ڕێبەر ئۆجالان: ئاستی پێشکەتوویی زمان ئاستی پێشکەوتوویی ژیانە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە، ڕێبەر ئۆجالان لەمبارەیەوە دەڵێت: “ئاستی پێشکەتوویی زمان ئاستی پێشکەوتوویی ژیانە، واتا هەر کۆمەڵگەیەک زمانی بەدەست هێنابێت و گوزارشت لە خۆی بکات ئەوا بووە بە خاوەنی بیانووە بەهێزەکەی ژیان، کۆمەڵگە چەندە زمانی دایک پەرە پێ بدات، بەو ڕادەیەش ئاستی ژیانی پێشخستووە.”

ڕێکخراوی کلتووریی نه‌‌ته‌‌وه‌‌ یه‌‌کگرتووه‌‌کان ‘یونسکۆ‌‌‌‌‌ ڕۆژی ٢١ـی شوباتی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ‘زگماکی‌ ده‌‌ستنیشان کردووە‌‌، بە گوێرەی پۆلێنێکی پێگەی ویکیمیدیای جیهانیی، زمانی کوردیی لە زیندوێتیی و دەوڵەمەندیی وشە و دەستەواژەدا، پلەی هەشتەمی لە نێو ١٦٢ زمانی زیندووی جیهاندا بەدەستهێناوە.

لە کاتێکدا، تەنها لە سەد ساڵی ڕابردوودا کورد و زمانەکەی لە هەرچوار پارچەی کوردستان قۆناغی خوێناوی بە خۆیوە بینیوە و دووچاری قەدەغە و هەوڵی توانەوە و جینۆساید هاتووە، هاوکات هەمیشە چەکوشی زمانی دەوڵەتە سەردەستەکانی لەسەر بووە و بە زمانێکی کەم و دواکەوتوو پێناسە کراوە.

ڕێبەر ئۆجالان لە پارێزنامەکانیدا لە پەرتووکی پێنجەم بە ناوی (دۆزی کورد و ڕێگاچارەی نەتەوەی دیموکرات)، پێناسەی زمان دەکات و گرنگییەکەی هەڵدەسەنگێنێت.

ڕێبەر ئۆجالان وەها پێناسەی زمان دەکات: زمان بە شێوەیەکی توندوتۆڵ گرێدراوی چەمکی کەلتوورە، لە ڕیشەدا توخمێکی سەرەکی بواری کەلتوورە، بە واتا بەرتەسکەکەی دەشێت زمان بە خەسڵەتی کەلتووریش پێناسە بکرێت، خودی زمان میراتی کۆمەڵایەتیی زیهنییەت، ئەخلاق، جوانیی هەست و هزرە، کە کۆمەڵگەیەک بەدەستی هێناوە؛ زمان بوونی زیهنیی و ناسنامەییە، کە واتا و هەست درکیان پێکردووە و بە گوزارشت و دەربڕین گەیشتووە، چونکە ئاستی پێشکەتوویی زمان ئاستی پێشکەوتوویی ژیانە، واتا هەر کۆمەڵگەیەک زمانی بەدەست هێنابێت و گوزارشت لە خۆی بکات ئەوا بووە بە خاوەنی بیانووە بەهێزەکەی ژیان، کۆمەڵگە چەندە زمانی دایک پەرە پێ بدات، بەو ڕادەیەش ئاستی ژیانی پێشخستووە.”

هەروەها دەڵێت: “کۆمەڵگەیەک چەندە دووچاری لەدەستدانی زمان هاتبێت و کەوتبێتە ژێر هەژموونگەرایی زمانی دیکەوە، بەو ڕادەیە داگیرکراوە و تووشی توانەوە و جینۆساید هاتووە، ئاشکرایە ئەو کۆمەڵگەیانەی لەو دۆخەدا دەژین، لە بوارەکانی زیهنیی و ئەخلاق و جوانییەوە ژیانێکی واتاداریان نابێت، تا ئەوکاتەی دەتوێنەوە و لەناو دەچن، وەک کۆمەڵگەیەکی نەخۆش مەحکومی ژیانێکی تراژیدییانە دەبن، هەروەها بەها دامەزراوەییەکانی ئەو کۆمەڵگەیانە دووچاری لەدەستدانی واتا و جوانیی و ئەخلاق هاتوون، تەنها وەک کەرەستەیەکی خاوی بەهای داگیرکەران و سەردەستەکانیان بەکاردەهێنرێن و ناتوانن لەم دۆخە ڕابکەن.

هەروەها لەبارەی دۆخی کورد و قەدەغە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم زمانی کوردیی و جینۆساید و هەوڵی قڕکردنی سەر ڕاسەریان، دەڵێت: کاتێک زمان لە دۆخێکی هاوشێوەی دۆخی کورداندا بێت و کۆمەڵگەیەک لەو ڕەوشەدا بژی، مسۆگەر دووچاری هەژارییەکی لە ڕادەبەدەر و دۆخی پارچە پارچەیی دێت، لەم سۆنگەیەوە لە بواری واتا و ئەخلاق و جوانییەوە، لە ژیانێکی قێزەون و خیانەتکارانە  ڕزگاری نابێت.

ب.گ

Comments are closed.