” کاتی ئەوەیە زیاتر لە دەوری فکر و ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ کۆببینەوە”

بڕوا ئەسعەد

لە ساڵیادی پیلانگێڕییە شوومەکەى ١٥ـی  شوبات دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئەندامی دیوانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادیی بانگەواز بۆ ژنان و گەنجانی ئازادیخواز و ڕۆشنبیران دەکات، زیاتر لە دەوری فکر و ڕێبازی رێبەر ئاپۆ کۆ ببینەوە، دەشڵێت: ڕێبەر ئاپۆ زیندانی کرد بە فێرگە بۆ ئایدۆلۆژیای ئازادیی هەر چواربەشی کوردستان.

ڕۆژى ١٥ـى شوباتى ئه‌مساڵ ٢٥ ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر پیلانگێڕیى نێوده‌وڵه‌تیى و ده‌ستگیرکردنى ڕێبەری گەلی کورد عه‌بدوڵا ئۆجالان، لە ئێستاشدا و لە ئەو ساڵڕۆژە شوومەدا، هاوکات گۆشەگیریی و ئەشکەنجەیەکى قورس لەسەر ڕێبەر ئۆجالان هەیە و  ماوەی زیاتر لە ٣٥ مانگە هیچ کەسێک لە خانەوادەکەی و پارێزەرانی زانیارییان لەبارەیەوە نییە، گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز بۆ شەرمەزارکردنى ئەو پیلانگێڕییە چەندین جۆر چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەن.

 حسێن کەرکووکی ئەندامی دیوانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و دەڵێت: فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ چارسەری کۆی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بۆیە دووژمنانی کورد، ئامانجیان بوو لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا کۆتای بە گەلی کورد بهێنن.

“دوژمنان خوێندنەوەییەکى هەڵەیان لەسەر رێبەر ئۆجالان کردبوو”

حسێن  کەرکووکی وتی: سەرەتا دروود و ڕێز بۆ ئەو هەڤاڵانەی بوون بە پارچەیەک گڕ و بازنەیەکی ئاگرین بۆ پاراستنی گیانی ڕێبەر ئاپۆ، بێگوومان ئەو پیلانگێڕیە نێودەوڵەتیە شەرمەزار دەکەین، دوژمنان ویستیان زیانێکی گەورە بە گەلی کورد بگەیەنن لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا، بۆ ئەمەش خوێندنەوەیەکی هەڵەیان کردبوو، چوونکە پێیانوابوو بە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی بەو شۆڕشە دێنن کە بەرپای کردبوو، هاوشێوەی شۆڕشەکانی پێشووتر کە لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان بە پیلانگێڕی لە ناویان بردبوو.

وتیشی: دووژمنان وایان دەزانی بە زیندانیکردنی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانن کۆتایی بەو هێلە ئایدۆلۆژییە بهێنن کە بنیادی ناوە، بەڵام بە پێچەوانەوە بینیمان ڕێبەر ئاپۆ زیندانیکرد فێرگە بۆ ئایدۆلۆژیای ئازادیی هەر چواربەشی کوردستان.

” فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بووە بە بنەمای ئازادیی”

حسێن کەرکووکی باسی لەوەش کرد، ئێستا فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بووە بە بنەمای ئازادیی سەرجەم ئازادییخوازان لە سەرانسەری دونیادا، وەکوو ئەوەی ئێستا دیارە لە تەواوی دونیادا چالاکییەکان دەستی پێکردووە وەکوو هەڵمەتێک ئازادییخوازان داواکای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان و چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکەن.

کەرکووکی پێیوایە کە تەنیا ڕێگا بۆ گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز فکر و ڕامانی ڕێبەر ئۆجالانە، بە تایبەتی بۆ ئێمەی گەلی کورد کە گۆڕانکاری جدیی لە ناوچەکدا هەیە، وەکوو رێبەر ئۆجالان ئاماژەی پێکردووە، ئیتر پرسی کورد بە دەستی کورد خۆیەتی.

لە درێژەی قسەکانیدا حسێن کەرکووکی ئەوەشی ڕوونکردەوە کە پێشتر پرسی کورد وەکوو کارتی فشار بە دەست دەوڵەتەکانەوە بوو، بەڵام ئیتر کورد خۆی چارەنووسی خۆی دیاری دەکات، پێویستەکات لەم قۆناغەدا بانگەوازی بۆ ژنان و گەنجانی ئازادیخواز و ڕۆشنبیران ئەوەیە زیاتر لە دەوری فکر و ڕێبازی رێبەر ئاپۆ کۆ ببینەوە.

“تەنیا ڕێگە چارە فکر و ڕێبازی ڕێبەر ئۆجالانە”

دەشڵێت: ئێمەش ببینە بەشێک لە ڕێپێوانەکانی ئازادیی و تەواوی ئەو چالاکیانەی لە دژی زیندانیکردنی فیزیکی و گۆشەگییریی ڕێبەر ئۆجالان ئەنجام دەدرێن لە تەواوی دونیادا، چوونکە ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان ئازادیی ئێمەی گەلی کوردە، هاوکات پێویستە پاڵپشتی چالاکی زیندانیان بکەین کە دەستیان بە مانگرتن کردووە بۆ ئازادیی فیزیکی ڕێبەر ئۆجالان.

لە بارەی پرسی چارسەری کورد لە ناوچەکەدا بە تایبەت بۆ ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کەرکووکی وتی: زیاتر لە ١٠٠ ساڵە دووژمنان پیلانگێڕی و کۆمڵکووژی و نەهامەتی بە سەر گەلی کوردا دەسەپێنن، هەتا دەگاتە کیمیاباران و ئەنفال، بۆیە جارێکی دیکە دووژمنان ویستیان لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا کۆتایی بە دۆزی ڕەوای گەلی کورد بهێنن، لەو ناوچانەی پێیان دەوترێت کێشە لەسەر، وەکوو کەرکووک و خورماتوو و خانەقین و شەنگال و مەخموور و  شوێنەکانی دیکە، تەنیا ڕێگەچارە فکر و ڕێبازی ڕێبەر ئۆجالانە، بۆیە پێوستە تیکۆشان بکەین، ڕێبەر ئۆجالان بە فیزیکی ئازاد بکەین.

هـ.ح

Comments are closed.