نووسەرێک: دەبێت وشە بێگانەکان لەناو زمانەکەمان دەربهێنین

هەڵەبجە

نووسەران و شارەزایانی زمان باس لەوە دەکەن، گەر زمانەکەمان قسەی پێنەکرێت و بەکارنەهێنرێت ئەوا گەورەترین مەترسی لەسەر درووست دەبێت، ئەرکی هەمووانە وەک بیپارێزین و وشە بێگانەکان لەناو زمانەکەمان دەربهێنین و گرنگی بە وشە ڕەسەنەکان بدەین.

جەمال حەبیبوڵا فەرەج ناسراو بەجەمال بێدار لەساڵی ١٩٤٧ لەشارۆچكەی تەوێڵەی هەورامان لەدایكبووە، خوێندنی لە بیارە و سلێمانی تەواو كردوە، ماوەی ٤٠ ساڵ مامۆستایی زمانەكان بوو لەناوخوێندنگاكانی ناوچەكەدا، ٢٥ ساڵیشە لەسەر زمانی هەورامی دەنوسێت و قسە دەكات.

لەو بارەیەوە، جەمال بێدار بۆ ڕۆژنیوز وتی: زمانی دایك ئەوانەی قسەی پێدەكەن، تا پێی نەنووسن و نەیخوێنن لە خوێندنگەکاندا، كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بەكاری نەهێنن، دەستاو دەستی پێنەكرێت، لەگەڵ درێژبوونەوەی ڕۆژگاردا زمانەكە لەناو دەچێت و گەورەترین مەترسی لەسەر دروستدەبێت.

باسی لەوەشکرد، وشە ڕەسەنەكانی خۆمان واز لێدەهێنین وشەی بیانیی و ئینگلیزی بەكاردەهێنین، ئەوەش بۆ پاشەڕۆژی زمانی كوردی مەترسیدارە، بۆ نموونەش لە جیاتی ئەوەی بڵێین دەستەیەك لە مامۆستایان سەردانییكردین، كردوومانە بە ستافێك، وشەی ستاف نەگونجاوە بۆ زمانەكەمان.

بێدار دەشڵێت: ئەركی حكومەت زۆر گرنگە لە ڕووی نەتەوایەتییەوە بۆ زمانی دایك، ئەوەی نەتەوەیەك لە نەتەوەیەكی دیكە جیادەكاتەوە و پێی دەناسرێتەوە زمانەكەیەتی، ئێمە بۆیە پێماندەوترێت كورد بە كوردی قسەدەكەین، ئەركی سەرەكی سەرشانی هەموو گەلێکە و هەوڵبدات ئەو زمانەی هەیەتی بیپارێزێت، چونكە بە پاراستنی زمانەكەت نەتەوەكەشت دەپارێزرێت، ئەگەر زمانەكەت تیاچوو نەتەوەكەت دەتوێتەوە نامێنێت، لە مێژوودا نموونەی زۆر نەتەوەمان هەبووە بەو جۆرە نەماون.

هەروەها، بە وتەى ئەو نووسەرە ئێستا لە جیاتی ئەوەی بگەڕێین هەر وشەیەكی بێگانە لەناو زمانەكەماندا هەیە بیكەینە دەرەوە، خۆمان بگەڕێین لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستاندا، بە دوای وشەی جێگرەوەدا بگەڕێین، ئەگەر هەر دەست نەكەوت ناچاربووین، دەبێت لە ڕێگەی كەسانی شارەزای بواری زمانەوە وشەیەكی بۆ دابنرێت بەو جۆرە زمانەكەمان لە فەوتان دەپارێزرێت، بەڵام ڕۆشنبیر و بەرپرسەكانمان پێیان خۆشە، ئەو وشە بێگانانە بەئاسانی لەسەر زمانیان بەكار دەهێنن.

ئەو باس لەوەش دەکات، وشەى بێگانە كەسی پێ ڕۆشنبیر نابێت، بەو جۆرە خزمەت بە نەتەوەكەی ناكات، دەبێت بگەڕێیت وشەكان و زمانی خۆت زیندوو بكەیتەوە پەرەی پێبدەیت، پێویستە لە میدیاكانیشدا ڕێگە نەدرێت وشەی بێگانە بەكاربهێنرێت، ئەمانە ئەركی حكومەتن ئەگەر جێبەجێیان بكات.

لە کۆتاییدا، ئەو نووسەرە داواشی لە حکومەتى ماوەبەسەرچووی هەرێم کرد و وتی: لە ناوچەی هەورامان وانەیەك سێ‌ ڕۆژ بە زاراوەی هەورامی بخوێنرێت لە ناوەندەكانی خوێندن بۆ ئەوەی زاراوەکەمان تیانەچێت، چونكە ڕەسەنە و خزمەتی زمانی كوردی کردووە.

ب. جـ

Comments are closed.