هەڤاڵ کوێستانی: داگیرکەران بۆ یەکێتی و خەباتی نەتەوەیی لەعەبدوڵا ئۆجالان دەترسان

سەلمان عوسمان

داگیرکەران هەموو ڕێگایەک دەگرنە بەر بۆ داگیر کردنى خاک و قڕکردنى گەلی کورد و نە هێشتنی ئینتیمای نیشتیمانیی و یەک بوونی نەتەوەیی کورد، نوسەرێکیش دەڵێت: داگیرکەران لە ڕێگەی دەسەڵاتی باشوورەوە ئینتیمای نیشتیمانییان لای گەلی باشوور کەمکردووەتەوە، ترسان فکری عەبدوڵا ئۆجەلان یەکێتی نەتەوەیی کورد درووستبکات بۆیە دەستگیریان کرد.

٢٥ساڵ تێپەڕی بەسەر پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئەو پیلانگێڕییەی هەریەک لە (ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا، بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە)ـی پێکەوە لەسەر مێزێک دانا و پیلانێکییان داڕشت، کە ڕێبەری ئاشتیی و ئازادیی و چارەسەریی کێشەی گەلانی ناوچەکە بڕفێنن و لە زیندانی ئیمرالیدا گۆشەگیریی بکەن.

لەوبارەیەوە هەڤاڵ کوێستانی، نووسەر و پێشمەرگەی دێرین سەبارەت بە پیلانگێڕی سەر ڕێبەر ئۆجالان و کاریگەری ئەو لەسەر ئاشتی و ئازادیی و دیموکراسی بۆ گەلی کورد بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

هەڤاڵ کوێستانی وتی: بە درێژایی مێژووی نوسراو کوردستان داگیرکراوە، لەسەردەمی ئیمپراتۆر و دەوڵەتەکانەوە،  بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی گەلی کورد کوردستان بە هی خۆی نەزانێت، یاخود ئینتیمای نیشتیمانی نەمێنێت، هەرلە ئەنجامی ئەو ئینتیما نیشتیمانییە بووە، ئەو هەموو ڕاپەڕین و بەرەنگاربوونەوەی ئەنجام داوە لە ڕابردوودا.

وتیشی: لە ئێستادا ئینتیمای نیشتیمانیی کەمبووەتەوە لە باشووری کوردستان، ئەمەش بۆ خراپی حوکمڕانی دەسەڵاتی کوردیی و سیاسەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی دەوروبەری دەگەڕێتەوە، وایانکردووە هێزە کوردییەکان بەرنامەیەکی نیشتیمانییان نەبێت و خەڵک دڵخۆش نەبێت بە حوکمڕانییەکەیان، دەیانەوێت ئەم ئەزمونە بەشێوەیە ناشرین بکەن، خەڵک خۆزگە بەدەسەڵاتی پێشووی عێراق بخوازێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، داگیرکاریی  کاریگەری لەسەر لایەنی سیاسی، ئابوریی، کەلتووریی، ئەدەب و هونەر هەیە، داگیرکاریی کەلتووریی و ئەدەبیش، بەشێکی لە ناهۆشیاری نوسەر و هونەرمەندی کورد خۆیەتی کە وەریدەگرن، بەشێکیشی بە بەرنامە ڕێژی دەوڵەتانی داگیرکەرە، بۆ ئەوەی کەلتووری کوردی سیما نەتەوەیەکەی لەدەست بدات.

لە کۆتاییشدا وتی: فکری عەبدوڵا ئۆجالان مەترسی درووستکردبوو لەسەر ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە، بۆیە لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیدا دەستگیرکرا، چونکە ترسان فکرەکەی لە هەموو کوردستان بڵاوبێتەوە و یەکێتی نەتەوەیی لە ناو کوردان درووستبکات، هەروەها دەوڵەتی تورکیا عەبدوڵا ئۆجالانی بە مەترسی دادەنا، بۆ گەشەکردنی خەباتی نەتەوەیی کورد لە تورکیا.

Comments are closed.