زمانی کوردی زامێکی کوردییە

نیگار نادر

زمانی کوردی مەزنترین شۆڕشگێرە، لە زۆربەی سیاسیەکانی کارامەترو لە بازرگان و رۆشەنبیرە ساختەکان شکۆمەندترە، هەرچەندە زۆر زامدارە بەڵام زۆر زیرەکە، زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین، بە درێژایی مێژووی کورد، هەرگیز هێندەی ئەو سەردەمە زمانی کوردی بە خراپی  بەکارنەهێندراوە و وەک ئامرازێکی کوشندە کەسایەتی مرۆڤی پێ تیرۆر نەکراوە، بەداخەوە ئێستا ئەو زمانە پڕ بووە لە دەستەواژەی تۆمەتبارکردن، لەکەدارکردن و خەوشدار کردن، ڕوونتر بێژم، لە سۆشیالمێدیای کوردی دا، تا ئاستێکی سەرسوڕ‌‌‌‌‌هێنەر ناوزڕاندنی پێ ئەنجامداروە، هەر لە ناوزڕاندنی سیاسیی ڕا تا ناوزڕاندنی کۆمەڵایەتیی و  ئایینی و ڕۆشەنبیری و تاکە کەسی.

زمانی کوردی بە بەردەوامی هەم دوژمنەکانی زەبری لێدەدەن و هەم خاوەنەکانیشی زیان، ئەو زمانە لە زمانی شۆڕشگێڕیەوە بووەتە زمانی شەوتاندن و خەوشاندن، تیکتۆچی و لایڤچیەکان زۆر بە نەشیاوی هەم جوانیەکانی زمانی کوردی دەشێوێین، هەم ناوبانگی هاوڵاتیانی پێ دەخەوشێنن و بە زمانێکی زۆر بێزەوەر هێرشی پێدەکەن .

لەگەڵ ئەوەی ئەو زمانە زمانێکی بێ خزمەت و سەرکوتکراوە، بەڵام هەر زمانێکی نەبەزە، بە درێژایی مێژوو بە سەدان مرۆڤی شکۆداری، لەسەر بووەتە قوربانی و ئەنفالکراوە و بە سێدارەدا کراوە، بە دەیان ڕوناکبیری لەسەر پەرتەوازە کراوە، بەڵام بەداخەوە ئەو زمانە، زمانێکە تا ئێستاش وەرنەگێڕدراوەتە ناو ئەدەب و سیاسەت و زانست لەو جیهانە دا و زمانێکی تەواو لە شارستانیەت بەجێماوە.

لێرەدا کاتی ئەوەیە بپرسین بۆ تا ئێستا ووڵات زانکۆ نا، بەڵکو تاکە ئەکادیمیایەکی تێدا نیە بۆ فێربوونی زمانی دایک لەهەمان کاتیشدا بۆ چەندین زانکۆی ئەمەریکی و فەرەنسی لە کێبڕکێی دامەزراندن دان؟ سەرباری ئەوانەش بڕیاری دادگاکان و  نووسراوی فەرمیەکان لە دهۆک بە کرمانجی دەنووسرێن و لە هەولێر و سلێمانی بە سۆرانی، هەندێک لە ڕوناکبیرەکانی ئەنستیتۆ بۆ پاراستنی دادەمەزرێنن و هەندێک لە بەرژەوەندی بیرەکانی دەچن هەڵیدەوەشێننەوە! هەموو ئەو ئاماژانە پێمان دەڵین، گەورەترین ئەرکی نیشتمانی و بناغەی نەتەوەسازی لە هەرێمی کوردستاندا، دامەزراندنی وەزارەتێکە بەناوی وەزارەتی پاراستنی زمانی دایک، وە لەناویشیدا هەر دەستەی زمانپاکی نا، بەڵکو دەرکردنی یاسای زمانپاکییە، بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی سیاسیی و سەقامگییریی و فەراهەمکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی کەسی بە مەبەستی پێکەوە ژیانی فرە زمانی و فرە ئایینی سەلامەتتر بۆ  هاووڵاتییانی کوردستان.

ئ.م

Comments are closed.