لە نیپاڵ بە چەند پانێلێک باس لە پارادیگمای ڕێبەر ئۆجالان کرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە ڕۆژانی ڕابردوودا فۆرمی کۆمەڵایەتی جیهانی لە پایتەختی نیپاڵ بەڕێوەچوو، لە فۆرمەکەدا بە چەند پانێلێک باس لە ڕەهەندە جیاجیاکانی پاڕادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا، هەروەها پشتیوانی بۆ هەڵمەتی “ئازادیی بۆ ئۆجالان” نیشاندرا.

لە نێوان ڕۆژانی ١٥بۆ ١٩ لە شاری کاتماندۆی پایتەختی نیپاڵ بە بەشداری زیاتر لە هەزار ڕێکخراو، سەندیکا، بزوتنەوە، زانکۆ و ئاکادیمیا ئەلتەرناتیڤەکان، ناوەند، گرووپ و کەسایەتی لە زیاتر لە ٩٨ وڵاتی جیهانەوە، فۆرمی کۆمەڵایەتی جیهانیی بەڕێوەچوو.

ڕۆژی یەکەم بە وتاری کردنەوە و ڕێپێوانێک دەستی پێکرد، لە وتارەکاندا باس لە قەیرانی گلۆبال کرا و لە دژی نەژادپەرستی، سێکسیزم (ڕەگەزگەرێتی) و سەرمایەداریی درووشم وترایەوە، هەر ڕێکخراو، بزوتنەوە و گرووپێک درووشمی و پانکارتی تایبەتی خۆی هەڵگرتبوو، درووشمی هاوبەشیش هەروەک لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا “جیهانێکی تر مومکینە” بوو.

بەشداری ژنان و گەنجان لە ڕێپێوان و ڕۆژانی فۆرمەکەدا زۆری سەرنجڕاکیش بوون.

لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی ” ئازادیی بۆ ئۆجالان ” لە لایەن تۆڕی کوردستان و چالاکوانانەوە بەرز کرایەوە و داوای ئازادیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان کرا.

لە ڕۆژی ١٦و ١٧ و ١٨ـی شووبات لە هەرێمی بارکووتی مانداب لە ناوەندی شاری کاتماندوو، ڕۆژانە ٣٠٠ پانێلی جیاواز لە سەر بابەتی پەیوەست بە ئابووریی، ژینگە، ئاسایشیی خواردن، مافی کرێکارانی، پرسی ژن، ناکۆکی و شەڕ و توندوتیژیی، ئاسایش، دەستپێشخەرییە هەرێمییەکان و گەڕان بە دوای چارەسەری پرسەکاندا و زۆر بابەتی ساز کرا.

ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، ئاکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتی، کۆنگرەی ستار و ناوەندی دیبلۆماسی مەدەنی لە فۆرمی کۆمەڵایەتیی کرد بە ئەنجامدانی چوار پانێل و پێنجەمیشیان لەگەڵ دۆستانیی گەلی کورد دا بەشداریان کرد.

لە ڕۆژی یەکەمدا پانێلێک لەسەر دیموکراسیی ڕادیکاڵ و ئۆتۆنۆمی، پراکتیکی ئێستا و ئاسۆکانی ئایندە ” بە بەشداری ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، ئاکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتی، تۆڕی جیهانی بۆ ئەلتەرناتیڤ، کۆنگرەی ستار، ڕێد وێب، زانکۆی جیهانیی بەڕێوەچوو.

پانێلەکە لە دوو بەش پێکهاتبوو، کە لەسەر لایەنی تیۆریی و پراکتیکەکانی ئێستای دیموکراسی ڕادیکاڵ بوو، لە پانێلەکەدا باس لە پرەنسیپەکانی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی، کە دیموکراسی ڕادیکال و ڕاستەوخۆ، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنە کراو تیشک خرایە سەر ژنۆلۆژی وەک زانستی مۆدێرنیتەی دیموکراتی و پێویستی پێشەنگی و ڕێکخستنی خۆسەری ژن لە پێشخستنی دیموکراسی ڕادیکاڵدا، لەو بەشەدا ئاماژە بە ئەزمونەکانی کوردستان بەتایبەتی ڕۆژئاوا، چیاپاس و بزوتنەوەکانی ئەدیڤاسی لە هندستان کرا، لە دانیشتنی دووەمدا باس چۆنێتی پێشخستن و بەهێزکردنی دیموکراسی ڕادیکاڵ کرا.

لە ڕۆژی دووەمدا ئاکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتی پانێلێکی لەسەر مۆدێرنیتەی دیموکراتی و مۆدێلی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی پێشكەش کرد، لە پانێلەکەدا باس لە دیموکراسی ڕادیکاڵ، ئیکۆلۆژی و ئازادیی ژن کرا، باس لە دیدی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا، کە نەک تەنیا بەرخودان بەڵکو لە ئەنجامی شۆڕشێکدا کە جەوهەرەکەی ئازادی ژنە، هیوایەکی نوێی بۆ گەلانی بندەست و هەموو ئەوانەی بە دوای بنیاتنانی سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیەوەن، فەراهەم کردووە.

