لە کەرکووک بە یاداشتێک داوا کرا زمانی دایک بپارێزرێت

کەرکووک

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، بۆردی پێکهاتەکانی یەنەکە لە کەرکووک، بە ئامادەبوونی نوێنەری پێکهاتەکان داوایان کرد بە پێ دەستوور، مافی سەرجەم پێکهاتەکان لە زمانی دایکدا بپارێزرێت، بە تایبەت لە تابلۆ فەرمییەکانی دام و دەزگاکاندا.

ئەمڕۆ، لە گەڕەکی شۆراو لە شاری کەرکووک، بۆردی پێکهاتەکانی یەنەکە، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسییدا، یاداشتێکیان ئاراستەی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی حکومەتی عێراق کرد.

یاداشتەکە ئاراستەی هەریەک لە (سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی دادگای فیدراڵی عێراق) کرا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، حەسیبە عەبدوڵا، یاداشتەکەی خوێندەوە و وتی: دوای ٢١ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس و هاتنە کایەی سەردەمێکی نوێ لە دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمان و پەسەندکردنی دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ عێراق، چاوەڕوانبووین نەتەوەکانی عێراق، شادببنەوە بە مافەکانیان و پەیڕەوی زمانی دایکیان بکەن، کەچی هەتا ئێستا ئەو مافە نەهاتوەتە دی، بە پێی مادەی (٤) لە دەستووری عێراقدا، دەبێت مافی هەموو نەتەوەکان فەراهەم بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا لە عێراق، کورد و تورکمان و کلد و ئاشوورییەکان، بەو مافانەیان نەگەیشتوون، دەبوو زمانی کوردی شان بە شانی زمانی عەرەبی، هەژمار بکرایە، کورد و تورکمان و کلد و ئاشوورییەکان، پەیڕەیی زمانی دایکیان بۆ بکرایە، بەڵام نە لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق، بە زمانی پێکهاتەکانی دیکە قسە دەکرێت، نە لە دادگاکان و دامودەزگاکان نووسراوەکان بە زمانەکانی دیکە دەکرێت، نە تابلۆی سەر دامودەزگاکان بە هەر چوار زمانەکان ماونەتەوە.

لە کۆتایی یاداشتەکەدا ئەوەش هاتبوو، داوا دەکەین، هڵوێستێکی جددی لە سەر ئەم پرسە بکرێت، ئەو مافەی دەستوور ئاماژەی پێکردووە، بۆ هەموو نەتەوەکانی عێراق بێ جیاوازی، فەراهەم بکرێت.

ب. جـ

Comments are closed.