ژمارەی قوربانییەكانی غەزە ٩٨ هەزار كەس تێدەپەڕێنێت

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی تەندرووستیی غەزە، نوێتریین ئاماری قوربانییەكانی ناوچەكەی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٢٩ هەزار و ٣١٣ هاوڵاتیی فەڵەستینی كوژراون ٦٩ هەزار و ٣٣٣ كەسیش برینداربوون.

وەزارەتی تەندرووستیی غەزە و وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژرا و بریندارەكانی جەنگی نێوانییانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا ئاماری نوێیان بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستیی غەزە هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٢٩ هەزار و ٣١٣ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٦٩ هەزار و ٣٣٣ كەس.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ١١٨ كەس لە غەزە كوژراون و ١٦٣ـی دیكەش بریندار بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ١٣٨ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، نزیكەی ٣٥٠ هەزار هاوڵاتیی نەخۆش لە غەزە بەبێ چارەسەرن.

لەلایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.

سوپای ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی شەڕی هێزەكانیان لەگەڵ حەماس لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا ٥٧٤ سەربازیان كوژراوە.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

هـ.ئـ

Comments are closed.