ھەموو ئازارێک لە بەشی سەرەوەی سک پەیوەندی بە نەخۆشی گەدەوە ھەیە؟

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر حەبیب مەحمود دەڵێت، یەکێک لە ھەڵە باوەکان ئەوەیە، کە ھەموو ئازار و ناڕەحەتیەکی بەشی سەرەوەی سک بە گەدەوە ببەستینەوە، دەشڵێت، لە بەشی خوارەوەی سنگ و بەشی سەرەوەی سک کۆمەڵێک ئەندام ھەیە بە تێکچونیان ئەکرێت ھەمان ئازار دروست بکەن لە بەشی سەرەوەی سک.

دکتۆر حەبیب مەحمود، پسپۆڕى نەشتەرگەرى کۆ ئەندامى هەرس و جگەر و گرێ شێرپەنجەییەکان لە نوسینێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ھەموو ئازارێک لە بەشی سەرەوەی سک پەیوەندی بە نەخۆشی گەدەوە ھەیە و دەقى نوسینەکەى بەمجۆرەیە:-

یەکێک لە ھەڵە باوەکان ئەوەیە، کە ھەموو ئازار و ناڕەحەتیەکی بەشی سەرەوەی سک بە گەدەوە ببەستینەوە .

لە بەشی خوارەوەی سنگ و بەشی سەرەوەی سک کۆمەڵێک ئەندام ھەیە بە تێکچونیان ئەکرێت ھەمان ئازار دروست بکەن لە بەشی سەرەوەی سک.

ڕاستە نەخۆشیەکانی گەدە بۆنمونە ھەوکردن و برین و گرێی گەدە لە ھۆکارە سەرەکیەکانی ئازاری بەشی سەرەوەی سک دائەنرێت، بەڵام زۆر نەخۆشی تر ھەیە لەناوسک یان دەرەوەی سک، کە ئەکرێت لە شوێنی ئازاری گەدە دەرکەوێت، ھەر بۆیە پێویستە لەکاتی ھەبوونی ئازاری  بەشی سەرەوەی سک پشکنینی پێویست بکرێت بۆ ھەر ئەگەرێکی دیکە، کە پەیوەندی بە کێشەی نەخۆشەکەوە ھەبێت. بۆ نمونە:-

یەکەم-  بەردی زراو – لەوانەیە ھەوکردنی زراو یان گیرانی بۆری زراو و ھەوکردنی بۆری زراوی لەگەڵ بێت.

دووەم-  نەخۆشیەکانی پەنکریاس – ھەوکردنی کورتخایەن یان درێژخایەنی پەنکریاس، گرێ و کیسی پەنکریاس.

سێیەم– ھەوکردن و برینی دوانزەگرێ.

چوارەم-  نەخۆشیکانی جگەر– ئەکرێت ھەوکردنی ڤایرۆسی جگەر بێت یان ژەھراوی بوون بێت بە خواردن، یان بۆنمونە کیس و گرێی جگەر بێت.

پێنجەم– سەرەتای دەرکەوتنی ڕێخۆڵە کوێرە.

شەشەم- ھەوکردنی بەشی سەرەوەی ڕیخۆڵە باریکە و ڕیخۆڵە ئەستورە.

حەوتەم– گرێی بەشی سەرەوەی ڕیخۆڵەکان.

هەشتەم– فتقی گەدە -فتقی ناوپەنچک.

نۆیەم– فتقی دیواری سک.

دەیەم- ئازاری سنگ و دڵ– ھەندێ نەخۆشی سنگ و دڵ ئازاری بەشی سەرەوەی سک دروست ئەکات بۆ نمونە ھەندێک جەڵدەی دڵ، کە وەک ئازاری سک دەرئەکەوێت.

بۆیە زۆر گرنگە لە کاتی ھەبوونی ئازاری بەشی سەرەوەی سک یەکەم ھەنگاو ھۆکاری ئازارەکە دیاری بکرێت و چارەسەری نەخۆشیەکە بکرێت نەک بە ھەڵە ھەموو ئازارێک وەک نەخۆشی گەدە چارەسەر بکرێت .

ئ.م

Comments are closed.