کورد لە نێوان ئابووریی چین و ئەمریکادا

کارزان عەلی

هەمووان شاهیدی شەڕێکی ماڵوێرانکارین لە پاش ئۆکراین لە غەزە، کە باڵی کێشاوە بەسەر گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆرینەی ناکۆکییەکانیش لە خاکی عێراقدا هەوڵی یەکلابوونەوەی دەدرێت، هۆکاری سەرجەم ئەو جەنگەش ململانێی ئابوورییە.

پێشتر، وەک هەمووان دەزانین بۆ بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپاوە هێڵی ئاوریشمی چین لە ئارادابوو، کە لە ڕێگای کەنداوەوە بە عێراقدا تێپەڕ دەبوو بۆ تورکیا و لەوێشەوە پاشان بۆ ئەوروپا.

بەڵام لە کۆبوونەوەی جی-٢٠، کە لە مانگی سێپتەمبەری ساڵێ ڕابردوو لە هندستان ئەنجامدرا بە دەستپێشخەری ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئەوروپا، پڕۆژەی هێڵێکی نوێ پەسەند کرا، کە لە ئیماراتەوە دەست پێدەکات بە سعودیە و ئوردندا تێپەڕ دەبێت و لە ئیسرائیلەوە دەگاتە دەریا پاشان بۆ ئەوروپا، ئەو هێڵە نوێیە ئابوورییە ئەو جەنگەی لێکەوتەوە، کە ماڵی ملیۆنانی وێرانکرد و ئێستاش عێراق کراوەتە وڵاتی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان، چین لە ڕێگای ئێران، ڕووسیا و تورکیاوە هەوڵدەدات ئەو جەنگە ئابوورییە لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا یەکلا بکاتەوە.

بەڵام لێرەدا کورد بووەتە قوربانی ئەم جەنگە، یەک لەوانەی کوردی خستووەتە ناو نیشانەکەوە تورکیایە، کە هێڵی ئاوریشمی چینی لە عێراقەوە بە وڵاتەکەی دەگەیشت و قازانجێکی ئابووریی زۆر بۆی هەبوو، بەڵام بێ بەش بوو لەو هەلە، ئێستا تورکیا بە جەنگی ئاو و بونیاتنانی نۆکەندی بەسرە و هێڵی ئاسنینی عێراق لە بەسرەوە بۆ زاخۆ هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ کۆتاییهێنان بە خودی هەرێمی کوردستان و سەرجەم هێزە کوردییەکان، کە لە پێناو ناسنامە و پاراستنی دەستکەوتەکاندا تێدەکۆشن.

سەرجەم ئەو هەنگاوانەی حکومەتی بەغدا، کە بۆ کۆتاییهێنانی دەستکەوتی هەرێمی کوردستانە بە فشاری تورکیا بەڕێوەدەچێت، هیچ بە دووری مەبینن لە ماوەی ساڵێکی داهاتوودا ئەگەر دادگای فیدراڵی کۆتایی بە هەرێمی کوردستان هێنا، بەڵام نابێت بیرمان بچێت سەرجەم ئەم هەنگاوانە بە ئاگاداری و بەشداری دەسەڵاتدارانی خودی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و خۆیان بەشێکن لێی.

لە ئێستادا مەرجی هاوبەشی ئابووریی تورکیا لەگەڵ عێراق، زەبردانە لە کورد و هاوبەشییکردنە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی و ڕێگا پێدانی هێرش و پەلامار و دروستکردنی سەربازگەیە، پاش سەردانی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ عێراق و هەرێم چاوەڕوان دەکرێت تورکیا بە هاوبەشی هەندێک هێزی عێراقی و کوردی دەست بە پەلکێشی و ئۆپەراسێۆنی نوێ بکات لە بەهاری ئەمساڵدا، کە ئەوەش، جگە لە زیان بۆ کورد هیچ قازانجێکی نییە و هەرێمیش دەهێنێتە لێواری مەرگ، بە هەر هاوکارییەکی تورکیا لەلایەن هەر لایەنێکەوە هەڵکەندنی گۆڕە بۆ خودی خۆی و ستاتۆی هەرێمی کوردستان.

تورکیا سەرقاڵی جیهانی بە جەنگی ئابوورییەوە قۆستووەتەوە بۆ جەنگی توانەوە و لەناوبردنی کورد و کۆتاییپێهێنانی دەستکەوتەکانی، گرنگە کورد لەم هاوکێشەیەدا وەک ڕابردوو لە سەردەمی شەڕی داعشدا هەڵەی سیاسیی ستراتیژی نەکات و بە خواستی وڵاتان هەڵسوکەوت نەکات وەک چۆن ڕیفراندۆمێکی شکستخواردووی ئەنجامدا بە کەلەڕەقی لە ٥١% ـی خاکی کوردستانی کردە قوربانی.

وەک پێشینان دەڵێن، سوار تا نەگلێ نابێ بەسوار، بەڵام سیاسییە کوردەکان سەرەڕای گلانی چەندین جارە ئەمجارە نابێ بگلێن و نەتەوەیەک و نیشتیمانێک بکەنە قوربانی، چونکە گلانی ئەمجارە بۆ هەمیشەیی دەبێت.

ب. جـ

Comments are closed.