر ئامادەبن بۆ گیانفیدایی.

وتیشی: دوای دەستگیرکردنی ساڵانە بە سەدان گەنجی کورد پەیوەندییان بە شۆڕشی ئەم بزووتنەوەیە دەکرد بۆ خۆ بەختکردن بۆ ئازادیی بەڕێز ئۆجالان، ئەم بزووتنەوەیە بە گرتنی بەڕێز ئۆجالان لە بواری سەربازیی، سیاسیی، ئابووریی و لایەنگیرانی زیاتر بوو، ئەو هەڵسەنگاندنەی کە دەزگا هەواڵگیرییەکان کردیان دەتوانین بڵێن بە تەواوی پیچەوانە بوویەوە.

“لەزیندانیدا پرۆژەیەکی ژیانی نوێی خستە بەردەم جیهان”

لە درێژەی قسەکانییدا پێنجوێنی وتی: وایان دەزانی سزادانی بەڕێز ئۆجالان بە هەتاهەتایی دەبێتە هۆی ڕووخانی، زۆر سەرکردەی جیهانی بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی بەندینخانە مردوون یان سیاسەت و ئایدۆلۆژیای خۆی گۆڕیوە، بەڵام ئۆجالان لە زینداندا کۆمەڵێک کتێبی نووسییوە، ئەمەش پێگەیاندنی فەلسەفەیەکی نوێیە، پڕۆژەیەکی نوێی ژیانی دەخاتە بەردەم جیهان، نووسینەکانیش بۆ هەموو گەلانە، بۆیە لە لایەنی فکری و فەلسەفی و بیروباوەڕیی بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی پرسی کورد زیاتر پێشکەوت.

“ئازادبوونی واتا چارەسەریی کێشەی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”

هەروەها جەختیشی کردەوە، چارەنووسی گەل و ئازادیی کوردستان بەشێکی زۆری بەندە بە ئازادیی بەڕێز ئۆجالانەوە، واتا چارەسەریی کێشەی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان، بە ئازادبوونیشی زۆرترین کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەبێت.

بە پێویستیشی زانیی کە گەل خاوەندارێتیی لە ڕێبەرەکەی بکات و وتی: هەر لە یەکەم ڕۆژی ڕفاندنییەوە گەلی ئازادییخواز و دیموکراتییخواز بە ملیۆنان لە گۆڕەپانەکاندا ڕایانگەیاند کە ئەمە زوڵمە لە گەل و کەسێكی فەیلەسوف و شۆڕشگێڕیی کورد دەکرێت، ئێستاش ئەرکە لەسەر گەنجان، ڕۆشنبیران، وڵاتپارێزان و هەموو توێژەکان ئەوەیە، کە لە هەموو ناوچەیەک بە پێی توانای خۆی هەوڵبدەن بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، بۆ ئەوەی ئەو مەشخەڵە ئازادییەی کە هەڵیکردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ گڕتر بێت و نەکوژێتەوە.

ب. جـ

Comments are closed.