شوان داودی: کورد لە کەرکووک لە بەردەم مەترسی چاوەڕوانکراو دایە

بڕوا ئەسعەد

شوان داودی چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەنووس باس لە گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک کەرکووک دەکات و دەڵێت: پارتی و یەکێتى خاوەنى یەک وتاری هاوبەش نین لە کەرکووک، بەهۆی ئەو پەرتەوازەییەشەوە مەترسی لەسەر پێکهاتەى کورد لە کەرکووک هەیە.

لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوموومەنی پارێزگای کەرکووک، هیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی ئەنجام نەدراوە، بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێ کەرکووک لە نێوان لیست و پێکهاتەکاندا، تەنانەت یەنەکە و پەدەکەش وەکوو خاوەن زۆرترین دەنگی کوردی شارەکە، خاوەنی پڕۆژەیەکی ڕوون و ئاشکرای هاوبەش نین، سەبارەت بەو دۆخەی هەیە.

لەسەر ئەو پرسە شوان داودی چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەنووس بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

“کورد یەکگرتوو نییەو خاوەنى یەک وتاری هاوبەش نییە”

شوان داودی لەسەرەتای قسەکانیدا وتی: ئەوەی جێگەی تێبینیە لە دوای هەڵبژاردنیش کورد نەیتوانیوە یەک وتاربێت، بەڵام عەرەب و تورکمان یەکگرتووترن، بۆ نموونە شەش کورسیەکەی عەرەب، بەرەی سێ کوتلەی هەڵبژاردنن، بەڵام وەکوو پێکهاتەی عەرەب بە شەش کورسیەوە دەڕۆنە دانیشتن و ڕێکەوتنە سیاسیەکانەوە، بە هەمان شێوە بەرەی تورکمانی کە خاوەنی دوو کورسین، لە ناوخۆدا ململانێی توند لە نێوان هەردوو باڵەکەی حەسەن تۆران و ئەرشەد ساڵەحی هەیە، ئەوانیش وەکوو دوو کورسی تورکمان دەڕۆنە گفتوگۆوە، بەڵام بە داخەوە کورد خاوەنی حەوت کورسیە، وەکوو دوو لیست  یان وەکو دوو کوتلەی جیاواز مامەڵە دەکەن، عەرەبەکانیش وەکو دوو پێکهاتەی جیاواز سەیری کورسییەکانی پەدەکە و یەنەکە دەکەن.

“عەرەب و تورکمانەکان پارتى و یەکێتى وەک یەک پێکهاتە سەیر ناکەن”

داودی ئاماژەی بە پڕۆژەی لایەنە عەرەبیەکان کرد و وتی: ئەو پڕۆژەیەی عەرەبەکان پێشکەشیان کردووە، داوا دەکەن پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بۆ ئەوان بێت و دوو ساڵ بۆ یەنەکە بێت، پەدەکەو تورکمانەکانیش پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن دوو ساڵ بە دوو ساڵ وەربگرن، واتا حسابی دوو کورسییەکەی پەدەکە، وەکوو پێکهاتەیەک دەکەن، واتا یەنەکە و پەدەکە وەکوو دوو پێکهاتەی جیاواز هەژمار دەکەن، نەک بەرەی کوردی، ئەمەش سوود وەرگرتنە لەو پەرتەوازەییەی ماڵی کورد.

” ناکۆکی پارتى و یەکێتى کێشەى گەورە بۆ کەرکووک دروست دەکات”

سەبارەت بە کۆبوونەوەی دەباشان، کە لە نێوان یەنەکە و پەدەکە ئەنجامدران شوان داودی وتی: لە دوای کۆبوونەوەکەیان یەنەکە و پەدەکە بەیانێکیان دەرکرد، کە هەردوو لاییان کۆکن لە سەر ئەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دابنێن، هەموو کوردێک کۆکە لە سەر ئەوەی پارێزگارێکی کورد دابنرێت، بەڵام هەنگاوە کردارییەکان چین بۆ ئەو پرۆسەیە، دەبواییە بیانووتایە کورسیەکانی هەردوولایان، لە ئەنجوومەنی نەینەوا و کەرکووک، دەبنە کورسی لیستی کوردی، بە داخەوە لە بەیاننەکەیانندا ئەوە نەهاتبوو، واتا ناکۆکیەکیان هەیە و ناتوانن وەکوو یەک لیست خۆیان ڕابگەیەنن، پێشم وانیە بتوانن وەکوو لیستێک مامەڵە بکەن، ئەمەش لە ئایندەدا گرفتی گەورە بۆ پێکهاتەی کوردی درووست دەکات.

