ڕووسیا ناوچەیەکى دیکەى لە ئۆکراین کۆنترۆڵ کرد

ناوەندی هەواڵەکان

پارێزگاری خیرسۆن بە وەکالەت ڕایگەیاند، هێزەکانی سوپای ڕووسیا لە پێشڕەوەی بەردەوامن و لەو چوارچێوەشدا ئەمڕۆ شارۆچکەی کرینکی سەر بە پارێزگای خێرسۆنیان کۆنتڕۆڵ کرد، دەشڵێت، سوپای ڕووسیا لە شارۆچکەیەکی دیکەی هەرێمی دۆنتیسکیش نزیکبووەتەوە.

ڤلادمێر سالدۆ پارێزگاری خێرسۆن بە وەکالەت لە بارەی نوێتریین چالاکیەکانی ڕووسیاوە گرتەیەکى ڤیدیۆى بڵاوکردەوە.

پارێزگاری خێرسۆن بە وەکالەت ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ هێزەکانی ڕووسیا شارۆچکەی کرینکی سەر بە پارێزگای خێرسۆنیان کۆنترۆڵ کرد.

 ئاماژەى بەوەش کرد، هێزەکانی ڕووسیا لە شارۆچکەی تێرنی سەر بە پارێزگای دۆنێتسک نزیک بونەتەوە لەسەر ڕووباری زارێتس و لە ئێستادا تەنها نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە شارۆچکەکە دوورن.

هاوکات، بەرەبەیانی ڕۆژى ١٧ـی ئەم مانگە وەزارەتى بەرگری ڕووسیا سەرکەوتنێکی گەورەی لە شاری ئەڤدیڤیکای سەر بە ڕۆژهەڵاتی دۆنتیسکی ئۆکراین ڕاگەیاند، هێزەکانی ئۆکراین لە ناوچەکە پاشەکشەیان کرد.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سوپای رووسیا لە ٢٠ـی شووباتدا توانی بە تەواوی دەست بەسەر تاقیگە کیمیاییەکانی شاری ئەڤدیڤکا بگرێت، کە پێشتر هێزەکانی ئۆکراین لەو ناوچەیە بەتەواوی کشانەوە.

لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٢ـەوە، هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراین دەستی پێ كردووە و نزیكەی دوو ساڵە جەنگ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامە و بەشێكی زۆری خاكی ئۆكراین، لەلایەن سوپای ڕووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە.

ئ.م

Comments are closed.