لە ئەنجامی هەوڵدانی بەردەوام ژنانی هەڵەبجە هەمیشە پێشەنگی کۆمەڵگەکەیان بوون

 هەرێم قادر

لە ئەنجامی تێکۆشان و هەوڵی بەردەوام ژنانی ناوچەی هەورامان و هەڵەبجە جێدەستیان لە سەرجەم کایەکاندا دیارە و پێشەنگی کۆمەڵگەکەیان بوون، بۆیە لەم سەردەمەشدا داوا دەکرێت ئەو کەلتوورە پارێزگاری لێبکرێت و بگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەش.

بە درێژایی مێژووی کوردستان زۆر ژنی پێشەنگ و لێهاتوو لە سەرجەم بوارە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکاندا دەرکەوتوون، ناوچەی هەورامان و هەڵەبجەش بە کانگای ئەو کەلتوورە و زێدی ئەو ژنە کوردە پێشەنگانە دەبینرێت، کە بە هەوڵە بەردەوام و تێکۆشانەکانیان توانیویانە بەربەستەکان تێپەڕێنن و جێدەست و کاریگەرییان لە سەرجەم کایەکاندا دەربخەن.

لەو بارەیەوە شارا عەبدولکەریم بەرپرسی لقی یەکێتی ژنانی کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت، لە ڕابردوو تا ئێستا ژنان لە ھەڵەبجە و ھەورامان پێگەیەکی گرنگ و بەهێزی خۆیان هەیە، ساڵی ١٩٠٩ قائیمقامی ژن لە ھەڵەبجەدا بوونی ھەبووە، ئەوەش بۆ ئەو پاشخانە ڕۆشنبیرییە خەڵکی سنوورەکە دەگەڕێتەوە لە ڕابردودا ھەیان بووە، بڕوایان بە توانا و ڕۆڵی ژن ھەبووە، کەمتر جیاکاریی لەنێوان ژن و پیاو کراوە لە ناوچەکەدا.

شارا عەبدولکەریم

وتیشی، ئەو پێکھاتە کەلتوورییە لە ناوچەی ھەوراماندا ھەیە، وای کردووە ژنان گوێیان لێ بگیرێت، ئێستاش ناوچەکە بە تەواوی جیاوازە، ژن خاوەنی بڕیاری خۆیەتی، لە دەرەوەش لە سەرجەم سێکتەرکانی کۆمەڵگە ژنان ڕۆڵی بەرچاویان ھەیە.

شارا باسی لەوەش کرد، ژنان لە سنوورەکەماندا کارا و بەتوانان، لە جومگە گرنگ و باڵاکانی کۆمەڵگەدا، ھەروەھا پۆستی ئیداری و حکومیان ھەیە، ئیداری و بەڕێوەبردنی ژن وای کردووە، جگە لە باگراوندە ڕۆشنبیرییەکە، خەڵک بڕوای تەواوی ھەبێت ژنانیش توانای ئیدارەدان و بەڕێوەبردنیان هەیە.

ژنێکی دیکەی ناوچەی ھەورامانە باسی لەوەکرد، لە ھەورامان ژنان ڕۆڵی زۆر گرنگ و بەرچاویان ھەیە، ئەوەش بۆ بەرزی لایەنی ڕۆشنبیری خەڵکی ناوچەکە دەگەڕێتەوە، خەڵکی سنوورەکە ڕێگەیان بە ژنان داوە لە ھەموو کایەکانی

سەبیحە ڕەزا

سیاسی و ڕێکخراوەی کار بکەن، ئەوە جگە لەوەی لە زۆربەی پۆستە حکومیەکاندا ژنان دەستی باڵایان ھەیە و جێگە دەستیان دیارە.

سەبیحە پەیامیشی بۆ ژنان ئەوە بوو، کە بوێرانە بێنە مەیدان و وتی: توانای ژنان ھیچی کەمتر نییە لە پیاوان، بگرە لە زۆر بواردا توانا و ڕۆڵی ژنان لە پیاوان باشترە، لەبەرئەوە داوایان لێ دەکەم سڵ نەکەنەوە لەو قسانەی بەرامبەریان دەکرێت زیاتر بێنە ناو کایەکەوە جێگە دەستی خۆیان بسەپێنن.

سۆما ھانەدنی ژنە چالاکوانێکی دیکەیە دەربارەی هەمان پرس وتی: بە درێژای مێژوو ژنان لە ھەورامان و سنوورەکەدا ڕۆڵی کاریگەرییان ھەبووە، چی لە بواری سیاسیی یاخود پەروەردەی بێت، بەردەوام خەبات و کاریان کردووە.

سۆما ھانەدنی

وتیشی، زۆرجار بەھۆی قسەی کۆمەڵگەوە ژنان ناتوانن لە ھەندێک بواردا کار بکەن، بەشێکی بەرچاوی ژنان لە چەندین بواردا سەرکەوتون، بەڵام ھێزەکانیان شاراوەتەوە بەھۆی ڕێگری کەسوکارەکانیان یان ژینگەی دەوروبەر کاریگەری لەسەریان ھەیە.

سۆما داواکار بوو، ئەو ژنانەی توانایان ھەیە لەھەر بوارێکدا بێت، کەسوکار و خەڵکی ناوچەکە باببنە پاڵپشت بۆیان تا تواناکانیان دەرکەوێت، ئەم پاڵپشتیە نەوە بە نەوە بمێنێتەوە وەک کەلتووری لێ بکرێت،  بۆ ئەوەی بزانرێت مێژووی ژنان چۆن بووە لە ناوچەکەدا، چۆن پاڵپشتی پیاوان دەکرێت لە کارەکانیاندا، گرنگە بەو جۆرەش پاڵپشتی ژنان بکرێت.

سەرباری ئەوەی لە هەڵەبجە زۆربەی بەرپرسیارێتییەکانی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیاریی کردن لەلایەن ژنانەوە گیراوەتە دەست، وەک قائیمقام و سەرۆکی زانکۆ و نووسینگەی مافی مروڤ و بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان و بەڕێوبەرایەتی گشتی گەشت و گوزار و چەندیین پۆستی دیکە، بەڵام تا ئێستا نەتواندراوە شوێنێکی حوکمی بۆ پاراستنی ئەو ژنانە دابین بکرێت، کە ڕووبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن خێزانەکانیان.

ش. ئـ

Comments are closed.