لە هەولێر دیدارێکی تایبەت لەبارەى زمانی دایک بەڕێوەچوو

هەولێر

لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکدا، بە دەستپێشخەریی کەنەکە و ئەکادیمیای کوردی و بەشداربوونی زمانزانانی هەرچوار پارچەی کوردستان دیدارێکی تایبەت بە زمانی دایک بەڕێوەچوو و تێیدا جەختییان لە مەترسییەکان و پاراستنی فەرهەنگی کوردی کردەوە.

ئەمڕۆ لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، لە ئەکادیمیای کوردی لە شاری هەولێر، بە دەستپێشخەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە و بە هاوبەشی ئەکادیمیای کوردی، دیدارێکی تایبەت بە زمانی دایک بەڕێوەچوو.

دیدارەکە بە ناونیشانی “نزیککردنەوەی زاراوەکان و پاراستنی زمانی کوردی و بنەمای یەکبوونی نەتەوەیی” و بە بەشداری زمانزانانی هەرچوار پارچەی کوردستان، ڕۆشنبیران و نووسەران بەڕێوەچوو.

لە دیدارەکەدا، باس لە هەوڵەکانی لاوازکردنی زمانی کوردی لەلایەن دوژمنان، شووناس و زمانی کوردی تا ببێتە بنچینەی پەروەردە و فێرکردن بۆ نەوەکانى داهاتوو و فەرهەنگ و ڕێزمانی هەر چوار پارچەی کوردستان کرا.

نووح بوزکور، مامۆستای زمانی کوردی لە باکووری کوردستان، یەکێک لە بەشداربووان لە دیدارەکەدا وتی، زمانی کوردی ناسنامەی نەتەوەیی و هەبوونی گەلی کوردە، بۆیە دوژمنان هەمیشە هەوڵی شێواندنی دەدەن، سەڕەرای هەبوونی ئاستەنگییەکان و رێگرییەکان لە بەردەم زمانی کوردی لە باکووری کوردستان، زمانەکە بەردەوام لە گەشەسەندندایە.

بوزگور باسی لەوەشکرد، لەماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، لە دوای درووستبوونی کۆماری تورکیا، دەسەڵاتدارانی تورک هەمیشە، ویستوویانە زمانی کورد لە باکووری کوردستان قەدەغە بکرێت، بە جۆرێک نووسین و زمانی کوردیان قبوڵ نەکردووە، بۆیە کوردانی باکوور خەبات و تێکۆشانەکانیان بۆ پاراستنی زمانی کوردی و شووناسی نەتەوەیی بووە.

هەروەها، سەعد قازی، شارەزای زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێکی دیکە بوو لە بەشداربووانی دیداری رۆژی جیهانی زمانی کوردی و وتی: بارودۆخی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەژێر مەترسیدایە، وشە و زاراوەی فارسی تێکەڵ بە وشەی کوردی کراوە، ئەمەش کاریگەریی خراپ لەسەر زمانی دایک دەبێت.

وتیشی: یەکێکی دیکە لە مەترسییەکان ئەوەیە، زمانی کوردی نەکراوە بە بەرنامەی پەروەردە و خوێندن، بە جۆریک کاتێک زمانی کوردی کاری پێنەکرێت، دەکەوێتە ژێر مەترسی و لەناوچوونەوە، چونکە پێیان وایە زمانی کوردی مەترسی لەسەر زاراوی ئەوان هەیە، بە بیانووی ئەوەی زمانی کوردی دەبێتە هۆی لاوازی زمانی فارسی، لەکاتێکدا زمانی کوردی زیان بە هیچ زاراوە و زمانێکی دیکە ناگەیەنێت.

ب. جـ

Comments are closed.