” کورد لە بەردەم ئەگەر و مەترسی چاوەڕوانکراو داین”

ئەو ڕۆژنامەنووسە باس لەوەش دەکات، سەرباری هەموو ڕەخنە و تێبنیەکانی خەڵک لە پێناو دۆزی کورددا دەنگی داوە، بەو دوو حزبە، بۆ کوردی شارەکە دەنگدانێکی نەتەوەیی بووە، وتیشی: بە داخەوە هەتا ئێستا نەتوانراوە ڕێز لەوە بگیرێت، ئێمە وەکوو کورد لە بەردەم ئەگەر و مەترسی چاوەڕوانکراوداین، ئەوەی ئێستا دەتوانین بە دەستی بهێنین، لە خولێکی دیکەدا ئەو هەلەمان نیە بە دەستی بهێنین.

“کورد تەمبەڵە لە نەوە خستنەوە بە پێچەوانەی پێکهاتەی عەرەبییەوە”

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو رۆژنامەنووسە ئەوە دەخاتەڕوو، کورد هەتا ئێستا توانیوێتی ئەوە بپارێزێت کە گەورەترین پێکهاتەی شارەکەیە، بەڵام ئەمە لە بەردەم مەترسیدایە، چونکە بەوتەى ئەو، کورد بەردەوام لە کەرکووکەوە دەڕواتە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ دەبێت، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کورد تەمبەڵە لە نەوە خستنەوە بە پێچەوانەی پێکهاتەی عەرەبیەوە، چوونکە بە لێشا و ڕوو لە کەرکووک دەکەن و بە لێشاو نەوە دەخەنەوە.

شوان داودی باس لەوە دەکات، پێویستە مادەی ١٤٠ جێ بە جێ بکرێت، بۆ ڕاستکردنەوەی جوگرافیای کەرکووک، پێویستە یەکەم شەڕ لە گەڵ هەرێمی کوردستاندابێت، ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەوە ڕازین کەلار و کفری و چەمچەماڵ و قادر کەرەم بەو هەموو داهاتەوە بگەڕێتەوە سەر کەرکووک، ئەگەر جوگرافیای کەرکووک ڕاست نەکرێتەوە، جوگرافیای دانیشتوانیش ڕاست نابێتەوە.

“دەبێ کوردی کەرکووک بە ستراتیژێک بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شوان داودی کێشەی کوردی کەرکووک و فەڵەستین وەکوو یەک بەراورد کرد و وتی: ئێمە وەکوو فەڵەستینیەکانمان لێ هاتووە، لە هەر قۆناغێکدا کۆمەڵێ دەستکەوتی گەورە لە دەست ئەدەین، دەبێ کوردی کەرکووک بە ستراتیژێک بگاتە ڕێککەوتن لە گەڵ نەتەوەکانی دیکە، لانیکەم ئەو کوردانەی ماون لە شارەکە بمێننەوە جێی نەهێڵن، ئەو قەبارەیەی ئێستا هەیە بیپارێزن.

” هەتا ئێستا کورد لە کەرکووک وتارێکی ڕوونی نییە”

هاوکات شوان داودی باسی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و وتی: هەتا ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوون بە ڕێکەوتنی سیاسی، بۆیە تورکمان و عەرەب ئامادەی دانیشتن نەبوون، جگە لەوان هەتا ئێستا کورد وتارێکی ڕوونی نییە، ڕاستە کورد چووەتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەوە، بەڵام هەتا ئێستا کاندیدیان بۆ پارێزگار سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا نییە، بە ئاشکرا دەڵێن داوای پارێزگارێکی بێ لایەن دەکەین بۆ کەرکووک.

لەبارەى دانانى پارێزگاری بێلایەنیشەوە ئەو ڕۆژنامەنووسەى کەرکووک وتی: پارێزگارێکی بێ لایەن، یانی پارێزگارێکی لاواز، پارێزگار ئەگەر هێزی سیاسی پشتیوانی نەکات بە کار دەهێندرێت، پێشتر کەرکووک پارێزگاری بێ لایەن هەبوو لە کەرکووک، هەموو لایەنەکان داوای دەستکەوتی لێی دەکرد و کەس ئامادە نەبوو هاوکاری بکات لە کاتی قەیرانەکاندا.

“بە هۆی پەرتەوازەییەوە وڵاتان دەتوانن دەستێوەردان لە کەرکووک بکەن”

لە کۆتایی قسەکانیدا شوان داودی سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووس، باسی لە دەستیوەردانەکانی وڵاتانی دەوروبەر کرد وتی: بە هۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی یەک وتارییە، وڵاتان دەتوانن بە ئاسانی دەستێوەردان بکەن، دۆستایەشییان لە گەڵ حزبە کوردیەکاندا لە پێناو بەرژەوەندییە جەمسەرییەکانی خۆیاندایە، لە هەژماری گەلی کورد.

هـ.ح

Comments are closed.