شارەزایانی زاراوەی هەورامی: مەترسی لەناوچوونی زمانەکەمان نییە

هەڵەبجە

لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایكدا، لە هەڵەبجە، كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەسەر زاراوە و نوسینی هەورامی بەڕێوەچوو، تێیدا شارەزایانی زاراوەکە جەختیان کردەوە، زمانەکە هیچ مەترسییەكی لەناوچوونی لەسەر نییە، چونکە لەئێستادا بووە بە زمانی ڕێزمان و نووسین.

ئەمڕۆ، لە هەڵەبجە، ڕێكخراوی یانە و سیاچەمانە، كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایكدا بە شێوەی ئۆنلاین ڕێكخست.

کۆنفرانسەکە، بە ئامانجی ڕێكخستنەوەی پیتەكانی زاراوەی هەورامی بوو، هەروەها چەندین كەسایەتی و شارەزای زاراوەی هەورامی بەشدارییان لە كۆنفرانسەكەدا كرد.

لە بارەی کۆنفرانسەکەوە، سوبحان فەیروز، سەرۆكی ڕێكخراوی یانە و سیاچەمانە و سەرپەرشتیاری كۆنفرانسەكە بۆ ڕۆژنیوز وتی، لەم ڕۆژەدا پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی كورد دەكەین، كە هاوزمانی یەكترین، چەندین نووسەر و ڕۆشنبیر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و وڵاتی میسر بەشداربوون لە كۆنفرانسەكەی ئەمڕۆماندا، ساڵانی ڕابردوو دەمانوت پێویستە زمانەكەمان لە فەوتان بپارێزین، خۆشبەختانە ئەمساڵ بووەتە باسی ئەوەی كتێب و ڕۆمانی پێدەنووسرێت.

سوبحان فەیروز
سوبحان فەیروز

هەروەها ڕاشیگەیاند، پێویستە كۆ گشتییەكی زمانی دایك هەبێت، لە تەواوی ناوچەكانی كوردستان پەرەی پێبدرێت، لە كۆنووسێكدا بگاتە ئاستی لایەنی پەیوەندییدار و یونسكۆ بۆ ئەوەی بەردەوام بەرەو پێشەوە بڕوات.

فەیروز ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی دەرئەنجامی كۆبوونەوەكەمان، زمانی هەورامی مەترسی لەسەر نییە تا بەرەو لەناوچوون بڕوات، شەن و كەوی ئەوە دەكەین پیتی دیكە بۆ ڕێزمانی زمانەكە زیاد بكەین، جاران زمانی هەورامی تەنها لە فەرهەنگ و ئەدەبدا بوو، ئێستا زمانی خوێندن و نووسینە.

ب. جـ

Comments are closed.