چیاکان بوونەتە نیشتیمانی ئەو گەنجانەى بەدوای لوتکەى سەرکەوتندا دەگەڕێن

چەمچەماڵ

هەڵکەوتەی جوگرافیایی کوردستان و تەلان و نشێوی ناوچەکە، لە هەر چوار وەرزەکەی ساڵ گونجاون بۆ ئەنجامدانی وەرزشی شاخڕەویی، گوڵ و گوڵزار، بەفر و باران، گەڵاڕێزانی درەختەکان، تینی هەتاوی گەرمیان، ئاوێزانی هەستەکانی مرۆڤ دەبن و جۆشێک دەدەن بە گەنج و پیرانی نیشتیمان، گرووپێکی شاخەوانی لە چەمچەماڵەوە ملی ڕێگا دەگرن و ڕوودەکەنە شاخی سەخت و بەستەڵەکاویی قەڵاسارم.

شاخەوانی سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە، وەک وەرزشێک دیاریی کراوە، بە شێوەی تاک یاخوود گرووپ گەشتە شاخەوانییەکان ئەنجام دەدرێت، لە هەرێمی کوردستانیش چەندین گرووپی شاخەوانیی هەن و گرنگی بەو جۆرە وەرزشە دەدەن، شاخەوانانیش دەڵێن: شاخەوانیی جەستە و دەروونێکی تەندرووستمان پێ دەبەخشێت.

ماوەی چەند ساڵێکە لە شوێنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و لەناو گەنجان و ژنان وەرزشی شاخەوانیی تا ئاستی بە کەلتووربوون ڕۆیشتووە و هەفتانە چەند گرووپ و ڕێکخراوێی ژینگەیی و شاخەوانی گەشت بۆ لووتکەی شاخەکان و ناو سروشت ئەنجام دەدەن و شاخەوانان ئەم گەشتانە بە پێویست دەزانن بۆ هەموو کەسێک.

ئێستا شاخ و چیاکان بوونەتە نیشتیمانى ئەو کوڕو کچە گەنجانەى کە بەدوای لوتکەى سەرکەوتنەکانی خۆشی و تەندرووستیدا دەگەڕێن و دەیانەوێت ئەوان لەناو کۆمەڵگەى لە لوتەکەى خۆشی و تەندرووستیدا بمێننەوە و ببنە نموونەیەک بۆ ئەوانەى چێژی ئەو وەرزشەیان نەکردووە.

گرووپی شاخەوانیی شارۆچکە چەمچەماڵ، یەکەمین گرووپی فەرمییە لە شارۆچکەکە لە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ دامەزراوە.

سەرەتا ناوی گرووپەکە، (گرووپی شاخەوانی ڕۆژ) بووە، دواتر دوای دوو ساڵ ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (گرووپی شاخەوانیی چەمچەماڵ)، ئەم گرووپە سەر بە تۆڕی شاخەوانیی کوردستانە و خاوەنی مۆڵەتی فەرمییە لە حکومەتى هەرێم.

سەناریا حەسیب
سەناریا حەسیب

تەنها گرووپە لە سنووری چەمچەماڵ، کە کچان و کوڕان پێکەوە گەشتەکان ئەنجام دەدەن، کچێکی دانیشتووی چەمچەماڵ بەناوی، سەناریا حەسیب مستەفا سەرپەرشتی گرووپەکە دەکات.

 گەشتی ئەم هەفتەی گرووپی شاخەوانییەکە بۆ گوندی باراوی سنووریی فراوانی شارباژێڕە بۆ شاخی قەڵاسارم، ئەنجامدا.

گەشتەکانی (گرووپی شاخەوانیی چەمچەماڵ) بەپێی کەشوهەوا و وەرزەکان دەگۆڕێن، وەک هەر گرووپێکی تر گەشتی هەمەچەشن و جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا سەدان گەشتی سەخت و مامناوەند و ئاسانیان ئەنجامدراوە، چوونەتە لووتکەی (هەڵگورد) لە زنجیرە چیای (حەسارۆست)، کە بەرزترین چیایە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکات چەند جارێک گەشتی لووتکەی چیای پیرەمەگروون و چیا سەخت و بەرز و بڵندەکانی کوردستانیان ئەنجامدراوە.

