بارانبارینی مانگی شوبات زەوییەکانی دیالە ڕزگار دەکات

ناوەندى هەواڵەکان

لەگەڵ زۆری بارانبارینی بەخوڕ ئاستی بەنداوەکانی تورکیا لە سەرەتای وەرزی زستانەوە گەیشتە ئەوپەڕی ئاستی خۆی، ڕژێمی تورکیا هێشتا لە هەوڵی ملکەچکردنی عێراقدایە بە بڕینی ئاوەکەی و پێنەدانی پشکی دادپەروەرانەی خۆی لە ئاو.

هەرچەندە عێراق کارتی زۆری هەیە بۆ وەڵامدانەوە و فشارخستنە سەر دەوڵەتی تورک، بەڵام حکومەت سەرەڕای داواکارییەکان بێدەسەڵات وەستاوە و وشکەساڵی لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە قۆناغێکى مەترسیدار، تا ئەو کاتەی بارانبارینی مانگی شوباتی ئێستا، هات بۆ ڕزگارکردنی بەشێک لە زەوییەکان، بەپێی ئەوەی یەکێتی ناوخۆیی کۆمەڵە کشتوکاڵییەکان ڕایگەیاندووە، کە بارانبارینی مانگی شوبات ٣٥ هەزار دۆنمی پارێزگای دیالەی لە وشکەساڵی ڕزگار کردووە.

جێگای سەرنجە، کە دەوڵەتى تورک لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆی لە دژی عێراق پەرەپێداوە و پشکی ئاوی بۆ لە ٧٠% کەمکردووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ڕۆژانە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بە ئامانجی خەڵکی مەدەنیی و گوندەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی سلێمانی و دهۆک ئەنجامدەدات.

سەرۆکی یەکێتی ناوخۆیی کۆمەڵە کشتوکاڵییەکان لە دیالە، ڕەعد موغامیس، ڕایگەیاندووە، بارانبارینی مانگی شوبات لە ١٩ شارۆچکەى کشتوکاڵی دیالە بە ڕێژەیەکی باش بووە، ئەمەش هۆکار بووە بۆ ڕزگاربوونی ٣٥ هەزار دۆنمی کشتوکاڵی و دەستەبەرکردنی ئاودێری جووتیاران کە چاوەڕێی بوون بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستاش کشتوکاڵی دێمەکاری مۆدێلێکی پەسەندکراوە لە چوار پارێزگای کشتوکاڵی دیالە، بەتایبەتی لەناو جەرگەی شارۆچکەى عوزێم، بۆ ئاودێریکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی بەتایبەتی گەنم و جۆ.

موغامیس ڕوونیکردەوە، هەرچەندە باران بارین زۆرتر بێت، وەرزەکە سەرکەوتووتر دەبێت لە بەرهەمهێناندا و دەستەبەرکردنی ئاودێری دووەم بە واتای ڕزگاربوونی بەرهەمەکە دێت لە لەناوچوون.

کشتوکاڵی دێمەکاری بۆچەندین ساڵە لە زۆر ناوچەی دیالەدا بەربڵاو بووە و بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئاوی باران دەبەستێت بۆ ئاودێریکردنی بەروبوومەکان.

جێگای سەرنجە زۆربەی شارەکانی تورکیا تووشی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوێکی وێرانکەر بوون، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هاوڵاتیی و وێرانکردنی موڵک و ماڵیان، بەهۆی بەردەوامی باران بارین بۆ ماوەیەکی زۆر، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوون لە بەڵگەی ڤیدیۆی لەسەر ئەم بابەتە.

کەرتی ئابووری بە یەکێک لە گرنگترین فشارەکان دادەنرێت، کە دەکرێت دژ بە دەوڵەتى تورک بەکاربهێنرێت، بەو پێیەی ڕاگەیاندنی فەرمی تورکیا ڕایگەیاندووە، کە هەناردەی مانگی ئاب ٢١ ملیار و ٦١٥ ملیۆن دۆلار بووە، عێراقیش بە بەراورد بە تورکیا پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە یەک ملیار و ٩١ ملیۆن دۆلارە، ئەم ژمارەیەش تەنها بۆ یەک مانگە.

عێراق هەمیشە لە پێشەنگی لیستی هاوردەکارانی تورکیایە، هاوردەکردنی هەموو بەرهەم و سەوزەواتەکانی عێراق بە میوەی “لالەنگی”شەوە، کە عێراق ساڵی ڕابردوو بە بەهای ملیۆنان دۆلار لە تورکیاوە هاوردەی کرد.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە پارێزگاری دیالە ماڵی بەرهەمی لیمۆیە و جاران بەڕێژەیەکی زۆر ئەم شارە بەرهە‌مهێنەری لیمۆ بووە، بەڵام قەیرانی وشکەساڵی زەوییەکانی گۆڕیوە.

جێگای سەرنجە کە “ڕۆژ نیوز” پێشتر بە پشتبەستن بە لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمان ئاشکرای کردبوو، کە دانوستانکاری تورکیا هێشتا کۆنترۆڵی دانوستانەکانی عێراقی کردووە، سەبارەت بە قەیرانی ئاو، بەبێ ئەوەی لایەنی عێراقی ئەو کارتە فشارانە چالاک بکات، کە خاوەنیەتی.

سەرەڕای ئەوەی بەهۆی وشکەساڵی و سیاسەتی بڕینی ئاو لە عێراق لەلایەن تورکیاوە بووە، پارێزگاری ئەنبار بێبەشە لە پلانی کشتوکاڵی بۆ ئەم وەرزە کشتوکاڵییەی ئێستا، دوای ئەوەی شایەتحاڵی وشکبوونەوەی زۆربەی تاڤگەکانی بەتایبەتی حەبانیە و ئانا بوو، کە لەلایەن ڕووباری فوراتەوە ئاو دەدرێن، کە لە سوریاوە دێت، کە تووشی توندترین شەپۆلی وشکبوونەوە بووە لە جیهاندا، پێش تورکیا.

ب.جـ

Comments are closed.