سیاسەتمەدارێک: تورکیا نەیتوانیوە فکرو فەلسەفەى ڕێبەر ئۆجالان زیندانی بکات

ناوەندی هەواڵەکان

عەلی زەنگەنە، سیاستەمەداری کورد، باس لە پیلانگێریی نێودەوڵەتیی، ئازادیی جەستەیی، فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجەلان دەکات و دەڵێت: دەوڵەتی تورک بە زیندانیی کردنی نەیتوانی ڕێگریی لە فکرەکەی بکات، تا ئازادیش نەبێت ناوچەکە ئارامی بە خۆیەوە نابینێت، چونکە فکر و فەلسەفەکەی بۆ ئازادیی هەموو گەلانی بندەستە.

ماوەی چارەکە سەدەیەکە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییدا بە بەشداریی وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ، لە زیدانی تاکەکەسیی ئیمرالییدا گۆشەگیرکراوە، ماوەی نزیکەی ٣٥ مانگیشە ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادرێت چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجامبدەن، ئەمەش کاردانەوەی لەناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا درووستکردووە، لەو بارەیەوە عەلی زەنگەنە، سیاسەتمەداری کورد بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

لە سەرەتای قسەکانییدا، عەلی زەنگەنە، سیاسەتمەداری کورد وتی: ڕێبەر ئۆجالان بە بۆچوون و فکرەکەی دەستی برد پرسێکی قورس، کە جوگرافیاکەی تورکیا بوو، دەستبردن بۆ ئەو پرسە مەشخەڵێک بوو بۆ ئازادییخوازانی جیهان، فکرەکەی تەنها لە کتێبەکانییدا نەمایەوە، بەڵکو فەلسەفەکەیشی جێبەجێ کرا، ئەم فەلسەفەیەش لەلای گەلی کورد و گەلانی جیهان دەنگدانەوەی هەبوو.

هەروەها باسی لە پرسی ئازادیی ژنان لەلای ڕێبەر ئۆجالان کرد و وتی: پرسی ئازادیی ژن و ئەو کەسایەتیییەی کە گەڕاندییەوە بۆ ژن و بوون بە پێشەنگ و خاوەن بڕیار هەمووی بە هۆی فکرەیە بەڕێز ئۆجالانەوە بوو.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو گەمارۆیەی کە کرایە سەری پیلانگێرییەکی نێودەوڵەتی بوو، تورکیا بە زیندانییکردنی نەیتوانی فکرەکەی زیندانی بکات، چونکە ئۆجالان تەنها داوای ئازادیی بۆ کورد نەکرد، بەڵکو داوای ئازادیی بۆ هەموو گەلانی بندەست دەکرد.

دەشڵێت: بەڕێز ئۆجالان ئازادە و زیندانیی نییە، فکر و فەلسەفەکەی لە هەموو سەرانسەری جیهاندا کاری لەسەر دەکرێت و گرنگی پێدەدرێ، بۆیە تا بەڕێز ئۆجالان بە جەستەیی ئازاد نەبێت تورکیا لەناوخۆشدا ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، بە ئازادبوونیشی چارەسەریی کێشەی کورد و گەلانی بندەستیش بەرپا دەبێت.

لە کۆتاییشدا ئەو سیاسەتمەدارە وتی: دەبێت فشار لەسەر ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندییدارەکان بکەین، چەندە کێشەی کورد زیاتر کاری لەسەر بکرێت، ئەوا ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان زووتر بەرجەستە دەبێت، دەبێت بتوانین دیموکراتییەت لە تورکیا بەرەوپیش ببەین، بە دڵنیاییشەوە کورد دەگات بە ئامانجەکانی، چونکە خاوەن فکر و فەلسەفەیەکی ڕۆشنبیریی و ڕاستیی بینییانەیە.

ب. جـ

Comments are closed.