شێخ ڕەئووف
شێخ ڕەئووف

دەستپێکی گەشتەکە، لەلایەن جێگری گرووپ، پێشەوای شێخ ڕەئووف، بە وەرزشکردن و پێدانی ڕێنامی و زانیاریی لە بارەی گەشتی شاخەوانی و پاراستنی سروشت و ژینگە و تەواوی دار و درەختەکانی ناوچەکە، وە لەنێو پاراستنی سروشت و ژینگەدا، پارێزگاری لە گیاندارانی نێو ئەو سروشتە جوانە بکەن، بە جۆرێک لە زۆرێک لە گەشتەکانماندا بەشێک لە گیاندارانی کێوی دەبینین، بۆیە ئەرکی ئێمەیە پارێزگاری لە گیانداران و سروشتەکەیان بکەین.

هەروەها وتیشی: ئامانج لە هەموو ئەو گەشتانە، برەودانی زیاترە بە وەرزشی شاخەوانیی بەتایبەتی لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ و ئاشناکردنی هاووڵاتییانە بە شاخەوانیی، ئەوە جگە لە ناساندنی شوێنە دێرینەکان و ئەشکەوت و شاخ و چیا جیاوازەکانی کوردستان، کە لە ئەنجامی گەشتەکاندا بەسەر دەکرێنەوە، زانیاری و ڕێنمایان لەسەر دەدرێت.

هەروەها، یەکێک لەو کارانەی، کە ئەم گرووپەی پێ جیادەکرێتەوە لە گرووپەکانی تر، بۆ ماوەی ساڵێک لە تەواوی گەشتەکانیدا، پەرتووک دەبەخشی بە بەشداربووانی گەشتەکان، ئەویش بەمەبەستی برەودانی زیاتری گەنجان بە خوێندنەوە و بە کولتوور کردنی خوێندنەوەی پەرتووک.

شاخەوانی ڕێگەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی لە شێوەی خۆتدا بیت و لە هەمان کاتدا جیهان ببینیت، کۆمەڵێک سوودی تەندرووستی جەستەیی و دەروونی پێشکەش دەکات، کە لە ڕوویەکی تردا فێری خۆڕاگریت دەکات بەرامبەر بە سەختییە کانی ژیان، شاخەوانی ڕاهێنان و وەرزشێکی نایابە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەک جۆری دووەمی شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ، قەڵەوی و شێرپەنجە و ڕێکخستنی لێدانی دڵ و سییەکان و کۆئەندامی سووڕی خوێن، سەرەڕای ئەوەش، سەرکەوتنی بەردەوامی شاخ دەتوانێت ماسولکەکانت پتەو بکات.

دانەر لەتیف
دانەر لەتیف

دانەر لەتیف، ماوەی سێ ساڵە وەرزشی شاخەوانی ئەنجام دەدات و لە گەشتی ئەم جارەی گرووپی شاخەوانی چەمچەماڵدا، ئەرکی ڕێبەری کردنی گرووپەکەی لە ئەستۆ گرتووە، بۆ لووتکەی شاخی قەڵاسارم، لەبارەی گرنگی وەرزشی شاخەوانی، دەڵێت: لە ڕووی دەروونییەوە سوودێکی بەرچاوی هەیە بۆ دەروونی مرۆڤ، چونکە کاتێک سەردانی ناوچە شاخاوییەکان دەکەیت هەست بە ئارامییەکی دەروونی باش دەکەیت، لە ڕووی تەندرووستیشەوە سوودێکی تەندرووستی زۆری هەیە، لە وانە بە سوودە بۆ سووتاندنی چەوری زیادەی لەش و زیاد بوونی لیاقەی وەرزشی بە سوودە.

لە هەرێمی کوردستاندا چەندین گرووپی شاخەوانی هەن، کە هەفتانە چەندین چالاکی جۆراوجۆر بۆ گەنجان و ژنان ڕێک دەخەن و سەدان کەس هەفتانە بە مەبەستی وەرزش و بەسەربردنی کاتێکی خۆش بە شاخ و گردەکانی کوردستاندا سەردەکەون، شەوان کەمپینی مانەوە دەکەن لەناو سرووشتە جوان دڵڕفێنەکانی کوردستاندا، ئەمەش وای کردووە شاخەوانیی تا ئاستێکی باش ببێتە کەلتوور لەناو خەڵکیدا.

هـ.ح

Comments are closed.