کتێبخانەی هەژار موکریانی بووەتە شوێنی کۆبوونەوە ئەدەبیی و هونەرییەکان

 هەڵەبجە

وەک زۆربەری فەیلەسووف و ئەدییبان باسی دەکەن، کتێب خۆراکی مێشکە، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا مرۆڤ پڕ زانیاریی دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا کتێبخانەکان بوون بە شوێنی کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبیی و هونەرییەکان، لە ناوەندی شارى هەڵەبجەش کتێبخانەیەک بە ناوی هەژار موکریانی هەیە، بەڕای خوێنەران و سەردانیکەرانی ئەم کتێبخانەیە وەک باخی میری جارانی ناوچەکە وایە، هەمیشە نووسەر و شاعیران کۆدەکاتەوە و دەیان چالاکیی هونەریی و ڕۆشنبیریی تێدا ئەنجام دەدەرێت.

کتێبخانەی هەژار موکریانی، یەکێکە لە ناوەندە ڕۆشنبیریی و ئەدەبییەکانی هەڵەبجە، کە ١٩ ساڵە بەردەوام خزمەتی بوارەکە دەکات، هەزاران ناونیشانی کتێب و بە تایبەت بەشێک لە پەرتووکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەخۆ دەگرێت، بە هەریەک لە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی.

لەبارەی کتێبخانەکەوە، ئارام شەمێرانی، یەکێک لە سەردانیکەرانی بە ڕۆژنیوزی وت، كتێبخانەکە بەناوی شاعێرێكی دیاری كوردستانەوەیە، وەك ناوەندێكی ڕۆشنبیریی و باخی میری جارانی هەڵەبجە وایە بۆ شارەكە، زۆرێك لە نووسەران و ئەدیبان و ڕۆشنبیران لە كتێبخانەكەدا كۆدەبینەوە گفتووگۆی ڕۆژانەی تێدا دەكەین.

ئارام شەمێرانی

ئەم کتێبخانەیە، وێرای ئەوەی چەندین گرووپی خوێنەری تێدایە و پێکەوە کتێب دەخوێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بووە بە شوێنی پرۆڤەکردنی میوزیک ژەنان، هەروەها کۆڕ و سیمینار بۆ ڕاگەیاندکاران و ئەو کەسانەی جێ پەنجەیان لە ئەدەب و فەرهەنگی کوردییدا دیارە چالاکى تێیدا ئەنجام دەدەن.

باسی لەوەش كرد، كتێبخانەکە جیاوازی ناكات لە نێوان دەنگ و ڕەنگ و لایەن و پێگە و كەسایەتییەكاندا، پێویستە هاوكارییان بكرێت بە دابینكردنی بینایەك بۆیان و تا شوێنێکی باشتریان هەبێت بۆ كۆڕ و چالاكییەكانی، بۆ ئەوەی لە كرێچێتی ڕزگاریان بێت.

هەروەها، عەتا رەئوف، خاوەنی كتێبحانەی هەژار موكریانی بە ڕۆژنیوزى وت، كتێبخانەی هەژار موكریانی لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە، سەرەتا تەنها كتێبمان تێدا دەفرۆشت، دواتر دەستمانكرد بە فراوانكردنی ڕووبەرەکەی، هۆڵێكی سەردەمیانەمان تێدا درووست كرد كردمانە بەشی چالاكی ڕۆشنبیریی و هونەریی.

عەتا رەئوف

ئەم کتێبخانەیە، چاپكردنی كتێبیش یەكێكی دیكەیە لە کارەکانی، تا ئێستا خاوەنی ١٦٧ چاپكراوی تایبەت بە خۆیەتی.

عەتا ڕەئوف باسی لەوەش كرد، كۆمەڵێك كار و چالاكیی ڕۆشنبیرییمان ئەنجامداوە، لەوانە كردنەوەی كۆڕی خوێنەرانی كتێب، بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ بەردەوامی هەبوو، گرووپی كچانی باخی میریشمان دامەزراند، لە كۆمەڵێك كوڕ و كچی گەنج پێكهاتبوون، چەندین كار و چالاكیی هونەرییان لە هەڵەبجە ئەنجامدا، ئێستاش بەردەوام كۆڕ و چالاكیی بەڕێوە دەبەین لە ناساندنی كتێب و كۆڕی هونەریی، ئەم کتێبخانەیە بووەتە ناوەندێكی یەکبینی نووسەران و خوێنەرانی ناوچەکە.

ب. جـ

Comments are closed.