ناوەندی هەواڵەکان
یەکێتی ئەورووپا لە ڕێگەی کۆمەڵێک بڕیاری دیکەوە بازنەى سزا و گەمارۆکانی سەر ڕووسیای فراوان کرد و ئەمجارە کۆمپانیاکانی دەوڵەتی تورک و چینیش خراونەتە لیستی ڕەشەوە.
ئەمڕۆ یەکێتی ئەورووپا لەبارەی توندکردنەوەی سزاکانی سەر دەوڵەتی ڕووسیا، بڕیاری نوێی دا و ئەو کۆمپانیایانەی جیهان دەگرێتەوە، کە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و پارچەی سەربازیی بۆ ڕووسیا دابین دەکەن، بەتایبەت پارچەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
کۆمپانیاکانی تورکیا، کۆریای باکوور و چین لەگەڵ ٢٠٠ کەسایەتی و قەوارەی دیکەی جیهاندا، کە زۆربەیان سەربە ڕووسیان خراونەتە لیستی ڕەشەوە و ئێستا بە گشتی دوو هەزار ناو لە لیستی یەکێتی ئەورووپادا تۆمار کراون.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندیی گومرکییەکانی حکومەتی چین، ئاڵوگۆڕی بازرگانی ڕووسیا و چین لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی، کە زیاتر لە ٢٤٠ ملیار دۆلار بووە و لەگەڵ تورکیاشدا نزیکی ٧٠ ملیار دۆلار بووە.
یەکێتی ئەورووپا بۆ ماوەی چەند مانگێکە لە نزیکەوە چاودێری وردی وڵاتانی، چین، ئیمارات، تورکیا، ئەمریکا، کازاخستان، ئۆزباکستان، سربیا و ئەرمینیا دەکات، تا گەیشتووە بە سەپاندنی ١٣ـیەم گوژمی سزاکان بەسەر ڕووسیادا و توندکردنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئەو دەوڵەتە، کە ماوەی دوو ساڵ جەنگی لەگەڵ وڵاتی ئۆکراین هەڵگیرساندووە.
وردەکاریی زانیارییەکان دەربارەی سزاکان پاش بڵاوکردنەوەی لە گۆڤاری فەرمی یەکێتی ئەوروپا، کە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ڕووبدات، بەردەست دەبێت.
ش. ئـ
Comments are closed.