پرسی هەڵبژاردن و هەمواری بودجە، لەنێوان تەحەدیات و ئاسۆدا

پشتیوان جەمال

هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی ھەستیاردایە، سەرەڕای پلانی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و ھەوڵەکانی عێراق بۆ لە قاڵبدانی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی ناوخۆش دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ناجێگیرە، ناکۆکی نێو ماڵی کورد و شەڕی سارد لە نێوان لایەنەکان گرفتێکی گەورەیە، دۆخی ئابوری خەڵک لە ئاستێکی زۆر خراپدایە و کۆمەڵگا دابەش بووە بەسەر دوو چینی دەوڵەمەند و هەژار و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە مەترسیدایە، لەئێستادا هەرێم لە بۆشایی یاسایی گوزر دەکات بەهۆی نەبوونی پەرلەمانەوە، حکومەتەکەی کاربەڕێکەرە و بەدووریش نابیندرێت ئەم کاربەڕێکردنەش سنورێکی بۆ دابندرێت لە دادگای فیدڕاڵی، ڕەنگە نووسینی سکاڵایەک بەس بێت بۆ دیاریکردنی سنوری کاربەڕێکەری حکومەتەکەش، ئەمە خەتەرترین بڕیار دەبێت بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی هەرێم و بچێتە تای تەرازوی پارێزگایەک لەچوارچێوەی عێراقدا.

تادێت گرێ کوێرەی نێوان بەغدا و هەرێم توندتر دەبێت، مەترسی نایاسایی لەسەر دامەزراوەکانی و لایەنی ئابوری هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، پرسی هەڵبژاردن بووەتە مۆتەکەی هەرێمی کوردستان، دواکەوتنی بڕیاردان لەم بابەتە لە داگای فیدڕاڵی چارەنووسی هەرێم دەخاتە بەرمەترسیەوە، بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی کۆمسیارانی بەغداد فریا نەکەوتیان لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەماوەی یاسایی خۆیان، چونکە لەهەرحاڵەتێکدا ئەم بڕیارە دوابکەوێت بۆ مانگى” حەوتی۲۰۲٤” کۆمسیۆنی بەغداد ماوەی یاسایی نەمێنێت ئەوکات دۆخی هەڵبژاردن دەچێتە تونێڵێکی تاریکەوە و ئەوسەری دەرگاکە لە کەس دیارنابێت، بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و دوبارە نوێکردنەوەی کۆمسیۆن خول و فێرکاریەکانی ئەو دامەزراوەیە، مەودایەکی دوور و درێژی پێویستە، چونکم لەباری ئاسایی خۆیدا کۆمسیۆن پێویستی بە شەش مانگ هەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، خۆئەگەر دامەزراوەکەی خۆی ماوەی یاسایی تەواوبێت تا خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردن لە هەرێم پێویستی بە ساڵێک دەبێت، کەوابوو هەڵبژاردنی هەرێم پێش بەسەرچوونی کۆمیسیۆنی بەغدا لەم ساڵی ۲۰۲٤نەکرێت بەدڵنیایەوە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو، لەلایەکی تر تەواوی ئومێدی لایەنە کوردیەکانی بەغدا لەسەرهەموارکردنەوەی چەند بڕگە و بابەتێکی بودجە هەڵچندراوە، بۆئەوەی پشت بەستن بە یاسای بودجە شایستەداراییەکانی هەرێم وەک خۆی و لەکاتی خۆیدا بدرێت،ڕەنگە ئەمەش جێگای دڵخۆشی و ئومێدنەبێت، چونکە لەکاتی خۆیدا ئەم داواکاری هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لەسەر خواستی کورد نەبووە، بەڵکو لەسەر ناڕەزایەتی لایەنە عەرەبیەکان بوو، کە دەسەڵاتی پارێرگارەکانی عێراقی کەمکردبۆوە لە مەسەلەی پارەدارکردنیان، ئاستەنگی هەندێ لایەنی عەرەبیش بۆهەمواری بودجەکەم نین، بەتایبەتی دوای ئەو کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێز بیانەکان لە عێراق و بەشداری نەکردنی کورد تیایدا، هەڕەشەی هەندێک لە ئەندام پەرلەمانەکانیان بۆ دەنگ نەدان بەو بابەتانەی، کە پەیوەندی دارن بەپشکی هەرێمەوە، بۆیە پەرتەوازەی و ناکۆکی نێوان لایەنەکان دوورنیە ئەو ئومێدەش لە گۆڕبنێت و گێچەڵی بەغدا بۆ ناردنی پشکی کورد وەک ئێستا بەردەوام بێت.

دەرئەنجام ئەوەی بۆ کورد گرنگ و پێویستە، بۆ دەربازکردنی قەیران و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، هیچ ڕێگا چارەسەرێکی تر نیە جگە لەڕێککەوتنی لایەنە کوردیەکان، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، ڕێککەون لەسەر وەڕەقەیەک بۆ تەواوی ئەوگرفتانەی، کە هەن و ناکۆکییان لەسەرە، ئەوکات ڕێککەوتنی لایەنە کوردیەکان دەبێتە هۆی دروستکردنی قەرارێکی سیاسی، کە دەتواندرێت ئاسانتر ئەو پرسانەی لە بەغدا هەن یەکلایی بکرێنەوە تەنانەت لە دادگای فیدڕاڵیش ئەگەر ببیندرێت لەسەر پرسێک کۆدەنگی هەیە حەتمەن ئاسانتر یەکلایی دەبێتەوە، کاتێک پرسە تەنها لایەنە کوردیەکانن، ئەمە کۆتا چارەسەرە بۆ دۆخی هەرێمی کورد و ڕێگای دووەمی نیە، جگە لە گەورەترکردنی مەترسی زیاتر لەسەر قەوارەی هەرێم و خراپترکردنی دۆخی دارایی هاوڵاتیەکانی.

ب. جـ

Comments are closed.