لە پانێلەکەدا بەشداران پرسیاریان لەسەر چەمکەکانی نەتەوە، دەوڵەت، دیموکراسی ڕادیکاڵ، چۆنێتی بەشداری کۆمەڵگە لە بونیادناندا کرد، ئەوانەی لە وڵاتانی ئاسیا و بەتایبەتی وڵاتانی باشووری ئاسیاوە بەشدار بوون، پرسیاریان لەسەر چەمکی نەتەوەی دیموکراتی وەک بەدیلێکە بە چەمکی نەتەوە و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی وەک سیستەمێکی خۆبەرێوەبەریی کۆمەڵگە دەکرد.

لە ڕۆژی سێیەمی فۆرمی کۆمەڵایەتی جیهانییدا لە پاڵ سەدان پانێلی دیکە، ئاکادیمیای ژنۆلۆژی پانێلێکی سازکرد بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوون و گفتوگۆ لە سەر پرسیارەکانی “بۆچی پێویستمان بە شۆڕشی ژنە لە سەدەی بیست و یەکەمدا؟ سەرچاوەکانمان چین و چۆن دەتوانین شۆڕش بەرپا بکەین؟”، لەپانێلەکەدا باسی پرۆسەی گەشەکردنی بواری تیۆریی و پراکتیکی بزوتنەوەی ژنی کورد کرا، کە سەرچاوەی سەرەکی زانستی ژنۆلۆژییە و ئاماژە بە ڕێبازەکانی گەیشتنە زانیاری و زانینی ڕاستەقینە کرا و گرنگی بە ڕێبازەکانی ئەلتەرناتیڤی زانست کرا، کە مەودای نێوان کۆمەڵگە و زانست نەهێلێت.

ئاماژە بەوەش کرا، ژنۆلۆژی لەسەر بنەمای ئەو وشیارییە گەشە دەکات، کە پرسی ئازادی ژن وەک جەوهەری ئازادی کۆمەڵگە ناتوانرێت بۆ “دوای شۆڕش” دوابخرێت، بەڵکو پێویستە پرسی ژن و چارەسەرکردنی لە جەوهەری هەموو خەبات و بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەدا بێت، لەسەر ئەم بنەمایە ڕێکخستنی ژنانی خۆسەر بناغەی گۆڕانکاری دیموکراسی ڕادیکاڵ بووە لە کۆمەڵگە و لە بەرەنگاربوونەوەی پیاوسالاریی، کۆلۆنیالیزم، سەرمایەداریی، هەموو جۆرەکانی ستەم و دەسەڵاتدارێتی.

لە هەمان ڕۆژدا کۆنگرا ستار و ناوەندی دیبلۆماسی مەدەنی پانێلێکیان لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا و شٶڕشی ژن لە پرۆسەی ١١ ساڵی رابردوودا باس کرد.

لەو پانێلەدا ئاماژە بە دەستکەوتەکان، هێرش و مەترسییەکان و ئەو بەهایانە کرا کە لە ئەنجامی ڕەنج، قوربانی و تێکۆشان بەدەستهاتووە.

لە پانێڵەدا باس لە مۆدێلی خۆسەری دیموکراتی و پێکەوەژیانی کولتوورەکان و فرەڕەنگیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرا کە لە جیهاندا بە ڕۆژئاوا ناسراو و بووە بە هیوا و ئیلهامێک بۆ بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی جیهان، ئێستاش ئەو مۆدێلە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە شنگال و زۆر جیگەی تر لە ژێر هێرشی دەوڵەتی تورکدایە.

هەروەها باس لە خۆرێکخستنی کۆمەڵگە کرا لە شێوەی کۆمۆن و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان، بنیاتنانی ئەکادیمیاکان و یەکینەکانی خۆپاراستنی ژنان کرا و جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە کرایەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان و شۆڕشی کوردستان بە گشتی شۆڕشێکی ڕاستەقینەی زهنیەت بەرپا بووە، ئەوەش بناغەی شۆڕش پێکدێنێت، کە ئامانجی بونیاتنانی ژیانێکی ئازاد و پەیوەندی ئازادە لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگەدا، بە فراوانی باس لە مۆدێلەکانی هاوسەرۆکایەتی و سیستەمی کۆنفیدراڵی ژن و دەستکەوتەکان لە ڕۆژئاوا کرا.

لە ڕۆژی دوایی فۆرمی کۆمەڵایەتی جیهانیدا لە مەیدانی سەرەکیدا ٥١ سەکۆی لێدوان و ئاگادارکردنەوە دانران، کە لەلایەن دامەزراوەکانی بەشدار لە فۆرمەکەدا بەسەرکردنەوەی بۆ کرا، یەکێک لەو سەکۆیانە تایبەت بوو ئاگاداکردنەوەی ڕای گشتی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کوردستان و هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان، ژمارەیەکی زۆر لە بەشدارانی فۆرمەکە سەکۆی کوردستانیان بەسەر کردەوە و پشگیری خۆیان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، نیشاندا و زانیاری لەسەر دۆخی کوردستان و هێرشەکانی وڵاتانی داگیرکاری کوردستان وەرگرت بە تایبەتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، باکوور و باشووری کوردستان.

ڕۆژی دوای فۆرمەکە لە ٢٠ شوبات کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندن کرا و باس لە هەنگاوەکانی ئایندەی فۆرمی کۆمەڵایەتی جیهانیی کرا و پلانسازییەکانی داهاتوو داڕژرا.

ب. ق

Comments are closed.