ناوەندی هەواڵەكان
دوێنێ وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی داگیركەری تورك لەگەڵ سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ئەنقەرە كۆبوونەوە، بەڵام هیچ ڕوونكردنەوەیەك لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەوە بڵاو نەكراوەتەوە، چاودێرێكی سیاسی دەڵێت: سەردانەكە بەمەبەستی پێدانی هۆشدارییە بە توركیا بۆ سنووردار كردنی پێشێلكارییەكانی سەر خاكی عێراق.
چاودێرانی ئەمنی و سیاسی لە بارەی سەردانی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ ئەنقەرە و كۆبوونەوەی لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

عەدنان كینانی شارەزای بواری ئەمنی ڕایگەیاند: كاتی سەردانی فالح فەیاز، بەرپرسی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ توركیا نادرووستە، چونكە ئەم سەردانە لە كاتێكدایە دەوڵەتی تورك بەردەوامە لە بۆردوومان و هێرشەكانی بۆسەر هەرێم و عێراق.
ئاماژەی بەوەش كرد، عێراق لە چەندین بواردا پەیوەندیی لەگەڵ توركیا تێكچووە، ئەم سەردانەش چەندیین نیشانەی پرسیار هەڵدەگرێت، گرنگترینیان ئەوەیە كە توركیا بە پێداویستی خۆراك و هاوكاری جۆراوجۆر پاڵپشتی ئیسرائیل دەكات، واتە پشتگیری لۆجستیكی تەواو بۆ ئەو قەوارەی زایۆنی دابیین دەكات، ئەم بابەتەش لەگەڵ بنەماكانی وەستانەوەمان لەگەڵ دۆزی فەلەستین ناتەبایە.
ڕوونیكردەوە، سەردانەكەی فالح فەیاز دووفاقییە، ئەگەر بۆ دانووستان بێت لەگەڵ توركیا، دەبێت شاندێكی فەرمی حكومەتی لەگەڵدا هەبێت، هەروەها دەبێت حكومەتی عێراق سكاڵای فەرمی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دژی توركیا بكات، چونكە دەوڵەتی تورك چەندیین جار سەروەری عێراقی پێشێلكردووە.
ئەو چاودێرە دەشڵێت، ماوەی شەش ساڵە توركیا دەستدرێژی دەكاتە سەر سنوورەكان، ئاو، وشكانی و ئاسمانی عێراق، جگە لەوەی كاردەكات بۆ ئەوەی عێراق ببێتە شوێنی چەتەكانی داعش، لە وڵاتانی جیهانەوە پێشوازییان لێدەكات و پاشان ڕەوانەی سووریا و عێراقی دەكات.

غازی فەیسەڵ شرۆڤەكاری سیاسیی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، زانیارییە سەرەتاییەكان ئاماژە بەوە دەكەن سەردانەكەی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ توركیا، بەمەبەستی پێدانی هۆشدارییە بە توركیا بۆ سنووردار كردنی پێشێلكارییەكانی سەر خاكی عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، سەردانەكەی فالح فەیاز بۆ توركیا دەتوانێت خاڵ لەسەر پیتەكان دابنێن و لەگەڵ حكومەتی توركیا ڕێكبكەون بۆ كۆتاییهێنان بە پێشێلكارییەكانی سەر خاكی عێراق، چونكە ئەگەر ڕێككەوتنێكی هاوبەش نەكرێت، قەبارەی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو وڵات پەرە دەسێنێت و بابەتەكە لە پێشوو خراپتر دەبێت.
جەختیشی لەوە كردەوە، وەزیری دەرەوەی توركیا چەند ڕۆژێك لەمەوبەر وتی، عێراق دەبێت پابەند بێت بە دەركردنی پارتی كرێكارانی كوردستان، وەك ئامادەكارییەك بۆ تەواوكردنی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی كە عێراق و توركیا بەیەكەوە دەبەستێتەوە، ئەم لێدوانەش بە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر عێراق دادەنرێت.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە لەم دواییانەدا بە سەرۆكایەتی شاندێك كە پێكهاتبوون لە قاسم ئەعەرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، سابت عەباسی، وەزیری بەرگری و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی سەردانی ئەنقەرەی كرد، لەوێ لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوە توركیا ڕێگاكانی پەرەپێدان و پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە تاوتوێ كرد.
ئەم سەردانانە لە كاتێكدایە كە دەوڵەتی داگیركەری تورك بەردەوامە لە بۆردوومانكردنی خاكی عێراق و بە ئامانجگرتنی گوندەكان و خەڵكی مەدەنی، بەڵام تا ئێستا ئەم بابەتە لەسەر مێزی دانووستانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە باس نەكراوە و هیچ سنوورێكی بۆ دانەنراوە.
هـ.ئ
Comments are closed.