“پاشەکشەی کایەی ڕۆشنبیریی  ژینگە بۆ فکریی تووندڕەوی دەڕەخسێنێت”

سەلمان عوسمان

لە ساڵانی ڕابردوو، شارۆچکەی کەلار زۆرتریین چالاکی ڕۆشنبیریی تێدا ئەنجامدەدرا، بەڵام ئێستا بواری ڕۆشنبیریی  و ئەدەبیی پاشەکشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، ڕۆشنبیرانیش دەڵێن، دەسەڵات ژینگەیەکی درووست کردووە ئەو چالاکیانە ئەنجام نەدرێت، چونکە ئەگەر تاک ڕۆشنبیر بوو، ئازاد دەبێت و داوای ڕزگاریی دەکات دەسەڵاتیش لەمە دەترسێت، لە بەرانبەریشدا هاوکاری فکری توندڕەوی دەکرێت و ژن بە ئامانج دەگیرێت.

لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە شێوەیەکی بەرچاو چالاکی ڕۆشنبیریی  ئەنجامدەدرا لە لایەن ڕۆشنبیرانەوە،  ئەوەش خزمەتێکی زۆری شارۆچکەکەی کردووە لە ڕووی فکرییەوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو چالاکیانە کەمتر بوونەتەوە یاخود هەرنەماون، ڕۆشنبیرانیش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە دەسەڵات هاوکاری کایەی ڕۆشنبیریی ناکات، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی فکری تووندڕەوی لە ناوچەکەدا.

پەروێز هوما
پەروێز هوما

لەوبارەیەوە پەروێز هوما، شاعیر و ڕۆشنبیر بە ڕۆژنیوزی وت، لە ساڵی ٢٠٠٤ بە دواوە ڕەوتێک لە گەنجان درووستبوو چالاکی ڕۆشنبیرییان ئەنجامدەدا، ئەم بەرەو پێشچوونەش ڕوئیای خەڵکی کردەوە و تاک ئەزموونی پێشتری خۆی ڕەتدەکردەوە و ڕەخنەی لە خۆی دەگرت، بەڵام بەداخەوە لە ساڵی ٢٠١٤ بە دواوە پرۆسەکە پاشەکشەی کرد، لە بەرانبەریشدا کۆمەڵێ ڕێکخراوی توندڕە و ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە و پاڵپشتیش دەکرێن.

وتیشی، دەسەڵات  لایەنی ڕۆشنبیریی پەراوێز خستووە و تا ئەو ئاستە پشتگیرییان دەکات، کە لە دژی نەبن، تەنها گرنگی بە لایەنی ئابووریی و سەربازیی دەدات، دەبینین لەو دوو لایەنەش شکستی هێناوە، ئابوورییەکەی داڕماوە و سەربازییەکەش دەبینین کوردستان بووەتە شوێن تەراتێنی درۆنی وڵاتان، لە لایەکی دیکەوە ڕۆشنبیر خۆشی سستە، پێی وایە ڕۆڵی ئەو تەنها  تیۆرییە نەک کرداریی.

نیگار ڕەشید
نیگار ڕەشید

هەروەها، نیگار ڕەشید، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و ڕۆشنبیر لە شارۆچکەی کەلار بە ڕۆژنیوزی وت، دەسەڵات نایەوێت کایەی ڕۆشنبیریی بەرەو پێشەوە بچێت، چونکە مرۆڤی ڕۆشنبیر بە ئاگایە، کە بە ئاگاش بوو ئازادییخواز دەبێت و ڕزگاریی ئەوێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات، بەڵام مرۆڤی سەربەخۆ لێرە خوازراو نییە و لەم سیستەمە جێی نابێتەوە، ئەمەش بەرنامەی وڵاتانی دەوروبەرە.

وتیشی، ئێمە لە بۆشاییەکی گەورەی ڕۆشنبیریداین، ئەم بۆشاییەش لە لایەن ئیسلامی سیاسیی، کە لە وڵاتانی دەورووبەرەوە هاتووە پڕکراوەتەوە، لە ڕێگەی هەندێک ڕێکخراوەوە ژنیان بە ئامانج گرتووە، ئیسلامیی سیاسیی ژن بە کاردێنێت و زیهنیەتی داگیر دەکات، کە زیهنیەتی ژنیش داگیر کرا زیهنییەتی کۆمەڵگاش داگیر دەکرێت، ئەگەر بتەوێت ئازادیی لە ژن بسێنیتەوە ئازادیی لە کۆمەڵگە دەسێنیتەوە.

ب. جـ

Comments are closed.